لە ناوچەكانی جێناكۆك 111 كاندیدی سەربەخۆ هەن

ديالە/ ئایاری 2018/ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە سنوری قەزای خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

سیروان حسێن

لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆكی هەرسێ پارێزگای نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین 111 كاندیدی سەربەخۆ كێبڕكێی بەدەستهێنانی كورسی پەرلەمانی عیراق دەكەن.

لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق، كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەبچێت، بەپێی یاسا كاندیدی تاك بەشێوەی سەربەخۆ و لەدەرەوەی كوتلەی حزبی دەتوانێت بەشداری بكات.

 

پارێزگای كەركوك

لە پارێزگای كەركوك، كە دابەشكراوە بۆ سێ بازنەی هەڵبژاردن، لە كۆی 130 كاندید 56 كاندیدی سەربەخۆ هەن و كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی پشكی پارێزگاكە دەكەن.

لە بازنەی یەكی كەركوك؛ كە پێنج كورسی بۆ دانراوە و 35 كاندیدی هەیە، لەو ژمارەیە 17 كاندیدی سەربەخۆ هەن لە نێویاندا پێنج ژن.

لە بازنەی دوی كەركوك كە چوار كورسی بۆ دانراوە و 56 كاندیدی هەیە، لەو ژمارەیە 21 كاندیدیان سەربەخۆن لە نێویاندا سێ ژن.

بازنەی سێی كەركوك سێ كورسی بۆ تەرخانكراوە و 39 كاندیدی هەیە، لەو ژمارەیە 18 كاندیدی سەربەخۆ هەن لە نێویاندا حەوت ژن.

 

پارێزگای نەینەوا

لە تەواوی ناوچەكانی جێناكۆكی پارێزگای نەینەوا كە دەكەونە سنوری چوار بازنەی هەڵبژاردنەوە 28 كاندیدی سەربەخۆ هەن.

بازنەكانی یەك، دوو، سێ و چواری نەینەوا كە ناوچەكانی جێناكۆكیان تێدایە 14 كورسی پەرلەمانیان بۆ تەرخانكراوە لە كۆی 31 كورسی تەواوی پارێزگاكە.

لە بازنەی یەكەم كە سێ كورسی و 17 كاندیدی هەیە، لەو ژمارەیە چوار كاندیدی سەربەخۆ هەن لە نێویاندا دوو ژن.

لە بازنەی دوەم بۆ چوار كورسی 23 كاندید هەن، لەو ژمارەیە سێ كاندیدیان سەربەخۆن كە یەكێكیان ژنە.

بازنەی سێی كە 15 كاندیدی هەیە بۆ سێ كورسی، لەو ژمارەیە چوار كاندیدی سەربەخۆ هەن لە نێویاندا ژنێك.

لە بازنەی چواری نەینەوا كە چوار كورسی و 40 كاندیدی هەیە، لەو ژمارەیە 17 كاندیدیان سەربەخۆن لە نێویاندا پێنج ژن.

 

پارێزگای دیالە

ناوچەكانی جێناكۆكی پارێزگای دیالە دەكەونە بازنەی چوارەوە كە لە كۆی 14 كورسی پارێزگاكە تەنیا سێ كورسی بۆ تەرخانكراوە.

لە بازنەی چوار كە ناوچەكانی خانەقین و ناحیەكانی دەوروبەری دەگرنەوە بۆ سێ كورسییەكە 35 كاندید هەن، لەو ژمارەیەش هەشت كاندیدیان سەربەخۆن و لە نێویاندا ژنێك هەیە.

 

پارێزگای سەڵاحەدین

تاكە قەزای جێناكۆك لە سەڵاحەدین (تكریت) تەنیا دوزخورماتووە، كە ئەویش دەكەوێتە سنوری بازنەی دووی هەڵبژاردنەوە و چوار كورسی بۆ دانراوە لە كۆی 12 كورسی پارێزگاكە.

لە بازنەی دووی پارێزگای سەڵاحەدین 61 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو چوار كورسییە دەكەن، لەو ژمارەیە 19 كاندیدی سەربەخۆ هەن لە نێویاندا شەش ژن.

لە سەرانسەری عیراقدا نزیكەی 25 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان و زیاتر لە سێ هەزار و 240 كاندیدیش بەشێوەی سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی كوتلەی حزبی و هاوپەیمانێتییەكاندا، بە كەمینەكانیشەوە، كێبڕكێی بەدەستهێنانی 329 كورسی پەرلەمان دەكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT