ناوەندی پێکەوەژیان لە ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال دروستدەكرێت، كە بڕیارە ببێتە ناوەندێکى روشنبیری، کۆمەڵایەتى و مینبەرێكی گشتى بۆ گەنجانی ناوچەكە، ئەوەش بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی.
ناوەندەكە لەلایەن میرزا دینایی، خاوەنی خەڵاتی ئۆرۆرا بۆ خزمهتی مرۆڤایهتی پشتگیری دارایی دەكرێت، دینایی لەپای كارە مرۆڤایەتییەكانی لە ساڵی 2019 ئەو خەڵاتەی لە یێریڤانی پایتەختی ئەرمینیا پێبەخشرا و هەر لەوكاتەشەوە بڕیاریدا بە دروستكردنی ئەو خانە.
ناوەندی پێکەوەژیان لە یەكی تشرینی دووەمی 2020ەوە دەستكراوە بە دروستكردنی و بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ بۆ خزمەتی گەنجانی ناوچەكە و رێكخراو و كۆمەڵە جیاوازەكان بكرێتەوە.
میرزا دینایی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پڕۆژەکە لە کۆتایى ئەمساڵ تەواودەبێت و بە شێوەیەکى فەرمى دەکرێتەوە... دەبێتە ناوەندێکى روشنبیریی و کۆمەڵایەتى و مێزگردێکى گشتى بۆ گەنجان، یەکێکە لەو کۆمەڵە بەرنامانەی كە لەلایەن براوەی خەڵاتى ئۆرۆراى نێودەوڵەتییەوە پشتگیرى دارایی دەكرێت".
"كردنەوەی ئەم ناوەندە لە سنوری شنگال خەونی منە، تا بتوانین هیوا بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکى شنگال و جارێکى تر ژیان ئاسایى ببێتەوە، لەپاڵئەوەشدا هانی گەنجەكانمان بدەین بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە"، دینایی وای وت.
كردنەوەی ئەم ناوەندە لە سنوری شنگال خەونی منە، تا بتوانین هیوا بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکى شنگال و جارێکى تر ژیان ئاسایى ببێتەوە
ئەو پڕۆژەیە لەسەر روبەرى 1200 مەترى چوارگۆشە دروستكراوە، سێ نهومە، چوار هوڵى تایبەت بە كۆنفرانس و وتنەوەی خول و وانەی تیایە كە تایبەتە بە راهێنانی گەنجان لە بوارە جیاوازەكان بەتایبەت پێكەوەژیان. هەروەها کتێبخانەی گشتیی و کافتریا و شانۆى رۆمانى لەناو بیناكەدا هەیە. لەگەڵ باخچەیەكی گەورە.
ڤیدیۆ: میرزا دینایی لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا لە تشرینی یەكەمی 2019
میرزا دینایی وتی "ئەمە دەبێتە دەستپێشخەرییەکى بچوک، بەڵام پێویستى بە هاوکاریى و پشتگیرى هەموو چینەکانى كۆمەڵگە هەیە، لەهەمانکاتدا دەبێتە ناوەندێکى کراوە بۆ رێکخراوەکان، کۆمەڵەکان و دەزگا حکومىی و ناحكومییەكان، دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ کاروبارى رۆشنبیرى و نیشاندانی بنەماكانی مرۆڤایەتیی و چۆنیەتى دروستکردنى روشنبیرى ئاشتى لەناو کۆمەڵگەدا".
لەبارەی ئەوەی بۆچی ناحیەی سنونێیان هەڵبژاردووە، میرزا دینایی وتی "لەبەرئەوەى هیچ ناوەند و شوێنێكی روشنبیرى گشتى لەو ناوچەیەدا نییە، ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەى 200 هەزار کەس لە سنورى ناحییەکە دەژین".
خەڵاتی ئۆرۆرا لە ساڵی 2016ەوە بە نوێنەرایەتی رزگاربووانی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە یێریڤانی پایتهختی ئهرمینیا دەبەخشرێت. میرزا تائێستا چوارەم كەسە ئەو خەڵاتە وەربگرێت.
لەكاتی وەرگرتنی خەڵاتەكەدا وتی "پارەی خەڵاتەكە دەبەخشم بە سێ رێكخراو كە لە ناوچە نائارامەكاندا خزمەت بە كەسانی هەژار و لێقەوماو دەكەن". زیاتر وتی "ئەم خەڵاتە ئەركەكەی سەختتر كردم، بهڵێندهدهم ئهوهی له توانامدابێت خزمهتی مرۆڤایهتی بكەم"، میرزا وایوت.