دژی "دیاردەی چەكداری"ـین لە كەركوك
عەرەب و توركمان: رێگری لە پارتی ناكرێت بۆ كاری سیاسی بگەڕێتەوە

كەركوك/ 12ی ئەیلولی 2021/ كردنەوەی دوو نوسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پارتی

كەركوك ناو – كەركوك

سیاسییەكانی عەرەب و توركمان لە كەركوك، پێیانوایە هیچ رێگرییەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان نییە بۆ كاری سیاسی بگەڕێتەوە پارێزگاكە و بەشداری پرۆژەی هەڵبژاردنیش بكات، بە مەرجی ئەوەی نەبنە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانەوەی "دیاردەی چەكداری".

ئەوەش لە كاتێكدایە لێپرسراوانی پارتی بۆ گەڕانەوە چاوەڕێی رەزامەندی هیچ لایەنێكی دیكە ناكەن و وەك خۆیان دەڵێن؛ لایەنگر و ئەندامەكانیان بە هیوای گەڕانەوەیانن و هانیان دەدەن.

لە ئەیلولی 2021دا، پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەكەمجار دوای چوار ساڵ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەڕایەوە كەركوك، پاش ئەوەی لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا تەواوی بارەگاكانیان چۆڵكرد.

گەڕانەوەی پارتی هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

 

هاوپەیمانی عەرەبی: كەس رێگری لە گەڕانەوەی پارتی ناكات

"هیچ كەسێك رێگری لە پارتی دیموكراتی كوردستان نەكردووە كاری سیاسی لە كەركوك بكات، نە پێشتر و نە ئێستاش، چونكە ئەوان لای حكومەتی عیراقی تۆماركراون و یاسای عیراقیش ئەو مافەی بۆ مسۆگەر كردون" بەوتەی حاتەم تائی، وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك بۆ (كەركوك ناو).

"هۆشدارى و ورياييەك لەناو عەرەب و لایەنەكانی دیكەدا هەیە لە گەڕانەوەی پارتی، چونكە كاری ناسایی لە هەندێك بارەگایدا كردووە بە تایبەت لەو بارەگایەی ئێستا بۆتە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك" تائی وای وت.

هیچ كەسێك رێگری لە پارتی دیموكراتی كوردستان نەكردووە كاری سیاسی لە كەركوك بكات

هەروەها رونیكردەوە پارتی ئەو بارەگایەی بۆ كاروباری دیكە بەكارهێناوە و "لەكاتی هاتنی دژەتیرۆر و هێزە عیراقییەكانی دیكە دوای پاشەكشێی پارتی لەو بارەگایە لە ساڵی 2017دا، سێ روفات لە ئاوەڕۆكانی ئەو بارەگایە دۆزرانەوە".

تائی دەڵێت ئەو دۆسیەیە "بەڵگەیە حزبەكە كاری ناسیاسی و دژ بە مافەكانی مرۆڤی لە كەركوك ئەنجامداوە".

ئەوەش لەكاتێكدایە پارتی پێشتر زیاد لە جارێك ئەو تۆمەتەی رەتكردۆتەوە و داوای لێكۆڵینەوەی كردووە.

وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی وتی "هێزەكانی سەر پارتی هەڵمەتی دەستگیركردنی گەنجانی عەرەبیان لە كەركوك ئەنجامدەدا، زۆرینەی ئەوانەیشی دەستگیركران تائێستا بێسەروشوێنن، جگە لە خاپوركردنی گوندە عەرەبەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانیان".

پارتی لە دوای ساڵی 2003ـەوە یەكێك بوو لە حزبە دیارەكانی كەركوك، ئەو رۆڵەش لەدوای هێرشەكانی 2014ی داعش و پاشەكشێی هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی زیاتر بون تا روداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری 2017، كە جارێكیتر هێزەكانی حكومەتی عیراق گەڕانەوە بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك.

تائی پێیوایە پارتی لە بانگەشەكانیدا یاری بە هەستی هاوڵاتیانی عەرەب و توركمان دەكات، چونكە ئاڵای حزبی و هەرێمی كوردستانیان بەبێ ئاڵای عیراقی بەرزكردۆتەوە لەكاتی كردنەوەی نوسینگەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ئەوەش دەریدەخات حزبەكە تەنیا دان بە حزب و نەتەوەی خۆیدا دەنێت و پێكهاتەكانی تر رەتدەكاتەوە، بەوتەی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی.

shaxawan
كەركوك/ 9ی ئەیلولی 2021/ شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن گەڕایەوە كەركوك. فۆتۆ: تیمی راگەیاندنی شاخەوان عەبدوڵا

هاوپەیمانی عەرەبی كە راكان جبوری، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت یەكێكە لە سەركردەكانی لە ژمارەیەك حزبی سەرەكی عەرەبی كەركوك و كەسایەتی پێكهاتون و لە هەڵبژاردنی رابردودا توانییان سێ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

 

بەرەی توركمانی: نابێت دیاردەی چەكداری بگەڕێتەوە

"پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانن بگەڕێنەوە كەركوك، وەك حزبیكی سیاسی و بەشداربوی هەڵبژاردنی پەرلەمان چونكە مۆڵەتی رەسمییان لە حكومەتی عیراقی هەیە" قەحتان وەنداوی، جێگری لێپرسراوی لقی كەركوكی بەرەی توركمانی بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.

هەروەها جەختیكردەوە پێویستە گەڕانەوەی پارتی "وەك حزبێكی سیاسی بەشدار لە هەڵبژاردنەكاندا بێت، ئەگەر هێزی چەكداری وەك ئاسایش و پێشمەرگە یان هەر هێزێكی دیكەی سەربازی لەگەڵدا بێت ئەوا ئێمە بە هەموو شێوەیەك رەتیدەكەینەوە".

حزبە توركمان و عەرەبەكانی كەركوك پێشتریش زیاد لە جارێك دژایەتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە و هەر هێزێكی دیكەی ئەمنی حكومەتی هەرێم بۆ پارێزگاكە نیشانداوە.

"رێگەنادەین بارودۆخی كەركوك بگەڕێتەوە بۆ پێش روداوەكانی ئۆكتۆبەری 2017" لێپرسراوەكەی بەرەی توركمانی وای وت.

بەرەی توركمانی حزبێكی سەرەكی كەركوكە و لە هەڵبژاردنی رابردودا توانی سێ كورسی بەدەستبهێنێت.

 

پارتی پشت بە قسەی جەماوەرەكەی دەبەستێت

"پارتی دیموكراتی كوردستان جەماوەر و لایەنگری خۆی لە كەركوك هەیە كە هیوادەخوازن حزبەكە بگەڕێتەوە و هانی گەڕانەوەی دەدەن، ئەوەش لە خۆشەویستییان بۆ پارتی" بەوتەی شاخەوان عەبدوڵا، كادیری باڵای پارتی و كاندیدی حزبەكە لە كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان.

جگە لە ناوبراو پارتی یەك كاندیدی دیكەی بۆ كەركوك هەیە.

ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی رابردودا كە لە ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، لە كەركوك بایكۆتی كرد و پارێزگاكەی بە "داگیركراو" وەسفكرد، مەرجی گەڕانەوەشی ئەوەبوو دۆخی پارێزگاكە ئاساییبكرێتەوە و بارەگاكانی رادەستبكرێنەوە.

ڤیدیۆ: كردنەوەی بارەگای بانگەشەی پارتی لەشاری كەركوك/ ئەیلولی 2021

"پارتی دەیتوانی كاندیدی زیاتری هەبێت بەڵام ئەوەی كراوە ستراتیژیەتی حزبەكەیە و لەوچوارچێوەیەدا كاردەكرێت" شاخەوان عەبدوڵا دەربارەی وەرگرتنەوەی بارەگاكانیشیان جەختیكردەوە وەك جاران دەگەڕێنەوە ناو بارەگاكانی خۆیان.

بەڵام ئاماژەی بەوەشدا لە واقیعدا هێشتا بارەگاكانیان لەلایەن هەندێك لایەنەوە بەكاردەهێنرێن و دەستیانبەسەرداگیراوە، بۆیە بەهیوان مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و لێپرسراوانی دیكە بەرپرسیارێتی گەڕانەوەی بارەگاكانیان هەڵبگرن.

مستەفا كازمی لە 8ی ئایاری ئەمساڵ، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵی ئاسمانی عیراقی، جەختیكردەوە لەوەی كە بەپێی شایستەی کۆمەڵایەتیی خۆی بۆ خزمەتکردن، پارتی دەبێت بارەگاكانی لە كەركوك بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام وتی "بەبێ چەكدار"، بۆ ئەوەش ئاماژەی بە لیژنەیەك كرد لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بۆ ئەو مەبەستە.

شاخەوان عەبدوڵا دەربارەی هەڵوێستی سیاسییەكانی عەرەب و توركمان بەرانبەر بە پارتی، دەڵێت "سیاسییەكان زۆربەی جار لەكاتی قسەكردندا تەنیا لایەنێك دەبینن، ئەوەش لایەنی بەرژەوەندی و ئەجێندای خۆیانە، ئیتر ئەو ئەجێندایە تایبەتییە یان رەنگە سەپێنراوبێت بەسەریاندا بە تایبەت لە كەركوك".

پارتی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2014ی عیراق توانی بە 63 هەزار دەنگدەر دوو كورسی لە كەركوك بەدەستبهێنێت.

تەنیا نوسینگەی بانگەشەمان كردۆتەوە تا ئەوكاتەی بارەگاكانی حزب وەردەگرینەوە

"تەنیا نوسینگەی بانگەشەمان بۆ كاندیدی هەلبژاردن كردۆتەوە، تا ئەوكاتەی بارەگاكانی حزب وەردەگرینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین كارەكانمان لە كەركوك دەستپێبكەینەوە بۆ هەڵبژاردن و كۆبونەوە و كۆنگرە و هەر كارێكی دیكەی حزبی" بەوتەی شاخەوان عەبدوڵا.

 

بارەگایەكی پارتی چۆڵدەكرێت

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (كەركوك ناو)ی وت نزیكەی سێ هەفتە لەمەوبەر بارەگایەكی پێشوی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نزیك فولكەی كرێكارانی ناوەڕاستی كەركوك چۆڵكراوە، كە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكۆتبەری 2017ـەوە هێزە ئەمنییە عیراقییەكانی تێدابوو.

هەروەها سەرچاوەكە ئاشكرایكرد رێككەوتن هەیە بۆ گەڕانەوەی 100 چەكداری بەڕێوەبەرایەتی جموجۆڵی هەولێر بۆ كەركوك وەك پاسەوان و یاوەری كاندیدەكانی پارتی و پاسەوانی نوسینگەكانی حزب لە پارێزگاكە.

دەیان بارەگای حزبیی و ئەمنیی هێشتا دەستیبەسەرداگیراوە، لەوانەش بارەگای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كەركوك - گەرمیانی حزبەكە كە كراوەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT