ساڵێك بەسەر بەڵێنەكەی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ غەریبا تێدەپەڕێت، كاتێك لەسەر كورسییەكەی خۆی داینا و پێیوت سۆراغی باوكی بۆ دەكات.
ئەوكات وێنەكەی غەریبا لە شوێنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران بە فراوانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەستاودەستی كرد، بەڵام ئەوە هیچی لە ژیانی ئەو كچە و خێزانەكەی نەگۆڕی، بەئێستاشەوە ئەوان هەر چاوەڕێی گەڕانەوەی بێسەروشوێنەكانیانن.
"كازمی دوو بەڵێنی پێداین، یەكەم دۆزینەوە و رزگاركردنی باوكی غەریبا و رفێنراوانی دیكەی ئێزیدی، دووەم پشكنین و ناسینەوەی روفاتی قوربانیان و دوبارە بەخاكسپاردنەوەیان" لەیلا شەمۆ، دایكی غەریبا وای وت، دەشڵێت سەرۆك وەزیران دوای ساڵێك بەڵێنەكانی نەكرد بە كردار.
ڤیدیۆ: 3ی ئابی 2020، مسته‌فا كازمی، داوا له غه‌ریبا ده‌كات له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دابنیشێت
غه‌ریبا خێرۆ كە دوو مانگ دوای هێرشه‌كانی داعش هاتۆته دنیا؛ بێ باوكی و سۆراغی خوشك و برایه‌كی له‌گه‌ڵ دایكی‌دا لە 3ی ئابی 2020 په‌لكێشی به‌غدای كرد، ئەوەش بە یاوەری شاندێكی ئاواره و هاوڵاتیانی ئێزیدی كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شه‌شه‌مین ساڵیادی روداوەكانی شنگالدا.
لە گرتەی ڤیدیۆیی ئەوكاتی دیدارەكەدا، كازمی لەكاتی پێشوازی میوانەكاندا چاوی ده‌چێته سه‌ر غه‌ریبا و بانگی دەكات، دوای باوه‌ش پێداکردن و گفتوگۆیه‌كی كورت، پێشنیازی بۆ ده‌كات له جێگەكه‌ی خۆی؛ له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆك وه‌زیران دابنیشێت.
به درێژایی ماوه‌ی ئه‌و دیداره، كه نزیكه‌ی نیو كاتژمێر ده‌خایه‌نێت، غه‌ریبا له به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ژوره‌كه‌دا، شوێنی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرێت و مسته‌فا كازمی، له ده‌سته‌چه‌پی به‌رده‌وامی به گفتوگۆكان ده‌دات.
داوادەكەم كازمی بەڵێنەكەی جێبەجێبكات
غەریبا عەرەبی نازانێت و بە هاوكاری وەرگێڕێك گفتوگۆیەكی كورت لەگەڵ كازمی دەكات؛ قسەكانی دەربارەی چارەنوسی باوكیەتی و سەرۆك وەزیران لە بەرانبەردا دەڵێت باوكی بۆ دەگەڕێنێتەوە. "زۆر بیری باوكم دەكەن.. دەمەوێت زوو بگەڕێتەوە، ... بۆچی باوكم ناگەڕێتەوە؟" غەریبا دوای ساڵێك لەو دیدارەی سەرۆك وەزیران هەمان داواكاری هەیە و "داوادەكەم كازمی بەڵێنەكەی جێبەجێبكات".
غەریبا مانگێكی تر تەمەنی دەبێتە حەوت ساڵ و دەچێتە پۆلی دووەمی بنەڕەتی.
لەیلا شەمۆ وتی "ئێستاش هەر ئەو دوو داواكاریەم لە سەرۆك وەزیران هەیە؛ هاوسەر و دوو منداڵەكەم رزگاربكەن و روفاتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەربهێنرێن و بناسرێنەوە".
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 80 گۆڕی بە كۆمەڵی قوربانیانی ئێزیدی دەستی داعش دۆزراونەتەوە و تائێستا تەنیا روفاتی چەند گۆڕێكی گوندی كۆجۆی شنگال دوای ناسینەوە بەخاكسپێردراونەتەوە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی دیداری غەریبا و شاندە ئێزیدییەكەوە ئەوكات بڵاویكردەوە كازمی به‌ڵێنیداوه هه‌وڵی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ی رفێنراوانی ئێزیدی بكاته دۆسیه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی و كاری جددی بۆ بكه‌ن، لە ئابی ئەمساڵیشدا جارێكی‌تر كازمی جەختیكردەوە دۆسیەی رفێنراوان گرنگی زۆری لای ئەوان هەیە و كار بۆ رزگاركردنیان دەكەن.
(كەركوك ناو) نەیتوانی هیچ لێپرسراوێكی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران وەربگرێت.
له‌یلا شه‌مۆ، جگه له غه‌ریبا، دوو كچ و دوو كوڕی دیكه‌ی هه‌یه، به‌ڵام حەوت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كچ و كوڕێكیدا (حەیات 10 ساڵ و عوسمان 11 ساڵ) رفێنران له‌لایه‌ن داعشه‌وه و له‌وكاته‌وه بێسه‌روشوێنن.
"حكومەت كەمتەرخەمە بەرانبەر دۆسیەی رفێنراوان، .. هیچ ئایندەیەكمان لە عیراق نەماوە.. سەرباری ئەوەی قوربانی سەرەكی دەستی داعش بوین بەڵام رێزمان لێناگیرێت و بەهامان نییە" دایكی غەریبا وای وت.
حكومەت كەمتەرخەمە بەرانبەر دۆسیەی رفێنراوان
له‌یلا له‌گه‌ڵ غه‌ریبا و كچه‌كه‌ی، له ئه‌یلولی 2015دا رزگاركران، سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش كوڕێكی له دەستی داعش رزگاری بوو، له‌وكاته‌وه هه‌رچواریان له نزیك كه‌مپی خانكێی دهۆك ده‌ژین.
"لە خانویەكی كرێداین، چەند مانگێكە نەمانتوانیووە كرێ بدەین، چونكە هیچ موچەیەكمان نییە و تەنیا كاری بەرگدوریی دەكەم كە ئەوەش پارەیەكی زۆری تێدانییە" بەوتەی لەیلا شەمۆ.
ئه‌و خێزانه لە بنەڕەتدا خه‌ڵكی گوندی تل به‌ناتی قه‌زای شنگالن، بەڵام نایانەوێت بگەڕێنەوە، لانیكەم تا سۆراغێكی بێسەروشوێنەكانیان دەکەن.
داعش، لە 3ی ئابی 2014دا، هێرشیكردە سەر قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان لە خۆرئاوای موسڵ- و خەڵكەكەی روبەڕوی كوشتنی بە كۆمەڵ، رفاندن و ئاوارەبون كردەوە؛ شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفاند لە نێویاندا ژن و منداڵ، كه نزیك به نیوه‌یان هێشتا بێسه‌روشوێنن.