فەرمانبەرانی پترۆدۆلار لە كەركوك، داوای دامەزراندن و گەڕاندنەوەی مافەكانیان دەكەن، دوای ئەوەی چەند ساڵێك لەمەوبەر بە پاساوی نەمانی بودجە گرێبەستی كاركردنیان هەڵوەشێنرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی ئەیلولی 2021 لە بەردەم ئیدارەی پارێزگای كەركوك، ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی پترۆدۆلار كە گرێبەستەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە گردبونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجامدا.
مەروە محەمەد، نوێنەری فەرمانبەرانی گرێبەستی هەڵوەشاوەی پترۆدۆلار لە گردبونەوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ساڵی 2011دا حەوت هەزار فەرمانبەر بە گرێبەست و لەسەر بودجەی پترۆدۆلار لە فەرمانگە حكومییەكاندا دەستبەكاربون، بەڵام دوای چوار ساڵ و لە 2015دا بە پاساوی نەبونی بودجە ئەو فەرمانبەرانە لە كارەكانیان دورخرانەوە".
ئەو دەڵێت لە شەش ساڵی رابردودا بەشێك لەو حەوت هەزار فەرمانبەرە بوون بە وانەبێژ، یان كاری دیكەیان دۆزیوەتەوە یاخود دامەزراون و بەشێكیان بە هەمیشەیی دامەزرێنراون، بەڵام "تەنیا 670 كەس ماونەتەوە كە واسیتە و تەزكیەی حزبی و پاڵپشتییان نەبووە تا بكرێنە گرێبەستی وزاری یاخود دابمەزرێن".
بەوتەی مەروە، زۆربەی ئەوانەی بێكار ماونەتەوە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانیان كەسانی دەرچوی كۆلێژ و پەیمانگەن و روبەڕوی نادادپەوەری بونەتەوە، لەكاتێكدا خێزانیان هەیە و پێویستە بژێوییان بۆ دابینبكەن.
پترۆدۆلار بەو بڕە پارەیە دەوترێت كە دەدرێت بە پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە داهاتی نەوتەكەی، زۆرینەی كات لە نێوان لەسەدا 5 بۆ لەسەدا 10ی كۆی داهاتی نەوتی ئەو پارێزگایەیە.
ئیبراهیم محەمەد، یەكێكی دیكەیە لە بەشداربوانی گردبونەوەكە، دەڵێت لە ساڵی 2011ـوە خزمەتی كردووە لە فەرمانگەی رێگەوبانی كەركوك تا لە 2015دا دەركراوە، بۆیە داوای مافەكانی خۆی دەكات كە "لێمان زەوت كراوە".
"لە دوای ساڵی 2017 و نەمانی پارێزگاری پێشوو (نەجمەدین كەریم)، بودجەی پترۆدۆلار بۆ كەركوك خەرجكرایەوە بەڵام تەنیا ئەو فەرمانبەرانە گەڕانەوە سەركار كە واسیتەیان هەبوو" ئیبراهیم محەمەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
(كەركوك ناو) هەوڵیدا لێدوان لە لێپرسراوانی كەركوك وەربگرێت بەڵام بەردەست نەبون.
جومعە خدر، فەرمانبەری گرێبەستی پتردۆلار لە سایلۆی كەركوك، كە دوای چوار ساڵ لە خزمەت گرێبەستەكەی هەڵوەشێنراوەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "من تا شەش مانگیش بەبێ موچە دەوامم كرد دوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەم، ئێستا تەمەنم بۆتە 41 ساڵ و ناتوانم كاری دیكە بكەم و لە داهاتوشدا خانەنشینیم نابێت لەكاتێكدا بۆ ماوەیەك خزمەتمان كردووە، بەڵام لەبری رێزلێنان، دەركراین".
ئەو هاوڵاتییە كە لەگەڵ فەرمانبەرانی دیكەی پترۆدۆلار زیاد لە جارێك خۆپیشاندان و گردبونەوەیان كردووە، دەڵێت هەموو جارێك لێپرسراوانی حكومی تەنیا وەڵامیان ئەوەیە دۆسیەكەی لای بەغدایە و لە بەغداش دەڵێن مافەكانیان لە پارێزگاكانی خۆیاندایە و دەتوانن لەوێ چارەسەری كێشەكانیان بۆ بكەن.
بودجەی پترۆدۆلاری كەركوك جێگیر نییە و ساڵانە بەپێی بڕی هەناردەكراوی نەوت لە یاسای بودجەدا دادەنرێت.