سوكایەتی و هەڕەشە بە تیمەكانیان دەكات
عەسائیب ئەهلولحەق ناهێڵێت یەكێتی لە جەولەلا بانگەشە بكات

خانەقین/ ئایاری 2020/ چەكدارێكی سوات سەر بە پۆلیسی خانەقین لەكاتی ئەركدا لەناو شار فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

لەیلا ئەحمەد

چەكدارانی عەسائیب ئەهلولحەق لە جەلەولا رێگەیاننەدا تیمەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە ئازادی بانگەشە بۆ كاندیدەكەیان بكەن و لەگەڵ بانگهێشتكردنیان بۆ ناو بارەگاكەیان "سوكایەتی و هەڕەشە"یان لێكردون.

ئەو رێگرییە یەكشەممە 19ی ئەیلول لە ناحیەی جەلەولا سەر بە قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە كرا، لەوكاتەی تیمەكانی كۆمیتەی جەلەولای یەكێتی سەرقاڵی بانگەشە بون.

یەكێك لە ئەندامی ئەو تیمەی یەكێتی، كە وەك خۆی دەڵێت لەبەر كاردانەوەی چەكدارانی عەسائیب ئەهلولحەق و مەترسی لەسەر ژیانی ئامادەنییە ناوی بڵاوبكرێتەوە، وتی "سەرقاڵی هەڵواسینی پۆستەر و بانگەشە بوین لەناو جەلەولا و لە گەڕەكە جیاوازەكان، بەڵام چەكدارانی عەسائیب ئەهلولحەق پەیوەندیان پێوەكردین كە سەردانی بارەگاكەیان بكەین... لەوێ وتیان بۆچی بانگەشە دەكەن، بانگەشە قەدەغەیە، چونكە دۆخی جەلەولا خراپە و ئارام نییە و ئێوە كێشە بۆ ناوچەكە دروستدەكەن".

"وتم بانگەشە مافی هەموو نەتەوە و لایەنێكە... دوو کوڕ و برایەکم پێشمەرگەن و ئەمە سێیەم جارە ئێوە سوکایەتیی و هەڕەشەمان لێدەکەن..."، ئەو ئەندامەی تیمەكەی یەكێتی وایوت.

لەبارەی ئەوەی كێشەكە ئێستا بە كوێ گەیشتووە، وتی "حزبەكەم لەسەروی خۆمەوە پەیوەندی پێوەكردوین و بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەكەیان پێداوین".

لێپرسراوێكی یەكێتی لە مەڵبەندی خانەقین، كە بەهەمان شێوە لەبەر كاردانەوەی روداوەكە و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو رۆژە خەریکى چارەسەركردنی ئەو كێشەیەین... چەكدارانی عەسائیب ئەهلولحەق رێگرییان كردووە، تەنانەت هەڕەشەی كوشتنیان لە تیمەكان كردووە ئەگەر بانگەشە رانەگرن... تیمەكانیان بانگكردوین بۆ بارەگای خۆیان و لەوێ قسەی نەشیاویان پێوتون و وتیانە نابێت بەم گەرم و گوڕییە بانگەشە بكەن".

-42
دیالە/ 19ی ئەیلولی 2021/ تیمەكانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە جەلولا. فۆتۆ: راگەیاندنی كۆمیتەی یەكێتی لە جەلەولا

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، هەر كەسێك هێرشبكاتە سەر هۆكارەكانی بانگەشەی رێگەپێدراو ئەوا زیندانی دەكرێت كە لە مانگێك كەمتر نەبێت و لە ساڵێك زیاترنەبێت، یان غەرامە دەكرێت لە نێوان ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دینار.

عیماد ئەلڕەکابی، لێپرسراوی نوسینگەی جەلەولای عەسائیب ئەهلولحەق، بە (كەركوك ناو)ی وت "راستە لەناو جەلەولا رێگریمان لە تیمەكانی یەكێتی كردووە بانگەشە بكەن، بەڵام کێشەکە چارەسەر کراوە".

لە بارەی ئەوەی بۆچی رێگرییان كردووە، ئەلڕەکابی وتی "ئێمە هیچ کێشە و گرفتێکمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى ناحییەکەدا نییە، بەڵام بانگەشە دەبێتەهۆی كێشە و ئاژاوە، دۆخی ئەمنی ناوچەكە جێگیر نییە و لە كاردانەوەی خەڵك دەترسین دژی ئەو تیمانە كە بەهۆی شەڕی داعشەوە ماڵەكانیان وێران بووە و لەناوچووە".

وتیشی "راستە بانگمان كردون بۆ بارەگاكەمان و پێمانوتون بانگەشە بەو شێوەیە رابگرن، بەڵام سوكایەتیمان پێ نەكردون".

راستە بانگمان كردون بۆ بارەگاكەمان و پێمانوتون بانگەشە بەو شێوەیە رابگرن، بەڵام سوكایەتیمان پێ نەكردون

تیمەكانی یەكێتی، یەكشەممە 19ی ئەیلول، لە زۆرینەی گەڕەك و كۆڵان و بازاڕی ناحییەكە پۆستەریان هەڵواسی و هەڵمەتی فراوانیان بەڕێوەبرد.

عیماد ئەلڕەکابی وتی "لە جەلەولا دۆخەكە جێگیر نییە، خەڵک لە چەند ساڵی رابردودا ماڵى روخاوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئێمەش دەترسین دۆخەكە تێكبچێت".

یەكتێیی نیشتیمانیی كوردستان، لە پارێزگای دیالە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستاندا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، لە یەك بازنەی هەڵبژاردندا بە كاندیدێك بەشداری هەڵبژاردنی تشرینی یەكەم دەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT