لە كەركوك بێ ڤـاكسین ئیشت نـاڕوات

كه‌ركوك/ 2021/ ئاماده‌كردنی ڤاكسینی كۆرۆنا بۆ ئه‌وه‌ی له‌رێی سرنج و له‌ شانه‌وه‌ له‌ هاوڵاتی بدرێت فۆتۆ: ته‌ندروستی كه‌ركوك

گۆران بابان – كەركوك ناو

بژاردەكانی ئیدارەی كەركوك هیچیان بەدڵی سەحەر مەحمود نین؛ نە دەیەوێت ڤاكسین وەربگرێت نە هەفتانەش پشكنینی كۆرۆنا بكات، بۆیە چەند رۆژێك ناچێتەوە بۆ دەوام.

بایكۆتی دەوامیش لە بەرژەوەندی سەحەردا نییە و ئەگەر رۆژەكانی ئامادەنەبونی لە زانكۆی كەركوك زیاتر بێت رەنگە روبەڕوی لێپرسینەوە تا لەدەستدانی كارەكەیشی ببێتەوە.

"باوەڕم بە ڤاكسینی كۆرۆنا نەبوو، چونكە لە ئایندەدا دەڵێن مەترسی بۆ سەر تەندروستی دروستدەكات" سەحەر بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەوەی ترسەكەی لە ڤاكسین زیاتر دەكات نەخۆشییەكەیەتی؛ رەبۆی هەیە.

بژاردەكەی دیكەش زەحمەتترە و ناتوانێت بۆ ماوەیەكی دیارینەكراو هەفتانەش پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات.

هەرچەندە باوەڕم بە ڤاكسین نەبوو، بەڵام نەمدەتوانی پابەندی بڕیارەكەش نەبم

"هەرچەندە باوەڕم بە ڤاكسین نەبوو، بەڵام نەمدەتوانی پابەندی بڕیارەكەش نەبم، چونكە لە دەوام بە ئامادەنەبوو هەژمار دەكراین، بۆیە دوای راوێژ بە تیمە تەندروستییەكان ئامۆژگارییان كردم چوار یەكی ڤاكسینەكە وەربگرم و بەجۆرەش كاریگەری لەسەر تەندروستی نابێت" سەحەر دەڵێت لە كۆتاییدا و بەپێی راوێژی تیمی تەندروستی، بەوشێوەیە ڤاكسینی وەرگرتووە تا بتوانێت بچێتەوە دەوام.

بەپێی نوسراوێكی ئیدارەی پارێزگای كەركوك، كە لە 22ی ئابی 2021 بە واژۆی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئاڕاستەی فەرمانگە حكومییەكان كراوە؛ لە 1ی ئەیلولی ئەمساڵەوە هەر فەرمانبەرێك یان هاوڵاتییەك مەرجە بۆ چونە ناو فەرمانگەكان كارتی وەرگرتنی ڤاكسینی پێبێت.

هەر فەرمانبەر و هاوڵاتییەك ڤاكسین وەرنەگرێت وەك لە نوسراوەكەدا هاتووە پێویستە پشكنینی كۆرۆنای پێبێت كە توشی ڤایرۆسەكە نەبووە، ئەو پشكنینەش بۆ هەفتەیەكە و پێویستە دواتر پشكنینی دیكە بكات.

vaccin-1
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ هاوڵاتییەكی كەركوك ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرێت فۆتۆ: تەندروستی كەركوك

"بڕیارە زۆرەملێیە و ناچاربوم بەوهۆیەوە ڤاكسین وەربگرم، تا روبەڕوی سزا نەبمەوە یان لە دەوام بە ئامادەنەبوو هەژمار نەكرێم" رەحیم عەبدوڵا (30 ساڵ) وای وت، ئەو لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەكانی ئاوی كەركوك فەرمانبەرە و بۆ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا ترسی لە وەرگرتنی ڤاكسین هەبووە.

نوسراوەكەی ئیدارەی پارێزگای كەركوك پاڵپشتە بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە حوزەیرانی 2021دا كە لەسەر راسپاردەی وەزارەتی تەندروستی و بە ئامانجی دروستكردنی بەرگری دژی كۆرۆنا، وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینیان كردۆتە مەرج و هەر كەسێكیش پێوەی پابەند نەبێت سزاكەی ئەوەیە بە ئامادەنەبوو لە دەوامەكەی هەژماردەكرێت.

بڕیارەكەی حكومەتی فیدراڵی بۆ فەرمانبەرانی حكومی، دامەزراوە و فەرمانگەكانی كەرتی تایبەت، خوێندكار و مامۆستایان لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و ئەهلییەكان، خوێندكارانی تەمەن سەروو 18 ساڵە لەگەڵ هەر هاوڵاتییەك بۆ كاروباری حكومی و مامەڵە سەردانی فەرمانگەكان بكات.

تەنیا ئەو كەسانە لە بڕیارەكە دەبەخشرێن كە بە راپۆرتی پزیشكی دەیسەلمێنن ناتوانن ڤاكسین وەربگرن یان سێ مانگ بەسەر توشبونیان بە كۆرۆنا تێپەڕ نەبووە.

لە ئێستاوە مامۆستایان پێش ئەوەی دەست بە دەوام بكەنەوە ڤاكسین وەردەگرن

عومەر قادر، یاریدەدەری بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت فەرمانبەرەكانیان بەپێی رێكارەكانی ئەو بڕیارە ڤاكسینیان وەرگرتووە و تەواوی میلاكاتی پەروەردەش دەگرێتەوە لە نێویاندا مامۆستایان.

"لە ئێستاوە مامۆستایان پێش ئەوەی دەست بە دەوام بكەنەوە ڤاكسین وەردەگرن و بەشێكی كەمیان ماون خۆیان بكوتن، ... چاوەڕێدەكرێت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان (لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021) و لەسەروبەندی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن جارێكیتر فشار بخرێتە سەر ئەو مامۆستایانەی ڤاكسینیان وەرنەگرتووە، چونكە بڕیارەكە بۆ هەموانە و دەبێت ڤاكسین وەربگرن" بەوتەی عومەر قادر.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، مەرجی وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینی هەفتانە لە زۆربەی فەرمانگەكاندا بەسەر فەرمانبەراندا جێبەجێدەكرێت بەڵام بۆ هاوڵاتیان و ئەوانەی بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان سەردان دەكەن، لە زۆربەی فەرمانگەكاندا تەنیا داوای بەستنی دەمامك-یان لێدەكەن، بەبێ داوای كارتی ڤاكسین یان ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنا.

vaccin-5
كه‌ركوك/ 2021/ 75 ناوەندی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا به‌ هاوڵاتیان هەیە فۆتۆ: ته‌ندروستی كه‌ركوك

پەروین ناوی خوزراوی فەرمانبەرێكی كەركوكە و دەڵێت ئامادەنەبوو ڤاكسین وەربگرێت، بۆیە لەپێناو دەوامەكەیدا "هەوڵمدا پسوڵەی ساختەی وەرگرتنی ڤاكسین بكەم" بەڵام هەوڵەكەی سەرینەگرتووە و دواتر لە ترسی لێپێچینەوە و سزای یاسایی جارێكیتر هەوڵی نەداوەتەوە.

"بۆیە ڤاكسینم وەرگرت و ئێستا دەوامی خۆم دەكەم" ئەو ژنە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

بەپێی یاسای سزادانی عیراقی هەر پرۆسەیەكی ساختەكاری كە بە زیانی گشتی بكەوێتەوە سزای زیندانی و غەرامەی بۆ دانراوە و لە هەندێك تاواندا دەگاتە 15 ساڵ زیندانی.

سەرچاوەیەك لە دیوانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت تائێستا هیچ فەرمانبەر و كارمەندێكی كەرتە جیاوازەكان بەهۆی وەرنەگرتنی ڤاكسین و یان ئەنجامنەدانی پشكنینی هەفتانەی كۆرۆناوە سزانەدراون، ئەو مەرجەش "تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدایە و هەوڵێكە بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری پەتای كۆرۆنا، بۆیە هیواخوازین هەموو فەرمانگەكان بە بڕیارەكەوە پابەندبن".

هەروەها جەختیكردەوە هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ دابینكردنی ڤاكسینی زیاتر و كارئاسانی تا زۆرترین هاوڵاتی بتوانن خۆیان بكوتن.

خواستی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیاتر بووە

لە عیراق سێ جۆر ڤاكسین لە زۆربەی بنكەكانی كوتاندا بەردەستن، ئەوانیش ئەسترازێنیكا، فایزەر و سینۆفارم.

هیشام ئەحمەد، پۆلیسی كۆمپانیای نەوتی باكور بێ هیچ دودڵییەك پابەندی بڕیاری وەرگرتنی ڤاكسین بووە و بێ كێشە دەچێتە دەوام، هەوڵیشدەدات خەڵكی دیكە نەترسن و دەڵێت تەنیا كاریگەری لاوەكی كاتی هەیە، بەوتەی هیشام بۆ (كەركوك ناو) ئەو تەنیا شەوێك ئازاری جەستەی هەبووە و دواتر بارودۆخی ئاسایی بۆتەوە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی، زیاتر لە چوار ملیۆن و 727 هەزار هاوڵاتی ڤاكسینیان وەرگرتووە و لەو ژمارەیە زیاتر لە 208 هەزار كەسیان لە كەركوك بون، لەكاتێكدا تا كۆتایی مانگی ئاب ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین لەو پارێزگایە 147 هەزار كەس بون.

vaccin (2)-1
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ پێدانی ڤاكسین بەفەرمانبەری دیوانی پارێزگا فۆتۆ: راگەیاندنی پارێزگا

سامان یابە، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت خواستی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین زیاتر بووە، بۆیە ژمارەی ژەمەكانی ڤاكسین لە ناوەندەكانی كوتان كەمبۆتەوە، بەڵام داوایدەكەن و لە بەغداوە بڕی زیاتری ڤاكسینیان پێدەگات.

لە كەركوك 75 ناوەندی پێدانی ڤاكسین كراونەتەوە.

"خواستی هاوڵاتیان بە پلەی یەكەم بۆ ڤاكسینی جۆری فایزەرە و بەدوای ئەودا ڤاكسینی سینۆفارم، لەكاتێكدا جیاوازی لە نێوان ڤاكسینەكاندا نییە" بەوتەی یابە، كە جەختیكردەوە پابەندی فەرمانبەران بە بڕیاری وەرگرتنی ڤاكسینەوە لە "ئاستێكی باشدایە".

مەرجی وەرگرتنی ڤاكسین و پشكنینی هەفتانەی كۆرۆنا بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران، كارمەند و كرێكارانی مۆڵ، چێشتخانە، خواردنگە و دوكانەكانیش دەگرێتەوە.

تائێستا زیاتر لە دوو ملیۆن هاوڵاتی عیراقی توشی كۆرۆنا بون و لەو ژمارەیەش 22 هەزار و 221 كەس گیانیانلەدەستداوە، لەنێو توشبوەكانیشدا

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT