پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەكەمجار دوای چوار ساڵ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەڕایەوە كەركوك و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا بەشێوەی رەسمی چەند بارەگایەكیش بۆ ئەو مەبەستە بكاتەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی پارتی بۆ پەرلەمانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "چوارشەممە 8ی ئەیلول گەڕامەوە كەركوك و دەستمان بە ئامادەكارییەكان كرد بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن... لە چەند رۆژی داهاتودا بارەگا دەكەینەوە و لەوێوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین بەمەبەستی جۆشدانی جەماوەری خۆمان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق".
ئەوە یەكەم گەڕانەوەی پارتییە بۆ كەركوك، دوای ئەوەی لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا تەواوی بارەگاكانیان چۆڵكرد.
ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی رابردودا كە لە ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە كەركوك بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد و پارێزگاكەی بە "داگیركراو" وەسفكرد، مەرجی گەڕانەوەشی ئەوەبوو دۆخی پارێزگاكە ئاساییبكرێتەوە و بارەگاكانی رادەستبكرێنەوە.
شاخەوان عەبدوڵا وتی "هیچ رێگرییەک نەبووە بۆ گەڕانەوەم، بەڵام ناتوانین پێشوەختە لەسەر هەندێك بابەت قسە بکەین و نامانەوێت هەندێك زانیاری هەیە بیدرکێنین، بەڵام لە رۆژانی ئایندەدا دەیبینن بەفعلی بارەگای خۆمان دەکەینەوە".
هیچ رێگرییەک نەبووە بۆ گەڕانەوەم، بەڵام ناتوانین پێشوەختە لەسەر هەندێك بابەت قسە بکەین
لە ئێستادا كە ئەو حزبە بۆ بانگەشە گەڕاوەتەوە، دەیان بارەگای حزبیی و ئەمنیی هێشتا دەستیبەسەرداگیراوە، لەوانەش بارەگای ئهنجومهنی سهركردایهتی كەركوك - گەرمیانی حزبەكە كە كراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 8ی ئایاری ئەمساڵ، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵی ئاسمانی عیراقی، جەختیكردەوە لەوەی كە بەپێی شایستەی کۆمەڵایەتیی خۆی بۆ خزمەتکردن، پارتی دەبێت بارەگاكانی لە كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام وتی "بەبێ چەكدار"، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە لیژنەیەك كرد لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە.
بەڵام شاخەوان عەبدوڵا، ئەوكات دوای چاوپێكەوتنەكەی كازمی، بە (كەركوك ناو)ی وت "پارتی بەبێ چەك ناگەڕێتەوە كەركوك، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت مەرج بۆ پارتی دابنێت لەوەی بەبێ چەک بگەڕێتەوە...".
زیاتر وتی "ئێمە ناگەڕێینەوە كەركوك کە نەتوانین بارەگاکانی خۆمان بپارێزین، بۆیە هێزی پاراستنی بارەگامان دەبێت و دەبێت هێزمان لەگەڵ بێت، نەک هێزێک بە چەکی قورسەوە، بەڵکو بۆ پاراستنی بارەگاکانمان و پێشمەرگەش بگەڕێتەوە".
(کەرکوک ناو) زانیویەتی، پارتی کادیرانی خۆی لە کەرکوک ئاگادارکردۆتەوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن بکەن، بۆ ئەم مەبەستە رۆژانە کۆڕ و کۆبونەوە لە شوێنی جیاوازەكان رێكبخەن و لەڕێی سۆسیال میدیاوە بانگەشەی چڕ دەستپێبكەن.
پارتی لە كەركوك بە دوو كاندید لە دوو بازنەی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردن دەكات.