عادل لەژور سەری هاوسەرەكەی رادەوەستێت، بە دەنگێكی كز و لەسەرخۆ چەندجارێك بانگی دەكات: هەنا.. هەنا، بەڵام ئەو تەنیا جەستەیەكی شەكەتی بێ جوڵەیە لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانەكە و هیچ وەڵامێك ناداتەوە، بۆیە بەبێ ئومێدی ژورەكە بەجێدەهێڵێت و چیتر ناگەڕێتەوە.
بەوتەی كەسوكاری هانا و ئەوانەی ئەو رۆژە لە نەخۆشخانەكە بون، بەدرێژایی ئەو دوو هەفتەیەی هاوسەرەكەی لە ژێر چارەسەردا بوو، هیچ كاتێك عادل هێندە بێتاقەت نەبوو.
"وەك كەسێكی شێتی لێهاتبوو، دەوروبەری كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ بوو، چوە ژورەوە بە دەنگێكی زۆر غەمبار و لەسەرخۆ بانگی هەنای كرد، بەڵام هەنا جوڵە و قسە و خواردنیشی نەمابوو، بارودۆخی زۆر خراپ بوو" بەوتەی نارو بیبۆ، دایكی هەنا بۆ (كەركوك ناو).
عادل ئەو ماوەیە هەر لە نەخۆشخانە دەمایەوە، بە قاوش و حەوشە و كۆڵانەكانی نزیكی نەخۆشخانەدا هاتوچۆی دەكرد، كەمترین كات دەیویست هەنا لەو بارودۆخەدا ببینێت.
هەنا لەبەر سوتاوی رەوانەی نەخۆشخانە دەكرێت و لەوێ دەردەكەوێت بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناشەوە هێندەی دیكە ژیانی لە مەترسیدایە.
دڵنەواییمان كرد و وتمان ئارام بگرە هەنا چاك دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی
راپۆرتی پزیشك و پشكنینەكان هیچ ئومێدێك بۆ ژیانی هەنا ناهێڵنەوە، ئەوەش بە یەكجاری ورەی عادل دەڕوخێنێت.
"عادل بە تەواوی تێكچوبوو،.. زۆر ئامۆژگاریمان كرد، دڵنەواییمان كرد و وتمان ئارام بگرە چاك دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەكەی خۆی" حسێن عەلی، باوكی هەنا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
كاتژمێر 2ی دوانیوەڕۆی 30ی ئابی 2021، هەر لە نزیكی نەخۆشخانەی سوتاوی دهۆك، ئەو شوێنەی هەنا تیایدا چارەسەری سوتاوی و كۆرۆناش وەردەگرێت، عادل عەلی (22 ساڵ) "خۆی دەخنكێنێت" و كۆتایی بە ژیانی دێت.
"چەند خولەكێك پێش روداوەكە بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ كرد، عادل وتی بارودۆخی هەنا زۆر خراپە، بەدەنگییدا هەستم بەدڵتەنگی و غەمبارییەكەی كرد، پێموت خۆی دڵتەنگ نەكات و خوا شیفا دەنێرێت، دواتر پەیوەندییەكەمان داخست و زانیم هەر ئەو رۆژە خۆی خنكاندووە" شاكر عەلی، برای عادل بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.
شاكر دەڵێت ئەو رۆژە چۆتە سەردانی هەنا لە نەخۆشخانە و لەوێ پۆلیس پێیانوتووە براكەی "خۆی خنكاندووە" و بڕۆن لە پزیشكی دادوەری تەرمەكەی وەربگرنەوە.
پۆلیس دەربارەی روداوەكە لە رونكردنەوەیەكدا بە "خۆخنكاندن" ناوی دەهێنن بەڵام (كەركوك ناو) نەیتوانی بۆ زانیاری زیاتر لێدوانیان وەربگرێت.
عادل لەژێر یەكێك لە پردەكانی پەڕینەوەی نزیكی نەخۆشخانەكەی دهۆك "خۆی هەڵواسی" بوو.
"ئەو رۆژەی چوە ژورەكەی هەنا، ئەوە دوایین بینینی من و عادل بوو، چەند كاتژمێرێك دواتر وتیان خۆی كوشتووە" بەوتەی دایكی هەنا.
هەنا حسێن (17 ساڵ)، هاوسەری عادل لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەهۆی روداوێكەوە بەشێكی جەستەی سوتاوە و ماوەی دوو مانگ لە ماڵەوە چارەسەری وەرگرتووە، بەڵام تەندروستی خراپ بووە بۆیە براوەتە نەخۆشخانە و دوای پشكنین دەركەوتووە توشی كۆرۆناش بووە.
"15ی حوزەیران بوو، لەگەڵ هەنا و عادل چوینە ناو بێستانەكەی ماڵی باوكم، لەوێ كارمان دەكرد و سەرقاڵبوین، لەپڕ گوێمان لە هاواری هەنا بوو، نزیكبوینەوە و بینیمان ئاگر لە جلوبەرگەكانیەوەیە، خێرا بە ئاو كە لەو ناوەدا بوو، ئاگرەكەمان كوژاندەوە" بەوتەی براكەی عادل.
ئەو دەڵێت لەناو بێستانەكەدا هەنا گژوگیای وشكبوی كۆكردۆتەوە و ویستویەتی بیانسوتێنێت "لەبری نەوت نەیزانیووە دەبەیەكی بەنزینی لە بێستانەكەدا بردووە و كردویەتی بە گژوگیاكەدا، یەكسەر خۆیشی كە نزیكی بووە، ئاگر لە جلەكانی بەربووە".
كچەكەی منی خۆشدەویست .. زۆر دڵخۆش بون و هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ یەكتری نەبوو
شاكر وتی لەبەرئەوەی رێژەی سوتاوییەكەی زۆر نەبووە هەر لە ماڵەوە چارەسەریان بۆ كردووە، بە دەرمان و پێداویستی دیكە و چارەسەری سروشتی، "دوای دوو مانگ برینەكانی باش بون، بەڵام بارودۆخی تەندروستی بەگشتی باش نەبوو، بۆیە بردمان بۆ نەخۆشخانەی سوتاوی دهۆك و لەوێ زانیمان كۆرۆنای هەیە".
لە نەخۆشخانە دەركەوتووە رێژەی سوتاوییەكەی هەنا سەدا 30 بووە.
باخەكەی ماڵی باوكی عادل لە كۆمەڵگەی مەهەتەی قەزای شێخانە، چونكە لەدوای هێرشەكانی 2014ی داعشەوە بۆ شنگال، لە كۆمەڵگەی دووگرێی قەزاكەوە ئاوارەی ئەو ناوچەیە بون، بەڵام ماڵی هەنا و عادل لە ناحیەی باعەدرێ بوو.
باوكی هەنا وتی "لەگەڵ عادل خزم نین، هەردولا لە ئاوارەیی یەكتریمان ناسی، كچەكەی منی خۆشویست و منیش قایل بوم، زۆر دڵخۆش بون و هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ یەكتری نەبوو".
هەنا كە خەڵكی كۆمەڵگەی گۆهبەلی شنگالە و ئاوارەن، لەگەڵ عادل ساڵی 2019 بە خۆشەویستی هاوسەرگیری دەكەن و یەك منداڵیان هەیە، كە كوڕێكی تەمەن دوو ساڵە.
"هەنا بەرگری لەشی زۆر كەمببوو، رەنگە هۆی سوتاوییەكەوەبێت، هەر لە سەرەتاوە وەك پێویست خواردنی نەدەخوارد، كۆرۆنا ئەوی وێران كرد، ژیانی فەوتاند، تا كاتژمێر 4ی بەرەبەیانی 31ی ئابی 2021 لە نەخۆشخانە كۆچی دوایی كرد" دایكی هەنا وای وت.
نارو بیبۆ كە كچێكی دیكەیشی لە تەمەنی 10 ساڵیدا بەهۆی روخانی دیوارەوە مردووە و دوەمجارە جەرگسوتاو دەبێت، بە گریانەوە باسی مەرگی زاواكەشی دەكرد و دەیوت وەك كوڕی خۆی دایناوە و زۆر بۆ ئەویش گریاوە، چونكە "دەمزانی چەند هەنای خۆشدەوێت".
مەرگی هەنا و عادل كەمتر لە شەو و رۆژێكیان لە نێواندا بوو.
"دوای توشبونی بە كۆرۆنا بارودۆخی هەنا زۆر خراپ بوو، .. تا لە 31ی ئاب، دوای رۆژێك لە كۆچی عادل ئەویش گیانیانلەدەستدا" براكەی عادل وادەڵێت.
بەخاكسپاردنی تەرمی عادل پێش مەرگی هەنا دەكەوێت، ئەو (عادل) لە گۆڕستانی مێرای شنگال و هاوسەرەكەیشی گۆڕستانی مەزارگەی شەرەفەدین لە شنگال دەبێتە ئارامگەی.