لە سێ روداوی هاتوچۆدا لە نێوان كەركوك و دوزخورماتوو چوار كەس گیانیانلەدەستدا، لە نێویاندا دوو پزیشك هەن، كە یەكێیكان هەردوو كچەكەشی گیانیانلەدەستدا.
ئەو سێ روداوە ئەمڕۆ هەینی 10ی ئەیلول، لە سێ شوێنی جیاوازی رێگای نێوان كەركوك – دوزخورماتوو رویداوە و بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) لە نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو، چوار كەس گیانیانلەدەستداوە و دوو كەسی تریش برینداربون.
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەكە، وتی "لە یەكێك لەو روداوانەدا لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت جۆری فۆردی ئەمریكی، پزیشكێكی نەخۆشییەكانی ژنان و دوو كچەكەی گیانیانلەدەستداوە".
وتیشی "ئەو خێزانە نیشتەجێی دوزخورماتون".
لە روداوێكی تری هاتوچۆدا لە هەمان رێگا، پزیشكێكی گەنج بەرلەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە. بەڵام سەرچاوەكە دڵنیانەبوو لە جۆری روداوەكە و ئۆتۆمبێلەكان.
پزیشكێكی گەنج بەرلەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانیلەدەستداوە
روداوی سێیەم هەر ئەمڕۆ هەینی 10ی ئەیلول، لە نێوان تراکتۆرێک و ئۆتۆمبیلێکی جۆری کۆرۆلا رویداوە، لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی بە سەختی برینداربون و لە نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو چارەسەر وەردەگرن.
رێگای كەركوك – دوزخورماتوو، كە پارێزگاكانی كەركوك و هەرێمی كوردستان بە بەغدا دەبەستێتەوە، یەكێكە لەو رێگایانەی بەردەوام بۆتە جێی ناڕەزایی شۆفێران و مانگانە چەندین روداوی هاتوچۆی لێ رودەدات، بەشێوەیەك شۆفێران بە "رێگای مەرگ" ناوی دەبەن.
حەسەن زەینلعابدین، قایمقامی قەزای دوزخورماتوو – سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین-، مانگی شوباتی ئەمساڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو رێگایانە خراپن كە دەكەوێتە سنوری قەزاكەی ئێمەوە، نە ئیدارەی كەركوك و نە سەڵاحەدین بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین رێگاكان نۆژەنبكەنەوە".
لەكاتێكدا تەواوی فەرمانگەكانی دوزخورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینن، بەڵام فەرمانگەی رێگاوبانی قەزاكە سەر بە پارێزگای كەركوكە، ئەوەش وەك قایمقامی دوزخورماتوو دەڵێت "رەنگە هۆكاربێت بۆ نۆژەننەكردنەوەی رێگاكە".
"من چەندین جار داوام لەو فەرمانگەیە كردووە رێگاكانی سنوری دوزخورماتوو نۆژەنبكاتەوە، بەڵام ئەوان تەنیا ئەو رێگایانە نۆژەندەكەنەوە كە لە سنوری ئیدارەی كەركوكن، بەڕاستی نازانم هۆكاری ئەمە چییە"، حەسەن زەینلعابدین وتی "بەداخەوە ئیدارەی سەڵاحەدینیش وەڵاممان نادەنەوە".