ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رەخنەی لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی موسڵ گرت و بە "زۆر سست" وەسفی كرد، بەڵێنیشیدا كونسوڵخانەی وڵاتەكەیی و خوێندنگە لە شارەكەدا بكەنەوە.
وتەكانی سەرۆكی فەرەنسا لە سەردانێكیدا هات بۆ شاری موسڵ.
ماكرۆن یەكشەممە 29ی ئابی 2021 سەردانی كڵێسای ساعەی لە موسڵ كرد و وتی "ئێمە لێرەین بۆ نیشاندانی گرنگی موسڵ و بەرزنرخاندنی هەموو ئەو پێكهاتانەی كۆمەڵگەی عیراقی پێكدەهێنن"، ئاماژەی بەوەشدا "پرۆسەی دوبارە ئاوەدانكردنەوەی هێواشە، زۆر هێواش و سستە" بەپێی هەواڵێكی كەناڵی فرانس 24.
"لە كڵێسای ساعەوە لە موسڵ سەرلەنوێ پابەندیمان دوپاتدەكەینەوە بۆ ئەو پەیوەندییە لەمێژینەی لەگەڵ كریستیانەكانی خۆرهەڵات كۆماندەكاتەوە، فەرەنسا كار بۆ فرەیی دەكات كە نوێنەرایەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات" ماكرۆن لە تویتێكدا دوای سەردانی كڵێسای ساعە وای وت.
ڤیدیۆ: ماكرۆن سەردانی كڵێسای ساعە لە موسڵ دەكات / راگەیاندنی سەرۆكایەتی فەرەنسا
كڵێسای ئەللاتین، كە لە نێو خەڵكی شارەكەدا لە كڵێسای ساعە ناسراوە، كڵێسایەكی كاسۆلیكییە و دەكەوێتە گەڕەكی ساعەی شاری موسڵ، بە یەكێك لە بەناوبانگترین كڵێسا و شوێنە دیارەكانی شارەكە دادەنرێت، چەكدارانی داعش لە 25ی نیسانی 2016دا تەقاندیانەوە.
سەرۆكی فەرەنسا لە سەردانەكەیدا نیازی وڵاتەكەی بۆ كردنەوەی خوێندنگە و كونسوڵخانە لە شارەكە ئاشكراكرد.
هەروەها سەردانی شوێنی بنیاتنانەوەی مزگەوتی گەورەی نوری كرد لە بەری راستی شارەكە كە یەكێكە لە مزگەوتە دیارەكانی موسڵ و داعش لەگەڵ منارەی مێژویی حەدبا لە تەمموزی 2017دا تەقاندیەوە.
ماكرۆن لە مزگەوتەكە وتی ئامادەبونی وەك سەرۆكی فەرەنسا نیشاندانی رێزە بۆ قوربانیدانی موسڵ و ئەو روداوانەی پێیدا تێپەڕی، ئەوەی وڵاتەكەیشی دەتوانێت بیكات بەر لە هەموو شتێك دانپێدانان و قبوڵكردنی هەموو پێكهاتەكانی گەلی عیراقە.
ئیمانوێل ماكرۆن شەممە 28ی ئاب بەشداری لە كۆنگرەی لوتكەی بەغدا بۆ هاوكاری و هاوبەشی كرد كە بە ئامادەبونی وڵاتانی میسر، ئوردن، ئێران، توركیا، ئیمارات، كوێت و سعودیە بەرێوەچوو.
بەر لە سەردانەكەی بۆ هەولێر و شاری موسڵ، سەرۆكی فەرەنسا بە یاوەری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئێوارەی شەممە سەردانی مەرقەدی ئیمام كازمی لە بەغدا كرد و وتی "دوێنێ لە مەرقەدی شیعە بوم.. ئێزیدییەكانیش دەبینم.. پێموایە ئەو كێشانەی عیراقییەكان روبەڕوی بونەتەوە تەنیا بە پێكەوەكاركردن چارەسەر دەكرێن".
هەمان رۆژ لە بەغدا ماكرۆن چاوی كەوت بە نادیە موراد، چالاكوانی ئێزیدی رزگاربوی دەستی داعش و براوەی نۆبڵی ئاشتی و باڵوێزی نیازپاكی نەتەوە یەكگرتوەكان.
سەرۆكی فەرەنسا دوای موسڵ گەڕایەوە بۆ هەولێر، لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێمی كوردستاندا كۆبۆوە و دواتر لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە شەوی یەكشەممە عیراقی بەرەو فەرەنسا بەجێهێشت.