زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی عیراق ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، ئەوەش رێژەی سەدا 10ی دانیشتوان پێكدەهێنێت، سەرباری "بڵاوبونەوەی گومان و زانیاری زۆری هەڵە" لەسەر ڤاكسین.
زیادبونی وەرگرانی ڤاكسینی كۆرۆنا، هاوكاتە لەگەڵ رێكارەكانی وەزارەتی تەندروستی عیراق كە چەند مانگێكە چڕبۆتەوە، لە نێویاندا هەڵمەتی هۆشیاری تا زۆرترین كەس خۆیان بكوتن، لەكاتێكدا هێشتا "گومان و زانیاری هەڵە دەربارەی كاریگەرییەكانی ڤاكسینەكە" لە نێو خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ئاڵوگۆڕ دەكرێن.
بەپێی دوایین بەیاننامەی وەزارەتی تەندروستی عیراق، تەنیا رۆژی سێشەممە 14ی ئەیلولی 2021دا، لە هەموو پارێزگاكانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە 130 هەزار و 135 كەس جۆرە جیاوازەكانی ڤاكسیۆنی كۆرۆنایان وەرگرتووە.
لەكاتێكدا تا سەرەتای مانگی ئەیلول ژمارەی وەرگرانی رۆژانەی ڤاكسین 128 هەزار كەس بون.
هەر لە ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە كۆی وەرگرانی ڤاكسین گەیشتۆتە چوار ملیۆن و 203 هەزار و 578 كەس، ئەوەش زیاترە لە سەدا 10ی دانیشتوان، كە بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان ژمارەی دانیشتوانی عیراق 40 ملیۆن و 150 هەزار كەسن.
هیوادارین وەرگرتنی ڤاكسین لەمساڵدا بگاتە سەدا 70ی دانیشتوانی عیراق
"هیوادارین لەمساڵدا رێژەی وەرگرانی ڤاكسین بگاتە سەدا 70ی كۆی دانیشتوانی عیراق" نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) وای وت. داواشی لە هاوڵاتیان كرد بچنە بنكەكانی پێدانی ڤاكسین و خۆیان بكوتن.
لە پارێزگای كەركوك تائێستا زیاتر لە 181 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.
"هاوڵاتیان گوێیان لەو ڤیدیۆیانە دەگرت یان ئەو نوسینانەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان دەخوێندەوە كە هانی خەڵك دەدەن ڤاكسین وەرنەگرن، ئەوەش تاوانێكی گەورەیە، بەڵام ئێستا ئیتر خەڵك تێدەگەن كە ڤاكسینەكە رێژەی توشبون و مردن كەمدەكاتەوە" بەوتەی بوشناق.
تائێستا نزیكەی دوو ملیۆن هاوڵاتی لە عیراق توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیەش 21 هەزار و 596 كەس گیانیانلەدەستداوە.
هێشتا "گومان و زانیاری هەڵە" لەسەر ڤاكسینی كۆرۆنا كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان ماوە و رێگری دەكات لەوەی هاوڵاتیان خۆیان بكوتن، لەوتەی لێپرسراوانی وەزارەتی تەندروستی.
ڤیدیۆ: نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك باسی پرۆسەی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا دەكات
"باوەڕم بەو بیرۆكەیە نییە كە ڤاكسینەكە دژی كۆرۆنا كاریگەر و سەركەوتووە، تەنانەت دوای ئەوەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە باوكیشم لەدەستدا" ئەحمەد حسێن، سەربازی سوپای عیراقی وادەڵێت.
ئەو هاوڵاتییە و هاوڕێكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەندێك نوسینیان خوێندۆتەوە دەربارەی ڤاكسین، وەك ئەوەی "ڤاكسینەكە دەبێتە هۆی نەزۆكی و لاوازی دڵ دوای ماوەیەك لە وەرگرتنی، هەروەها رێگایەكە بۆ كەمكردنەوەی ژمارە و چڕی دانیشتوان لە جیهاندا".
تەنیا ئەو بڵاوكراوانە نین كە كاریگەرییان لەسەر حسێن داناوە، بەڵكو ئەو پێشیوایە "گوڵاو توانایەكی زۆری هەیە بۆ لەناوبردنی كۆرۆنا و باشترین چارەسەری توشبوانی ڤایرۆسەكەیە لەماوەی تەنیا سێ رۆژدا".
ئەوەش لە كاتێكدایە ڤاكسینە بەكارهێنراوەكانی كۆرۆنا لە عیراق رەزامەندی رێكخراوی تەندروستی جیهانییان وەرگرتووە و وەك تاكە چارەسەر بۆ كۆرۆنا لەئێستادا بەردەستن، وەزارەتی تەندروستیش بەردەوام لەڕێی پزیشكانی پسۆڕ و شارەزایانی تەندروستییەوە "گومان و زانیاری هەڵە" لەسەر ڤاكسین رەتدەكاتەوە.
روبا فەلاح حەسەن، ئەندامی تیمی راگەیاندنی تەندروستی وەزارەتی تەندروستی عیراق تەواوی قسە و گومانەكانی ئەحمەد حسێن-ی دەربارەی ڤاكسینی كۆرۆنا رەتكردەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا بە "وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسین" دەبێت.
لە عیراق سێ جۆر ڤاكسین لە زۆربەی بنكەكانی كوتاندا بەردەستن، ئەوانیش ئەسترازێنیكا، فایزەر و سینۆفارم.