تەقینەوەكەی كەمپی ئاوارەكانی قادیا "تی ئێن تی" بووە، كە بەوتەی زیاد لە سەرچاوەیەك ئەفسەرێكی باڵای هێزەكانی ئاسایشی "كردۆتەوە ئامانج" و بەهۆیەوە جگە لە برینداربونی خۆیی و كوڕێكی، دوو كوڕەزای گیانیانلەدەستداوە و لانیكەم دوو هاوڵاتی دیكەش برینداربون.
روداوەكە كاتژمێر 10:15 خولەكی شەوی رابردوو 30ی ئابی 2021 بووە لە كەمپی قادیا، لە قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆك كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئێزیدی خەڵكی شنگال و ناوچەكانی دیكەی نەینەوان.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بڕێك ماددەی "تی ئێن تی" لەژێر كەرەڤانەی ماڵی حەسەن حەیدەر، رائید لە ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە و منداڵەكانی دانراوە.
ئەو رائیدە و منداڵەكانی چوار كەرەڤانەیان هەیە و بە یەكەوە بەستراون، هیچ بۆشاییەك لە نێوان كەرەڤانەكانیاندا نییە.
شاكر خدر، شایەتحاڵی روداوەكە كە كەرەڤانەكەی 200 مەتر لە ماڵی ئەفسەرەكەوە دوورە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەپڕ گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەكی بەهێز بوو، دەستبەجێ چومە شوێنی روداوەكە و بینیم جگە لە برینداربونی چەند كەسێك، دوو منداڵیش هەر لەوێ گیانیانلەدەستدابوو".
ئەو دوو منداڵە كوڕەزای ئەفسەرەكەی ئاسایش بون.
ئەمیر عادل، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕێكی تەمەن یەك مانگ و كچێكی 12 ساڵ بەهۆی روداوەكەوە گیانیانلەدەستداوە، سێ كەسی دیكەش برینداربون و بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە هەر شەوی رابردوو رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كران".
ئاماری بریندارەكان جیاوازن؛ هەندێك سەرچاوە دەڵێن سێ كەس و هەندێكی تر دەڵێن زیاتر لە چوار كەس بون.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لە نێو بریندارەكاندا ئەفسەرەكەی ئاسایش و كوڕێكی كە هەر ئاسایشە لەگەڵ دوو هاوڵاتی دراوسێیان هەن.
لە سەروبەندی روداوەكەدا هۆكاری جیاواز بۆ تەقینەوەكە لە هەندێك میدیا و سۆشیال میدیادا بڵاوبۆتەوە و دیارترینیان گومانی بۆردومانی توركیا بوو، بەوپێیەی لە خاكی عیراق لەشەڕدایە دژی پەكەكە و لەمساڵدا زیاد لە جارێكیش بۆردومانی شەنگال و چەند ناوچەیەكی دیكەی نەینەوای كردووە.
بەڵام شایەتحاڵی روداوەكە دەڵێت دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەكان "دەركەوت وایەرێك لەژێر كەرڤانەكانی ماڵی ئەفسەرەكەوە درێژایی 70 مەتر رۆیشتووە و لە كۆتاییەكەیدا بە پاترییەكەوە بەستراوە، بۆیە وتیان تی ئێن تی بووە و لە دورەوە تەقێنراوەتەوە" بەوتەی شاكر خدر.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای دهۆك، تەنیا شەوی رابردوو لە راگەیەندراوێكی كورتدا ئاماژەی بەوەداوە لێكۆڵینەوە لە روداوەكە دەكەن، تا ئەمڕۆ هیچ زانیارییەكی دیكەیان ئاشكرانەكردووە.
كاروان زەكی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لەناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان - سەرپەرشتی هەموو كەمپەكانی ئاوارەیی دەكەن- بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا هیچ دەرەنجامێكی فەرمی نییە بەڵام بەپێی زانیاری سەرەتایی روداوەكە تەقینەوەی تی ئێن تی بووە و ماڵی ئەفسەرێك كراوەتە ئامانج".
هەروەها وتی لەو روداوەدا جگە لە گیانلەدەستدانی دوو منداڵ و برینداربونی سێ كەسی تر، چوار كەرەڤانەی ئاوارەكان بە تەواوی وێران بون.
بەپێی بەدواداچونی ئەو چوار كەرەڤانەیە ماڵی ئەفسەر و منداڵەكانی بون و چەند كەرەڤانەیەكی دراوسێیەكانیشیان زیانیان بەركەوتووە.
زەكی وتی لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان دەربارەی روداوەكە بەردەوامە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئەفسەرەكەی ئاسایش هیچ پاسەوانێكی نەبووە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە روداوەكە كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەكاتی روداوەكەدا ئەو ئەفسەرەكە لە ماڵی كوڕەكەیدا بووە، كە لەگەڵ كەرەڤانەی ماڵی خۆیدا پێكە لكێنراون و بۆشایی لە نێوانیاندا نییە، بەوهۆیەوە خۆیشی برینداربووە".
هەروەها ئاشكرایكرد كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان "گوماندەكرێت تی ئێن تی_یەكە بە دورایی 70 مەتر لە كەرەڤانەی ئەفسەرەكە و هەر لەناو كەمپەكەدا كۆنتڕۆڵكری تەقاندنەوەی كرابێت".
دەوامی ئەو ئەفسەرە لە دهۆك بووە بەڵام سنوری سەرەكی ئەركی هێزەكانی ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە كە سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە لە شنگال و ناوچەكانی تری خۆرئاوای نەینەوایە كە چەند ساڵێكە دۆسیەی ئەمنییان كەوتۆتە ژێر دەستی هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراق.
لقی 17ی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دوای روداوەكە لێپرسراوەكەی چۆتە كەمپی قادیا، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "ماڵی حەسەن حەیدەر لە ئاسایشی خۆرئاوای دیجلە كراوەتە ئامانج بە دانانی تی ئێن تی، ئەمە كارێكی تیرۆریستی بووە و پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە" بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بخەنەڕوو یان ناوی هیچ هێز و لایەنێك بهێنن.
لە هەرێمی كوردستان هێشتا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن كە سەدا 30یان لە 26 كەمپدا نیشتەجێن و زۆرینەش خەڵكی شنگال و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوان.