وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا:
عیراق و هەرێم پابەندنین بە کەمترین ستانداردەکانی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ

فۆتۆ: MLADEN ANTONOV

كەركوك ناو

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی کەمترین ستانداردەکانیان بۆ رێگریكردن لە بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە جێبەجێكردووە، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی لێپرسراوانی ئەمنی "تێوەگلاون" لەو جۆرە بازرگانییە رێپێنەدراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا نوێترین راپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ساڵی 2021 و تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە عیراق بڵاوكردەوە، تیایدا جارێكی تر عیراقی لە ئاستی دووەمدا داناوە لەبارەی بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە، ئەوەش یەكێكە لە خراپترین ئاستەكان.

لە سەرەتای راپۆرتەكەدا هاتووە "حکومەتی عیراق بە تەواوی پابەند نییە بە کەمترین ستانداردەکان بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بەڵام هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ ئەنجامدانی ئەمە. بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی کۆڤید-19 لەسەر تواناکانی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، حکومەتی عیراق هەوڵی زیاتری داوە بە بەراورد بە ماوەی راپۆرتدانی پێشوو؛ لەبەرئەوە عیراق هێشتا لە ئاستی (2)دا ماوەتەوە".

هەوڵەكانی حكومەت

بەپێی راپۆرتەكە، حكومەتی عیراق لە هەوڵەكانی بەردەوامبووە بۆ دادگاییکردنی زیاتری بازرگانان بە مرڤ، لەناویاندا کاربەدەستی تێوەگلاو؛ بەهێزکردنی توانای بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، ئەوەش لە رێگەی تەرخانکردنی دارایی و کارمەندی زیاتر؛ هەروەها زیادکردنی راهێنانەکانی هێزەکانی جێبەجێكردنی یاسا بە مەبەستی باشترکردنی زانیاری کاربەدەستان لەسەر یاساکانی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لەبارەی حكومەتی هەرێمیشەوە، جەختكراوەتەوە لەوەی "یەکەی پۆلیسی تایبەتمەندی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێکهێناوە لە هەر یەکێک لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها بەردەوامە لە رێخۆشکردن بۆ ئازادکردنی ئێزیدییە بەندکراوەکانی ژێردەستی داعش".

فەرمانگەکان چالاکانە هەوڵیان نەداوە بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو گروپە لاوازەکان

بەڵام زیاتر هاتووە "حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەندین بواردا کەمترین ستانداردەکانیان بەدینەهێناوە، کەموکوڕییەکان لە رێکارەکانی دەستنیشانکردن و رەوانەکردن، هاوکات لەگەڵ نەبونی هۆشیاری لە فەرمانگەکان لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ، رێگربون لەوەی چەندین قوربانی خزمەتگوزاری پاراستنی گونجاو وەربگرن. فەرمانگەکان چالاکانە هەوڵیان نەداوە بۆ دەستنیشانکردنی قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەناو گروپە لاوازەکان، ئەمەش بۆتە هۆی بەردەوامبوونی سزای هەندێک لە قوربانییەکان لە ئەنجامی هەندێک کردەی نایاسایی کە بازرگانەکان ناچاریان کردون ئەنجامی بدەن، وەک پێشێلکارییەکانی پەیوەست بە یاسای کۆچ یان لەشفرۆشی".

"لێپرسراوان تێوەگلاون"

لە ماوەی ساڵی 2021دا بەپێی راپۆرتەكە یەکەی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆ، 394 کەسی دەستگیرکردوە و بەندکردوە لەسەر تۆمەتی تێوەگلان لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

یەکەکە 199 کەسی لەوانە دەستگیرکردوە لە ئەنجامی 37 هەڵمەت بۆ سەر سەنتەرەکانی مەساج، کافتریا و شوێنەکانی تر کە ناسراون بە چالاکییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

لە کۆی 394 کەسەکە، کاربەدەستانی پەیوەندیدار  35 کەسیان رەوانەکردوە بۆ دادگاییکردن بەپێی یاسای ساڵی 2012ی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها 82 کەس بێتاوانیان سەلمێنراوە و 21 کەسی تر بە کەفالەت ئازادکراون؛ تا کۆتایی ماوەی راپۆرتدان، 256 کەسەکەی تر هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "حکومەت 127 بازرگانیکار بە مرۆڤی دادگاییکردوە و حوکمداوە لە 18 دۆسیە بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و حوکمەکانیان لە نێوان پێنج تا 15 ساڵ بەندکردن بووە".

لە کۆی 127 حوکمدراوەكە، 80 کەسیان لەسەر تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی، 28 کەس لەسەر کارپێکردنی زۆرەملێ، 9 کەس لەسەر هەردوو تاوانی بازرگانیکردنی سێکسی و کارپێکردنی زۆرەملێ و 10 کەس لەسەر بازرگانیکردن بە منداڵ.

هەروەها حكومەتی عیراق 504 تۆمەتباری بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیركردووە، لەو ژمارەیە 105 تۆمەتباری رەوانەی دادگا كردووە و 67 كەسیان حوكمدراون.

بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ژمارەیەکی نەزانراو دەستگیرکردنی ئەنجامداوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر دادگاییکردن یان حوکمدانەكانیان بڵاوبكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "هێشتا نیگەرانی بەرچاو هەیە لەسەر تێوەگلانی بەرپرسان لە تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؛ بەڵام حکومەت راپۆرتیداوە لەسەر حوکمدانی هەشت فەرمانبەر – لەوانە شەش ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ و دوو ئەفسەری سوپای عێراق – لەسەر بازرگانیکردنی سێکسی بە منداڵ".

 هەر یەکێک لەو فەرمانبەرانە بۆ ماوەی هەشت تا دە ساڵ بەندکراون.

"هەندێک لە رێکخراوە ناحکومییەکان راپۆرتی بەردەوام دەدەن لەسەر ئەوەی بەرپرسانی حکومەت لە پۆستی هەستیاری ئەمنی، بازرگانیکاران بە مرۆڤ دەپارێزن لە لێکۆڵینەوە و دادگایکردن"، بەپێی راپۆرتەكە.

بەرپرسانی حکومەت لە پۆستی هەستیاری ئەمنی، بازرگانیکاران بە مرۆڤ دەپارێزن لە لێکۆڵینەوە و دادگایکردن

بە پشتبەست بە رێكخراوێكی ناحكومیش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت "قوربانییەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ تۆمەتی توندوتیژیی و خراپەکاری ئاراستەی فەرمانبەران و پاسەوانەکانی پەناگە حکومییەکان دەکەن".

لەگەڵ تۆمەتباركردنی کارمەندانی کەمپەکانی ئاوارە ناوخۆییەکان لەسەر تێوەگلانیان لە خراپ بەکارهێنان (ئیستغلال)ی سێکسیی و بازرگانیکردن بە ژنان و کچان، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان هەیە بە تۆمەتباران بە ئەندامێتی داعش.

لەگەڵئەوەشدا حكومەتی عیراق بەپێی راپۆرتەكە "ژمارەیەکی زیاتر راهێنانی بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی پێشکەش کردوە بە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لەسەر یاسای بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، باشترین پەیڕەوکردن بۆ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی کەیسەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لەڕێگەی ڕێبازی سەرنج خستنە سەر قوربانی".

بەڵام لەبارەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەڵێت "هێزەکانی بەرزەفتکردنی یاسای حکومەتی هەرێمی کوردستان سیستمێکی رونی نییە بۆ راپۆرتدان لەسەر تاوانەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، هەروەها زۆر کاربەدەستی حکومەت کە بەرپرسن لە مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانیکردن بە مرۆڤ راهێنانی تایبەتمەندیان پێویستە لەسەر دەستنیشانکردن و لێکۆڵینەوە لە کەیسە شیاوەکان".

هەروەها رەخنە لە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم دەگرێت بەوەی "پاراستنی گونجاویان دابین نەکردووە بۆ قوربانیان یان شاهیدەکان، بۆ هاندانیان بۆ هاوکاریکردنی لێکۆڵینەوەکان و دادگایکردنی بازرگانان بە مرۆڤ".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێیوایە "حکومەت هەوڵەکانی زیادکردوە بۆ بەرگرتن بە بازرگانیکردن بە مرۆڤ. بەڵام ناسەقامگیری سیاسیی، لەگەڵ ناڕەزاییە جەماوەرییەکان، کورتهێنانی بودجە، کەمی ژمارەی کارمەند، داکشانی ئابوریی و قەدەغەکردن و داخستنە پەیوەستەکان بە پەتای کۆرۆنا بۆ ماوەی شەش مانگ، بونەهۆی سنوردارکردنی توانای حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگی کردنی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT