رێكخراوی یونیسێف لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات زیاتر لە نیوەی منداڵانی عیراق ئاوی پێویستیان دەستناكەوێت و زۆرینەی خوێندنگەكانیش خزمەتگوزارییەكانی ئاویان تێدانییە.
"نزیكەی سێ منداڵ لە هەموو پێنج منداڵێك لە عیراق ناتوانن ئاوی پاكیان دەستبكەوێت" بەپێی راپۆرتەكەی یونیسێف كە لە مانگی ئابی 2021 بڵاوكراوەتەوە.
هەروەها هاتووە "كەمتر لە نیوەی خوێندنگەكان خزمەتگوزاری سەرەكی ئاویان هەیە"، ئەوەش بەوتەی ئەو رێكخراوە تەندروستی منداڵان روبەڕوی مەترسی دەكاتەوە، هەڕەشە لە گەشە و داهاتویان دەكات.
راپۆرتەكە، كە هاوكات بوو لەگەڵ هەفتەی جیهانی بۆ ئاو، ئاماژە بە هۆكارەكانی كەمی ئاو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، لە نێویاندا عیراق و باكوری ئەفریقا، لە ئەنجامی زیادبونی خواستی كشتوكاڵی و فراوانبونی زەوی كشتوكاڵی پشتبەستوو بە ئاوی ژێر زەوی.
لەسەر ئاستی جیهانی كەرتی كشتوكاڵ سەدا 70یان ئاو بەكاردەهێنێت بەڵام وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەو رێژەیە زیاتر لە سەدا 80ـیە.
شیما سێنگوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عیراق دەڵێت "ئاستی كەمئاوی لە عیراق گەیشتۆتە مەترسی و منداڵان ناتوانن گەشە بكەن و بگەنە توانای تەواوی خۆیان بەبێ ئاو"، وتیشی "كاتی ئەوەیە هەندێك كار بكرێت دەربارەی گۆڕانكاری كەشوهەوا و گرەنتی گەیشتنی ئاو بە هەموو منداڵێك بكرێت".
"خواستی زۆر لەسەر خۆراك، گەشەی شارستانی، خراپی ئیدارەدانی ئاو، جگە لە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، هەمویان پێكەوە هەڕەشە لە منداڵان، هەژاران و خەڵكانی پەراوێزخراو دەكەن" بەوتەی لێپرسراوەكەی یونیسێف.
بەپێی راپۆرتەكە گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا تەنیا هۆكاری كەمئاوی نییە، بەڵكو هۆكاریشە بۆ كەمبونەوەی ئاوی باران بۆ كشتوكاڵ و خراپونی كوالێتی ئاوی شیرینی یەدەگ.
لە عیراق وەرزی بارانبارینی 2020-2021، وشكترین وەرز بوو لە ماوەی 40 ساڵی رابردودا و هۆكار بوو بۆ دابەزینی شەپۆلی ئاوی دیجلە بەرێژەی سەدا 29 و فورات بە رێژەی لە سەدا 73.