وانەبێژانی ئاوارە، جارێكیتر داواكارییەكانیان نوێدەكەنەوە لە نێویاندا خەرجكردنی پارەی ساڵانی رابردوودا و گۆڕینی ناونیشانی پیشەییان بۆ فەرمانبەری گرێبەست، وەك وانەبێژانی دیكەی خۆبەخش لە كەركوك.
دوای هێرشەكانی "دەوڵەتی ئیسلامی – داعش" و دەستبەسەرداگرتنی روبەرێكی فراوان لە ناوەڕاستی 2014دا، لەوانە ناوچەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك، بەهۆیەوە 120 هەزار كەس ئاوارەی شاری كەركوك بون وەك لە ئامارەكانی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقیدا هاتووە.
لە نێو ئاوارەكاندا دەیان مامۆستا و دەرچوی زانكۆ و پەیمانگەكان هەبون، كە لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بە خۆبەخشی وانەیان وتەوە و ئێستاش داوادەكەن بكرێنە گرێبەستی وزاری یان بە هەمیشەیی دابمەزرێن.
ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی ئەیلولی 2021، ژمارەیەك لە وانەبێژانی ئاوارە گردبونەوەی ناڕەزاییان لە كەركوك ئەنجامدا، بۆ ئەوەی بكرێنە گرێبەست و شایستە داراییەكانیان بۆ خەرجبكرێت.
وانەوتنەوە بە خۆڕایی
"دوابەدوای شەپۆلی ئاوارەیی، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە كردنەوەی خوێندنگە بۆ ئاوارەكان تا ئەو ژمارە زۆرە خوێندكارەی لە داعش هەڵاتون درێژە بە خوێندن بدەن" عەبدولعەزیز یاسری، یەكێك لە وانەبێژی ئاوارە وای وت.
وەزارەتی پەروەردە لە كاتی كردنەوەی خوێندنگەكاندا بۆ ئاوارە روبەڕوی كەمی مامۆستا بۆوە بۆیە پشتی بە وانەبێژانی ئاوارە بەست لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی پەروەردەدا.
ڤیدیۆ: كەركوك/ 26ی ئەیلولی 2021/ گردبونەوەی وانبێژانی ئاوارە بۆ ئەوەی بكرێنە فەرمانبەری گرێبەست
"بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج ساڵ بێبەرانبەر لە كەمپەكاندا وانەم وتەوە، بێ ئەوەی هیچ كرێیەك وەربگرم، جگە لە كەمپ لەناوشاری كەركوكیش هەر وانەبێژ بوم" بەوتەی یاسری بۆ (كەركوك ناو).
حكومەتی فیدراڵی عیراق لە ساڵی 2019ـەوە دەستیكرد بە پرۆژەی داخستنی كەمپەكانی ئاوارەیی لە وڵاتدا و ئێستا هیچ كەمپێك لە كەركوك نەماوە، ئەوەش دوای گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.
لە بڕیاری حكومەت سودمەند نەبون
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە 6ی نیسانی 2021دا بڕیاریدا بە گواستنەوەی "وانەبێژانی خۆبەخش" بۆ سەر وەزارەتی پەروەردە وەك "فەرمانبەری گرێبەست"، بە موچەی مانگانەی 250 هەزار دینار.
عەبدولعەزیز یاسری دەڵێت وانەبێژانی ئاوارە لەچوارچێوەی ئەو بڕیارەدا، لە ئابی ئەمساڵەوە گرێبەستیان لەگەڵ پەروەردەی كەركوك واژۆكرد و بڕی 18 هەزار دیناری باجیان دا، بەڵام دواتر "247 وانەبێژ توشی شۆك بون، كاتێك زانییان فەرمانە ئیدارییەكانیان پشتگوێخراوە و ناوەكانیان لەلایەن پەروەردەوە سڕدراوەتەوە، بۆیە مافەكانیان بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستی حكومەتی لەدەستدا".
پەروەردەی كەركوك ناوی وانەبێژانی ئاوارەی لە لیستی گرێبەستەكاندا سڕیوەتەوە
وانەبێژان پێشتریش زیاد لە جارێك گردبونەوەیان بۆ داوای دامەزراندن یان گرێبەستی حكومی ئەنجامداوە.
محەمەد عەبدوڵا، وانەبێژی ئاوارە دەڵێت پەروەردەی كەركوك لە راییكردنەوەی مامەڵە و رێكارەكانی گۆڕینیان بۆ فەرمانبەری گرێبەست، دەستاودەستیان پێدەكات، "ناوی وانەبێژانی ئاوارەیان سڕیوەتەوە و دەڵێن؛ پێویستە ئێوە بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاكانی خۆتان و ئەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە".
ئەو دەڵێت هەرچەندە زیاد لە جارێك بۆ دەربڕینی ناڕەزایی چونەتە بەردەم پەروەردەی كەركوك و داوای گەڕانەوەی مافە "زەوتكراوەكانیان" كردووە بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
پارە بۆ وانەبێژانی خۆبەخش نییە
"ژمارەیەك گرێبەست بۆ بەشەكانی پەروەردەی كەركوك تەرخانكرابون، وەك بەشی نەهێشتنی نەخوێندەواری كە ژمارەیەك گرێبەستی دیاریكراوی بۆ دانرابوو، لەگەڵ ژمارەیەك بۆ بەشی كوردی و بەوشێوەیە بۆ بەشەكانی تر، نزیكەی 228 گرێبەستیش بۆ وانەبێژانی ئاوارە بون" بەوتەی حەسان جبوری، نەقیبی سەندیكای مامۆستایان لە كەركوك.
هەروەها وتی "بەڵام كێشەیەك رویدا، لەكاتی دابەشكردنی گرێبەستەكاندا بەشێك لە وانەبێژانی ئاوارە هیچ خزمەتێكیان لە خوێندنگەكاندا نەبوو".
بەوتەی جبوری دواتریش توانیویانە دەنگی ناڕازییەكان بە پەروەردە بگەیەنن، بۆیە رۆژێك تەرخانكرا تا بەڵگەی خزمەتەكانیان وەك وانەبێژ لە خوێندنگەكانی كەمپی ئاوارەیی پێشكەشبكەن.
راگەیاندنی پەروەردەی كەركوك دەڵێت ئەو دۆسیەیە لە گۆڕەپانی وەزارەتی دارایی عیراقە.
"دۆسیەی وانەبێژانی ئاوارە بەرزكراوەتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە، ئەوانیش رەوانەی وەزارەتی داراییان كردووە و چاوەڕێی وەڵامن تا بتوانن موچە و شایستەی داراییان بۆ خەرجبكەن" بەوتەی سەرچاوەیەك لە راگەیاندنی پەروەردەی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).
عەبدولعەزیز یاسری، وانەبێژی ئاوارە لە كەركوك وتی "نامەوێت لە كۆتاییدا ماندوبونم بە خۆڕایی بڕوات، هیچ كەسێك نەماوە هانامان بۆ نەبردبێت و هیچ ئەنجامێكمان دەستنەكەوتووە قایلمان بكات".