شــەبـەك بە كورسییەك قایل نین

نەینەوا/ ئەیلولی 2021/ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ناوەندی شاری موسڵ فۆتۆ: شەعلان حەیالی

عەمار عەزیز – نەینەوا

پێكهاتەی شەبەك، هەشت كاندیدیان بۆ تاكە كورسییەكەی كۆتا هەیە و لەچوارچێوەی حزبەكانی دیكەشدا هەوڵدەدەن كورسی زیاتری پەرلەمانی عیراق بەدەستبهێنن.

لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، یەك كورسی كۆتا بۆ پێكهاتەی شەبەك لە پارێزگای نەینەوا دانراوە، كە هەشت كاندید بەشێوەی سەربەخۆ و لە دەرەوەی حزب، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

هەشت كاندیدەكەی شەبەك لە نەینەوا هیچ ئافرەتێكیان تێدانییە.

"لەو هەشت كاندیدەی شەبەك دواتر سێ كاندید پاشەكشێیان كرد، ئێستا تەنیا پێنج كاندید ماونەتەوە و كێبڕكێی كورسی كۆتا دەكەن" سەدام حسێن موسا، كاندیدی كورسی كۆتای شەبەك وای وت. بەڵام ناوی هەر هەشت كاندیدەكەی شەبەك لە لیستی دەنگدانی كۆمسیۆندا دەمێننەوە و ناسڕدرێتەوە.

سەدام، پیشەی پارێزەرە و دەڵێت بەشێك لە كاندیدەكانی شەبەك لەلایەن حزبەكانەوە پشتگیری دەكرێن و بەناوی سەربەخۆوە دەچنە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە، ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دەرەوەی كۆتا و بۆ كورسی گشتی چوار كاندیدی شەبەك هەن ئەوانیش لەسەر لیستەكانی هاوپەیمانی فەتح (بە سەرۆكایەتی هادی عامری)و دەوڵەتی یاسا (بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی)".

پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمان كراوە بە هەشت بازنەی هەڵبژاردن و لە هەموو بازنەكانەوە دەنگدەران دەتوانن دەنگ بە كاندیدەكانی شەبەك بدەن كە ژمارەكانیان لەلیستەكەدا 170 تا 177ـە.

shabak-2
نەینەوا/ ئەیلولی 2021/ بانگەشەی كاندیدێكی شەبەك فۆتۆ: راگەیاندنی كاندیدی شەبەك سەدام حسێن موسا

سەدام حسێن رونیكردەوە لە هەڵبژاردنی رابردودا 24 هەزار دەنگدەری شەبەك هەبون لە نەینەوا و چاوەڕێدەكەن لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەكە بگاتە نزیكەی 30 هەزار دەنگدەر، "بەڵام كاندیدی زۆر هەن و بەوهۆیەوە دەنگی هاوڵاتیانی شەبەك پەرت و بڵاو دەبن".

لە نێو تۆماری دەنگدەرانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا؛ دەنگدەرانی شەبەك لە دەنگدەرانی گشتی عیراق جیانەكراونەتەوە.

ریاز كاكەیی، لێپرسراوی كاروباری حزب و هاوپەیمانێتییەكان لە ئۆفیسیی نەینەوای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە (كەركوك ناو )ی وت "لە دەرەوەی كۆتا نازانین چەند هاوڵاتی شەبەك خۆیان كاندید كردووە چونكە لای ئێمە لەسەر بنەمای پێكهاتە جیانەكراونەتەوە و بەهۆی دابەشبونیشیانەوە لە ناوچەكانی موسڵ ژمارەی وردی دەنگدەرانیان نازانین".

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایاری 2018دا، شەبەك بە 15 كاندید بەشداربون و توانییان دوو كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكەن، یەكێكیان كورسی كۆتا و ئەویتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی فەتح-ی شیعە.

غەزوان داودی، ئەندامی ئەنجومەنی هەڵوەشاوەی پارێزگای نەینەوا لە پشكی شەبەك رەخنەی لە حزبە كوردییەكان هەیە كە نەیانتوانیووە هاوڵاتی شەبەك كاندید بكەن بۆ پەرلەمان، تەنیا لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی هەبووە و لەلایەن كۆمسیۆنەوە ناوی دەرهێنراوە.

كاندیدی زۆری شەبەك هەن و دەنگی پێكهاتەكە پەرت دەبێت

"كاندیدەكانی شەبەك لە حزبە شیعەكانەوە نزیكن و هەر كەسێكیان دەربچن لەگەڵ كورددا نابن، ئەوەش زیان بە شەبەك دەگەیەنێت" داودی بۆ (كەركوك ناو) وای وت بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدات لەسەر ئەو زیانانەی پێیوایە بەوهۆیەوە بەر شەبەك دەكەوێت.

بەپێی ئامارە نارەسمییەكان ژمارەی شه‌به‌ك به‌ 300 بۆ 350 هه‌زار كه‌س له‌ عیراق هه‌ژمارده‌كرێت؛ زیاتر لە سه‌دا 60یان له‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌ و ئه‌وانیتر سونه‌مه‌زهه‌بن، به‌ زۆری ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌كانی باشیك، به‌رتڵه‌، حه‌مدانیه‌، تلكێف و چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی موسڵ و گونده‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا.

"كۆمسیۆنی ناوی كاندیدەكەی ئێمەی لە پێكهاتەی شەبەك بۆ كورسی گشتی دەرهێنا، لە دەسەڵاتی ئێمەدا نەبوو، بە دڵنیاییەوە دەبوایە كاندیدمان هەبوایە بەڵام دەنگدەرانی ئێمە لەناو شەبەك دەنگ بە كاندیدەكانی دیكەمان دەدەن" بەوتەی مەناف حەسەن، لێپرسراوی بەشی هەڵبژاردنی لقی 14ی موسڵی پارتی.

مەناف دەڵێت هێندەی زانیارییان هەیە دەنگدەرانی شەبەك 30 تا 35 هەزار كەس دەبن، لەكاتێكدا هیچ حزبێكی كوردی كاندیدی شەبەك-ی نییە، ئەوەش بە زیانی كۆی دەنگی كورد لە نەینەوا دەشكێتەوە.

شەبەك هاوشێوەی كەمینەكانی تر روبه‌ڕوی ده‌ستدرێژی و په‌لاماری چه‌كدارانی (دەوڵەتی ئیسلامی - داعش) بونه‌وه‌ له‌ دوای ساڵی 2014 و به‌وهۆیه‌وه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بون و له‌ دوای ساڵی 2017ه‌وه‌ دەستیانكرد بە گەڕانەوە و هێشتا لە كۆی 664 هەزار ئاوارەی هەرێم سەدا 10یان لە شەبەك، كاكەیی، توركمان و ئەرمەن پێكدێن.

bangasha musll
نەینەوا/ ئەیلولی 2021/ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە ناوەندی شاری موسڵ فۆتۆ: شەعلان حەیالی

سالم محەمەد، وەك نوێنەری شەبەك لە هەرێمی كوردستان خۆی دەناسێنێت و بە (كەركوك ناو)ی وت "هاوڵاتیانی شەبەك لە حزبە كوردییەكان توڕە و نیگەرانن، چونكە كەسیان كاندیدی شەبەك-یان نییە"، ئەو دەڵێت هێندەی زانیاری هەیە و بەدواداچونی كردووە "نزیكەی 50 هەزار دەنگدەری شەبەك هەن و جگە لە كورسی كۆتا پێنج كەس لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانێتییە عەرەبییەكاندا خۆیان كاندید كردووە".

دەنگدەرانی عیراق، لە هەر نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك بن، دەتوانن دەنگ بە كاندیدی كورسی كۆتا بدەن ئەگەر لە سنوری بازنە و پارێزگاكەیاندا هەبون، ئەوەش بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان، كە لە كۆی 329 كورسی تەنیا 9 كورسی بۆ كەمینە تەرخانكردووە و 67 كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

لەو نۆ كورسییەی كەمینە؛ پێنج بۆ كریستیانە و هەریەك لە شەبەك، ئێزیدی، سابیئەی مەندائی و كوردی فەیلی یەكی یەك كورسییان هەیە.

غەیاس سورچی، لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە موسڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو هەڵبژاردنێك كاندیدی شەبەك-مان هەبووە بەڵام ئەمجارە بەسێ هۆكار كاندیدمان لەو پێكهاتەیە نەبوو؛ یەكەم لە دوای هاتنی داعش و روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 زۆرینەی شەبەك چونە پاڵ حزبەكانی عەرەب و شیعە، دوەم ئەگەر كاندیدمان هەبوایە فشاری زۆری دەخرایە سەر و سێیەمیش كاندیدمان هەبوایە دەنگی پێویستی بەدەستنەدەهێنا".

بەبڕوای سورچی باڵادەستی هێزێكی چەكداری شیعە لە ناوچەكانی نیشتەجێبونی شەبەك، "كاریگەری زۆر دەكاتە سەر دەنگی حزبەكانی كورد و ئەوانەی دەیانەوێت دەنگ بە كاندیدی كورد بدەن"، لەكاتێكدا هاوپەیمانییەكەی ئەوان لەگەڵ گۆڕان، هاوپەیمانی كوردستان، دەنگی لەناو هاوڵاتیانی شەبەك-دا هەیە، وەك غەیاس سورچی دەڵێت.

لە پارێزگای نەینەوا؛ دوو ملیۆن و نیو دەنگدەر هەن، لەگەڵ زیاتر لە 420 كاندید كە بەپێی یاسای هەڵبژاردن 31 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراقی بۆ دانراوە، جگە لە سێ كورسی كۆتای ئێزیدی، كریستیان و شەبەك.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT