لە زەحمەتی خوێندنەوە بۆ شەقام
يەكەمەكان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا چاوەڕێی دامەزراندنن

بەغداد/ ئەیلولی 2021/ خۆپیشاندانی خاوەن بڕوانامەی باڵا لە بەردەم وەزارەتی دارایی بۆ دامەزراندن فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو - كەركوك

رەئفە عوبێدی (24 ساڵ) بە پلەی نایاب خوێندنی تەواو كردووە و لە یەكەمەكانی ساڵی 2019ی كۆلێژی ئادابی زانكۆی كەركوكە، بەڵام تائێستا دانەمەزرێنراوە.

"لە ساڵی 2017دا یاسای دامەزراندنی سێ یەكەمی كۆلێژەكان دەركرا، بەڵام تائێستا ئەو یاسایە روناكی نەبینیووە و جێبەجێنەكراوە، بۆیە چارەنوسی ئێمەش بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە و هیچ دەرفەتێكی كاركردنمان نەدۆزیوەتەوە لەگەڵ بڕوانامەكەماندا بگونجێت" عوبێدی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بەپێی یاسای ژمارە 67ی ساڵی 2017، سێ یەكەمی كۆلێژ و پەیمانگە حكومییەكان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەكالۆریۆس و دبلۆم دادەمەزرێنرێن.

 

IMG_5584
بەغداد/ ئەیلولی 2019/ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان لە بەردەم وەزارەتی داراییدا مانیانگرتووە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

تەنیا یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگە نین، بارودۆخی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دكتۆرا)ش لەوان باشتر نییە.

رسول مەحمود (28 ساڵ)، خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە پەروەردەدا، یەكێكە لەو كەسانەی چاوەڕێی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی حكومەتە بۆ دامەزراندنی دەرچوانی خوێندنی باڵا، ئەوەش بەپێی یاسای ژمارە 59ی ساڵی 2017 كە تایبەتە بە دامەزراندن و خستنە سەر كاری هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا.

لە ساڵی 2018ـەوە، یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەگەڵ هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لە كەركوك و پارێزگاكانی دیكەی عیراق زیاد لەجارێك گردبونەوەی ناڕەزییان ئەنجامداوە بۆ دامەزراندن.

لە بەشێكی گردبونەوەكاندا روبەڕوی هێرشی دەزگا ئەمنییەكان بونەتەوە، وەك ئەوەی لە 25ی ئەیلولی 2019دا رویدا، كاتێك هێزی "نەهێشتنی گێرەشێوێنی" لە بەغدا، بە لێدان و جنێو و ئاو بڵاوەیان بە خۆپیشاندانێكی بەردەم نوسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشوی عیراق كرد كە داوای دامەزراندنیان دەكرد.

بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی ئەوكات بڵاوكرانەوە، دەردەكەوێت هێزە ئەمنییەكان لە ژمارەیەك ئافرەتی خۆپیشاندەر دەدەن، ئەوەش ناڕەزایی لە نێو خەڵكدا لێكەوتەوە.

سەرباری ئەوەش خۆپیشاندان بۆ داواكردنی دامەزراندن كۆتایینەهات، دوایین ناڕەزایی كەوتە ئەیلولی ئەمساڵ و مانگرتنیان راگەیاند كە تائێستاش لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەغدا بەردەوامە.

ڤیدیۆ: ناڕەزایی خاوەن بڕوانامەی باڵا بۆ دامەزراندن

 

دەمەقاڵێ

"دواخستن و جێبەجێنەكردنی بڕیاری دامەزراندنی یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامەی باڵا بەهۆی وەزارەتی داراییەوە" بەوتەی نەجدەت فایەق، نوێنەری یەكەمەكانی كەركوك و بەشداربوی خۆپیشاندانەكان.

نوێنەری یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامەی باڵا لە هەر پارێزگایەك پێكەوە سەردانی ئەنجومەنی راژەی فیدراڵییان كردووە و لەگەڵ مەحمود تەمیمی، سەرۆكی ئەنجومەنەكەدا كۆبونەتەوە و رایگەیاندووە لە وەزارەتی داراییەوە رەزامەندی لەسەر راژەكان بدرێت بۆ زیادكردنی دامەزراندن و تەرخانكردنی بودجە، تا فۆڕم بەو كەسانە بدرێت كە دامەزراندن دەیانگرێتەوە.

نەجدەت دەڵێت لەگەڵ لێپرسراوانی حكومەت وەك تەیف سامی، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی لە سەرەتای مانگی ئەیلول، كە دەمەقاڵێ لە نێوان ئەو و نوێنەرانی خۆپیشاندەراندا دروستبووە و پێیوتون "بودجە بۆ دامەزراندتان نییە".

بەبڕوای نەجدەت فایەق قسەكانی ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی دارایی دژیەكە لەگەڵ قسەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی راژە و سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، كە هەردوكیان لە دیداری نوێنەرانی یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامەكاندا جەختیانكردەوە دامەزراندن بەشی ئەوان هەیە.

 

سەرەتای چارەسەر

هەوڵی یەكەمەكان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا وایكرد ئەنجومەنی راژە بە 25ی ئەیلولی 2021دا پرۆسەی دامەزراندنی هەزار و 50 خاوەن بڕوانامەی باڵا رابگەیەنێت.

هەروەها لە 22ی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجومەنەكە ناوی ئەو یەكەمانەی زانكۆ و پەیمانگەكانی بڵاوكردەوە كە یاسای ژمارە 67ی ساڵی 2017 دەیانگرێتەوە، تا بتوانن فۆڕی ئەلیكترۆنی دامەزراندن پڕبكەنەوە.

دوای تێپەڕینی پێنج ساڵ لە یاساكانی ژمارە 59 و 67ی ساڵی 2017، هێشتا یەكەمەكان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا چاوەڕێی جێبەجێكردنی یاساكان و رەخساندنی هەلیكار لە كەرتی حكومی دەكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT