25 ئێزیدی كاندیدن؛ حەوتیان شەڕی كورسی كۆتا دەكەن

نەینەوا/ 2020/ دوو پیاوی ئایینی ئێزیدی له‌سه‌ر مه‌زارگه‌یەكی خاپوركراوی قەزای شنگال فۆتۆ: رێكخراوه‌ی سنابل موسته‌قبه‌ل

عەمار عەزیز – نەینەوا

تاكە كورسییەكەی ئێزیدی لە نەینەوا؛ حەوت كاندید بە حزبی و سەربەخۆوە كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن و چەندین ئێزیدی دیكەش هەوڵدەدەن لە دەرەوەی كۆتا كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكەن.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، 25 ئێزیدی لە پارێزگای نەینەوا كاندیدن بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021ی عیراق، كە تەنیا حەوت كاندیدیان بۆ كورسی كۆتایە.

حەوت كاندیدەكەی كورسی كۆتا هیچ ئافرەتێكیان تیادا نییە، سێ كەسیان لە قەزای شنگال و دوو كەسیان لە ناحیەی باشیك و دوو كەسیشیان لە قەزای شێخان-ـەوە خۆیان كاندید كردووە.

چوار لەو كاندیدانە بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری دەكەن و سێ كەسەكەی دیكەش لە بزوتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن، پارتی دیموكراتی ئێزیدی و پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی-ین.

سەعید بەتۆش، سەرۆكی پارتی پێشكەوتنی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا كاندیدێكمان هەیە بۆ كۆتا، دەستمان بە بانگەشەیەكی بەهێز كردووە و هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو كورسییە بەدەستبهێنن".

ئەو دەڵێت لە چوار خولی پێشوی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بەشداربون و تەنیا لە خولی چوارەمدا توانییان كورسی كۆتا مسۆگەر بكەن.

lalsh-6
شێخان/ 2019/ مه‌راسیمه‌ ئاینییه‌كانی چوارشه‌ممه‌ی سور-ی ئێزیدی له‌ په‌رستگای لالش فۆتۆ: كەركوك ناو

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2018دا زیاتر لە 50 كاندیدی ئێزیدی بۆ كۆتا و دەرەوەی كۆتا هەبون، تاكه‌ كورسی كۆتای ئێزیدی بۆ سائب خدر بوو‌ به‌ زیاتر له‌ سێ هه‌زار ده‌نگ، وه‌كو كاندیدی پارتی پێشكه‌وتنی ئێزیدی له‌ ناحیه‌ی باشیك.

هەر لەو هەڵبژاردنەدا دوو كاندیدی دیكە لە دەرەوەی كۆتا كورسییان بەدەستهێنا ئەوانیش حسێن حه‌سه‌ن، سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار ده‌نگ و خالیده‌ خه‌لیل، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ زیاتر له‌ دوو هه‌زار ده‌نگ، بەڵام دواتر و لە هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكاندا خالیدە كورسییەكەی بۆ كاندیدێكی دیكەی حزبەكەی لەدەستدا.

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان و سەرۆكی پارتی دیموكراتی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ی وت "كاندیدێكمان بۆ كۆتا هەیە و ئامادەكارییەكی باشمان كردووە، بەڵام بەداخەوە كەسانێك بۆ كۆتا خۆیان كاندید كردووە كە باوەڕیان بە دۆسیەی ئێزیدی نییە و تەنیا دەیانەوێت پلانی كەسانی دیكە جێبەجێبكەن، بۆیە گرنگە هەوڵی تەواو بدەین ئەو كورسییە نەكەوێتە دەستی ئەوان" بێ ئەوەی ناوی هیچ كاندید و لایەنێك بهێنێت.

له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراقدا، ئێزیدییه‌كان له‌ ساڵی 2005دا بون به‌ خاوه‌نی كورسی كۆتا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌ر 100 هه‌زار كه‌سێكی پێكهاته‌كه‌ كورسییه‌كی كۆتا هه‌بێت، به‌وپێیەش‌ ئێزیدییەكان كە ژمارەیان بە 550 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت ده‌بوو ژماره‌ی كورسییه‌كانیان زیاتر بێت، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ له‌ په‌رله‌مان پشتیوانی به‌ده‌ستنه‌هێنا.

لە خولی یەكەم تا خولی سێیەم كورسی كۆتای ئێزیدی لای بزووتنەوەی ئێزیدی بۆ چاكسازی و پێشكەوتن بووە.

شەشۆ دەڵێت ناتوانن كێبڕكێی حزبە سەرەكییەكان بكەن، چونكە "زۆرینەی ئاوارەكان لایەنگری ئەو حزبە سەرەكییانەن" و دەشڵێت "ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە كورسییەكانی شنگال و ناوچەكانی ئێزیدی لانیكەم بكەونە لای كورد نەك كوتلە عەرەبییەكان".

campi-mam-rashan
شێخان، 2019، كه‌مپی مام ره‌شان كه‌ زۆرینه‌ی ئێزیدین و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

جگە لە كاندیدەكانی كۆتا، 18 هاوڵاتی ئێزیدی بە سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی حزب و هاوپەیمانێتییەكاندا خۆیان بۆ بەدەستهێنانی كورسی دەرەوەی كۆتا كاندید كردووە.

زۆرینە كاندیدە ئێزیدییەكان دەكەونە بازنەكانی دوو و سێ، كە باشیك و شێخان و شنگال و ناوچەكانی دیكەی ئێزیدی نیشین لەو دوو بازنەیەدان و بە هەردوو بازنەكەش حەوت كورسی بۆ دانراوە.

ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی لقی 17ی شنگالی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ كاندیدمان بۆ شنگال داناوە، كە ئێزیدین و خەڵكی قەزاكەن، چەند رۆژێكی تر بانگەشەیان بۆ دەستپێدەكەین و بەدڵنیاییەوە كاندیدەكانیشمان بۆ بانگەشە دەچنەوە شنگال".

لە خولی پێشوی پەرلەماندا هیچ كاندیدێكی شنگال نەیانتوانی كورسی مسۆگەر بكەن.

لێپرسراوەكەی پارتی جەختیكردەوە كە "ئەمجارە پلانێكی زۆر باشمان داناوە و هەموو هەوڵێك دەدەین سێ كورسییەكەی بازنەی سێ كە شنگالی تێدایە بۆ پارتی بن.. ئێمە لە شنگال و كەمپەكانی ئاوارەییش جەماوەری خۆمان هەیە و خەڵكێكی زۆر دەنگمان پێدەدەن".

لە كۆی 664 هەزار ئاوارەی هەرێمی كوردستان سەدا 30یان ئێزیدین.

shngal-15
نه‌ینه‌وا، 2018، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

عومەر ساڵح، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیموكراتی ئێزیدییان بە (كەركوك ناو)ی وت "هەڵبژاردنی پێشوو بەهۆی ساختەكارییەوە دەنگەكانمان فەوتا و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش لە دەرەوەی كۆتا یەك كاندیدمان لە شنگال هەیە، تا دەنگەكانمان پەرت نەبن و بتوانین كورسییەك مسۆگەر بكەین".

ئەو ناوی چەند هێز و پارتێكی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ی هێنا وەك "پشتگیری" كاندیدەكەیان لە شنگال، وتیشی لەرێی هەڵمەتێكی سەردانیكردنی گوند بەگوند و ناوچە بەناوچە هەڵی جددی دەدەن كاندیدەكەیان لە دەرەوەی كۆتا سەركەوتن بەدەستبهێنێت.

هەرچەندە هەڵبژاردنی ئەمجارە فرە بازنەیە و نەینەوا كراوە بە هەشت بازنە بەڵام بۆ تاكە كورسی كۆتای ئێزیدی هەموو پارێزگاكە بە یەك بازنە هەژماردەكرێت.

جەمال عەلی، كارگێڕی مەڵبەندی شنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا كاندیدێكمان هەیە لە شنگال، بەڵام كێشەكە ئەوەیە دەنگی شنگال زۆر پەرت و بڵاوە، هێشتا بەشێكی زۆریان ئاوارەن" و لە نێو ئاوارەكانیشدا بەشێكیان مامەڵەیان تەواو بووە و دەتوانن هەر لە كەمپ دەنگبدەن، ئەوانی دیكە پێویستە بۆ رۆژی دەنگدان بگەڕێنەوە شنگال كە ئەوەش كارێكی قورسە. وەك جەمال دەڵێت.

لێپرسراوەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا لەناو ئاوارە ئێزیدییەكاندا لایەنگر و دەنگدەریان هەیە و هەموو هەوڵێك دەدەن كورسییەك مسۆگەر بكەن.

لە پارێزگای نەینەوا؛ زیاتر لە دوو ملیۆن و 330 هەزار دەنگدەر هەن، لەگەڵ زیاتر لە 420 كاندید كە بەپێی یاسای هەڵبژاردن 31 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراقی بۆ دانراوە، جگە لە سێ كورسی كۆتای ئێزیدی، كریستیان و شەبەك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT