كورد لە یەك بازنەی هەڵبژاردندا لە پارێزگای سەڵاحەدین، بە دوو كاندید شەڕ بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك دەكات، بۆ ئەوەش چاویان لە دەنگدەرانی قەزای دوزخورماتووە.
هەریەكە لە هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان)، پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی دووی پارێزگای سەڵاحەدین كە چەقی دەنگدەرانی دەكەوێتە قەزای دوزخورماتووەوە، كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك لە كۆی چوار كورسی ئەو بازنەیە.
سیروان حەبیب، ئەندامی لیژنەی هەڵبژاردن لە ئۆفیسی قەزای دوزخورماتوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "كورد سێ كاندیدی هەبوو، هاوپەیمانی كوردستان دوو كاندید و پارتی-یش كاندیدێك، بەڵام كاندیدێكی هاوپەیمانی كشایەوە و بانگەشە ناكات.... بەگشتی كورد بۆ بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی چاوی لە دەنگدەرانی قەزای دوزخورماتووە".
پارێزگای سەڵاحەدین نزیكەی ملیۆنێك دەنگدەری هەیە و 12 كورسی پەرلەمانی بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشبون، هەر بازنەیەك كورسییەكی كۆتای ژنانی بۆ دانراوە.
لە هەڵبژاردنی رابردودا لە ئایاری 2018، كورد شەش كاندیدی لە شەش لیست و هاوپەیمانێتی جیاواز هەبوو، كۆی دەنگەكانیان زیاتر لە هەشت هەزار و 300 دەنگ بوو.
پارتی دیموكراتی كوردستان، لە هەڵبژاردنی رابردودا لە پارێزگای سەڵاحەدین بەشداری هەڵبژاردنی نەكرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنە چاوی لە بەدەستهێنانی كورسییەكە.
بەختیار هیجران محەمەد، لێپرسراوی ناوچەی پارتی لە قەزای دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەیەك كاندید بەشداری دەكەین... پێشبینی دەكەین لە بازنەی دوو، كورد نزیكەی 15 هەزار دەنگ بهێنێت، ئەگەر دەنگدەرانمان بەشداری باشیان هەبێت، پێموایە كورد كورسییەك بەدەستبهێنێت".
بەیەك كاندید بەشداری دەكەین... پێشبینی دەكەین لە بازنەی دوو، كورد نزیكەی 15 هەزار دەنگ بهێنێت
پارتی پێیوایە بۆ سەڵاحەدین فرە بازنەیی زیان بە ئەوان دەگەیەنێت، كە بۆیەكەمجارە لە دوای ساڵی 2003ەوە لە عیراق پەیڕەودەكرێت، بەڵام یەكێتی جەختدەكاتەوە لەوەی سودی هەیە.
لە هەڵبژاردنی 2014دا یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان توانی سەروی 17 هەزار دەنگ لە سەڵاحەدین بهێنێت، بەڵام هێشتا نەیتوانی كورسی پەرلەمانی مسۆگەر بكات، لە 2018شدا كەمتر لە پێنج هەزار دەنگی هێنا و نەیتوانی كورسی مسۆگەر بكات.
محەمەد مەحمود، جێگرى لێپرسراوى ماڵبەندى حەمرینی یەكێتی لە قەزای دوزخورماتوو، وتی "پەیڕەوكردنی سیستمی فرە بازنە لە سەڵاحەدین لە سودی ئێمەیە، یەك كاندیدمان هەیە و دەنگ بۆ ئەو كۆدەكەینەوە... بەوەش چانسی ئەوەمان هەیە كورسییەك بەدەستبهێنین".
"لە هەڵبژاردنەكانی پێشودا، كورد بەپێی ژمارەی دانیشتووان لە سەڵاحەدین دەنگی باشی دەهێنا، بەڵام لیستەکەمان نەدەگەیشتە یەک کورسى..."، محەمەد مەحمود، بۆ ئەوەش نمونەی ساڵی 2014ی هێنایەوە و وتی "كاندیدی ژمارە یەكمان (كەریم شوكر) زۆرترین دەنگی وەكو كاندید لەسەر ئاستی پارێزگاكە بەدەستهێنا، بەڵام دەنگی لیستەكەمان نەگەیشتە ئاستێكی دەنگی كورسییەك، بۆیە هەموو دەنگەكانمان سوتا".
"لەم هەڵبژاردنەدا، دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاندیدەكەی ئێمە دەبێت و حزبی شیوعیش بەڵێنیانداوە دەنگ بە كاندیدەكەمان بدەن، بۆیە ئەمجارە چانسی دەرچونی كەریم شوكر زۆرە"، محەمەد مەحمود وایوت.
ئەمجارە چانسی بەدەستهێنانی كورسییەكمان هەیە
ئەو پێشبینیكرد كورد 15 هەزار دەنگ بهێنێت، وتی "لەسەدای 80ی دەنگدەری كورد جەماوەری یەكێتین".
بازنەی دوو، پێكهاتووە لە قەزای دوزخورماتوو، - كە ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 150 هەزار كەسە، ئەوەش بەپێی دەستەی ئاماری عیراق بۆ ساڵی 2019 -، لەگەڵ ناوچەكانی بەلەد، دوجێل، یەسرب و زەلوعیە 62 كاندید لەو بازنەیەدا هەن.
كێشەیەك كە روبەڕوی دەنگدەری كورد بۆتەوە لە قەزای دوزخورماتوو، ئاوارەبونی سەدان خێزانە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، ئەوەش دوای گەڕانەوەی هێزە عیراقییەكان بۆ ناوچەكانی جێناكۆك و پاشەكشێی پێشمەرگە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم. هێشتا رون نییە ئەوانە چۆن دەتوانن دەنگ بدەن.