وردەكاری كوژرانی چوار چەكداری داعش لە پردێ
هێزە ئەمنییەكان: لە بۆسەیەكدا تۆڵەی خۆمان كردەوە

كەركوك/ 7ی ئەیلول/ دیمەنێك لە چالاكییەكانی دژە تیرۆری عیراق لە نزیك ناحیەی پردێ كە بەهۆیەوە چوار چەكداری داعش كوژرا. فۆتۆ: دژە تیرۆر

كەركوك ناو

دژە تیرۆری عیراق كوژرانی چوار چەكداری دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە نزیك ناحیەی پردێ لە بۆسەیەكدا راگەیاند، پرۆسەكە بە هاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بەڕێوەچوو كە هاوكات مۆڵگە و شوێنی مانەوەی چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە كرایە ئامانج.

ئەو پرۆسەیە شەوی رابردوو 6ی ئەیلول، لە نێوان هەردوو گوندی كتكە و قەرغەتوو لە ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) لە باكوری پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو.

سەرچاوەیەكی ئەمنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دوای کاتژمێر 9ی شەوی رابردوو جموجوڵی تیرۆریستانی داعش لە گوندەكانی ناحیەی پردێ بەدیدەكرا و زانیاریمان هەبوو، ئەوەبوو هێزێکی دژە تیرۆری عیراق بە هاوکاری هاوپەیمانان شوێنەكانیان دەستنیشانكران و لە بۆسەیەكدا كرانە ئامانج".

"چەکدارەكانی داعش بۆ ماوەی زیاتر لە دوو کاتژمێر روبەڕوبونەتەوە و شەڕیان كردووە و چوار چەكداریان كوژران"، سەرچاوەكە وایوت.

دەزگای دژە تیرۆری عیراق، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی پرۆسەكەوە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی ئەیلول، جەختیكردەوە "لەسەر راسپاردەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لە تۆڵەی شەهیدبونی 13 پۆلیسی فیدراڵی لە ناحیەی رەشاد، دەزگاكەمان توانی لە بۆسەیەكدا و بەشێوازی تەكتیكی نوێ، تەواوی مەفرەزەیەكی داعش بكوژین".

هەروەها هاتووە "ئەو چەكدارانە لە نزیك پردێ چاودێری كراون و كەوتونەتە ناو بۆسەكەوە، لەڕێی قەناس بەدەستەكانمان و بە تەقەی راستەوخۆ كوژراون... راوی ئەوانەشمان نا كە لە بۆسەكەدا هەڵهاتون".

لەڕێی قەناس بەدەستەكانمان و بە تەقەی راستەوخۆ كوژراون... راوی ئەوانەشمان نا كە لە بۆسەكەدا هەڵهاتون

لەگەڵئاماژەدان بەوەی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە ئاسمانەوە، چاودێرییان كردون و مۆڵگە و شوێنی مانەوەی چەكدارەكانیان كردۆتە ئامانج، تەنانەت شوێنی دزەكردنیشیان.

لەبارەی ئەو چالاكییەوە، فەریق عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "ئەوە گورزێکی کوشندە بوو كە لە داعشمان وەشاند، ئەو بۆسەیە لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆری عیراق و پاڵەوانانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی کەرکوکەوە بووەهۆی كوژرانی چوار چەكداری داعش، ئەوەش لە تۆڵەی پەلامارەكان دژ بە پۆلیسی فیدراڵی".

da3sha
كەركوك/ 7ی ئەیلول/ دوو چەكداری دژە تیرۆر لە سەر تەرمی چەكدارێكی داعش لە نزیك ناحیەی پردێ. فۆتۆ: دژە تیرۆر

نزیكەی دوو مانگێكە خەڵكی گوندەكانی نزیك ناحیەی پردێ هەست بە نائارامی و جموجۆڵی چەكداریی نەناسراو دەكەن، بەپێی خەڵكی گوندەكە.

هاوڵاتییەکی نیشتەجێی گوندێكی نزیك لە پردێ، كە لەبەر دۆخی ئەمنی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "بارودۆخی ئەم گوندانە باش نییە، هەموو رۆژێك كاتژمێر پێنجی ئێوارە باخ و بێستانەكەم بەجێدەهێڵم و تا بەیانی كاتژمێر هەشت نایەمەوە... ئێرە بەڕاستی مەترسیدارە، تەپۆلكە و گردی زۆری لێیە و چەكدارانی نەناسراو دەتوانن خۆیان حەشار بدەن، من كەسم نەبینیوە، بەڵام خەڵكی تر دەڵێن هەبووە".

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 6ی ئەیلول، بەر لە خۆرئاوابون، حەوت چەكدار كە خۆیان بە "داعش" ناساندووە، چونەتە سەر ماڵێكی شوانكارەی عەرەب لە نزیك گوندی قەرەبەگ نزیك پردێ و بەپێی وتەی ئەو ماڵە كە بۆ دەزگا ئەمنییەكان قسەیانكردووە وتویانە "دەبێت ئەم ناوچەیە بەجێبهێڵن"، ئەوەش هەر بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكەی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك.

بەڵام هێشتا رون نییە، ئەو حەوت چەكدارە هیچ پەیوەندییەكیان بە كوژرانی چوار چەكدارەكەی شەوی رابردووەوە هەیە یان نا.

"لە ئێوارەوە دوو هەلیکۆپتەر بە ئاسماندا دەسوڕانەوە بەسەر ئەو دوو گوندەدا كە چەكدارەكانی لێ كوژرا، دواتر دەنگی تەقینەوەی زۆر گەورە دەهات و لە بۆردومان دەچوو"، یەكێك لە جوتیارانی ناوچەكە وایوت.

داواشیكرد ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەو ناوچەیە ئەنجام بدرێت و هێزی تر رەوانە بكرێن و جێگیربكرێن.

فەریق عەلی فرێجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک، لە راگەیەنراوەكەیدا لە كاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 7ی ئەیلول دەڵێت "لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی دوو رۆژ  ئۆپەراسیۆنی شەرەف دژی تیرۆر دەستپێدەكەین"، زیاتر دەڵێت "ئەی داعشەكان زۆر بە توندی و بەهێز وەڵامتان دەدەینەوە....".

ئەو پرۆسەیە دوای ئەوە دێت كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 5ی ئەیلول لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاریی و روداوە ئەمینیەكانی ئەمدواییەی پارێزگای كەركوك و "كەمتەرخەم"ی فەرماندە سەربازییەكانی بە هۆكاری هەندێكیان زانی.

هەروەها ئەو پرۆسەیە دوای ئەوە هات، لە هێرشی گروپێكی چەكداریدا كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "داعش" بون، 13 پۆلیسی فیدراڵی لە سنوری ناحیەی رەشاد لە باشوری خۆرئاوای پارێزگای كەركوك كوژران لە بەرەبەیانی 5ی ئەیلول.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT