ژمارەیەك كاندیدی كەركوك لە نەتەوە جیاوازەكان تۆمەتبار دەكرێن بە بەكارهێنانی موڵك و ماڵ و باڵەخانەی حكومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەوەش بە پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق.
لەو كاندیدانە سدیق عومەر، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان (یەكێتی و گۆڕان)، ڤاكسینی كۆرۆنای بۆ چەند گوندێك بردووە و دواتر وەكو بانگەشە لە سۆسیال میدیا بەكاریهێناوە، خەبات ئەسعەد کاندیدی سەربەخۆ، كە هاوكات سەرپەرشتیاری مەیدانی پڕۆژەكانی ناو شارە، لەسەر پڕۆژەیەكی رێگاوبان ژمارە و بازنەی كاندیدبونی خۆی لێداوە و بڵاویكردۆتەوە.
هەریەكە لە راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك و كاندیدی هاوپەیمانی عەرەبی لە كەركوك لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی، كاندیدی هاوپەیمانی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو، تۆمەتباركراون بەوەی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی پارێزگای كەركوكیان كردە كۆتا رۆژەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەرچەندە هێشتا باڵەخانەكە دەوامی تیادا ناكرێت.
سدیق عومەر، كە زیاتر لە سێ ساڵە لە پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک نەماوە و ئێستا كاندیدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە لە چوارچێوەی لیستی هاوپەیمانی كوردستان، لە 24ی ئاب لە پۆستێكیدا لە پەیجەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، جەختیكردەوە "هەستاین بە دابینكردنی ژمارەیەكی زۆر لە ڤاكسین بۆ ناوچەكانی خاڵخاڵان، قەرەناو و تەقتەق" و لەگەڵیادا وێنەی خۆی بڵاوكردۆتەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە ئەو لەئێستادا هیچ بەرپرسیارێتییەكی لە فەرمانگەی تەندروستی كەركوكدا نییە و كاندیدیشە بۆ پەرلەمانی عیراق.
لەوبارەیەوە سدیق عومەر بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەو کارەی من کردومە بۆ بەرژەوەندی گشتی و تەندروستی هاوڵاتیان بووە، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیم بەرامبەر هاوڵاتیان ئەو کارەم کردووە".
بەبێ ئەوەی رونیبكاتەوە ڤاكسینەكەی لە كوێ بووە، سدیق عومەر وتی "كارەكەی من بانگەشە نییە و خزمەتی بەرژەوەندی گشتیم كردووە".
ئەمە لەکاتێکدا ناوبراو لە چەندین پۆستی سۆسیال میدیا-دا وێنەی گەیاندنی ڤاكسینەكانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارهێناوە.
سەرچاوەیەک كە لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بەرپرسیارێتی هەیە، نەیشاردەوە ئەو كارەی سدیق عومەر بە "هەماهەنگی بووە لەگەڵ تیمەكانی فەرمانگەكەیان و د. نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی ئاگادارە و ڤاكسینەكەی پێداوە". ئەو پێیوابوو "ئەو كارە ئاساییە".
بەڵام بەپێی ماددەی 27 لە یاسای هەڵبژاردنەكان، رێگە بە كارمەندانی دەوڵەت یان دەسەڵاتە ناوخۆییەكان نادرێت كە پێگەی وەزیفی و كەرەستە لۆجستییەكان و ئامێرەكانی دەوڵەت بۆ بانگەشەی خۆیان یان بۆ كاندیدێك بەكاربهێنن.
هاوكات خەبات ئەسعەد کاندیدی سەربەخۆ لە كەركوك، كە هاوكات سەرپەرشتیاری مەیدانی پڕۆژەكانی ناو شاری كەركوكە، گرتەیەکی ڤیدیۆی پڕۆژەی دوو سایدی گەڕەکی سەرچناری لەناو كەركوك بە ژمارەی كاندیدبونی خۆی و بازنەكەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاودەكردۆتەوە. لەكاتێكدا پڕۆژەكە لەسەر بودجەی ئیدارەی شار جێبەجێدەکرێت.
خەبات ئەسعەد، بە (كەركوك ناو)ی وت "قسەکردنم لەسەر ئەو پڕۆژەیە لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی پڕۆژەكاندا بووە، وەكو پۆستە وەزیفییەكەم... دانانی ژمارەی کاندید بونەكەم و بازنەكەم بەبێ ئاگاداری من بووە و ئادمینی پەیجەكەم ئەو كارەی كردووە".
راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت، كە هاوكات یەكێكە لە كاندیدەكانی پەرلەمان لە كەركوك، لە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردندا رۆژی 4ی تشرینی یەكەم، بینای نوێی پارێزگای كەركوكی كردەوە، ئەوەش بەلای هەندێك كەس و لایەنەوە بەشێكە لە بەكارهێنانی باڵەخانە و موڵكی دەوڵەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.
ڤیدیۆ: كردنەوەی بینای نوێی پارێزگای كەركوك. كەركوك ناو
راكان سەعید لە كردنەوەی بیناكەدا ژمارەیەك كاندیدی تری لەگەڵ بوو، لە نێویاندا ئەرشەد ساڵحی، كاندیدی هاوپەیمانی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو.
ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا دەوام لەو بینایە دەستیپێنەكردووە.
بەپێی ماددەی 25 لە یاسای هەڵبژاردنەكان، بەكارهێنانی باڵەخانەی وەزارەتەكان و دامەزراوە جیاوازەكانی دەوڵەت و پەرستگاكان بۆ هەر جۆرە بانگەشەیەكی هەڵبژاردن و كاندیدەكان قەدەغەیە.
نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە 6ی تشرینی یەكەم، لەبارەی كردنەوەی بینای نوێی پارێزگاری كەركوك، جەختیكردەوە "كردنەوەی باڵەخانەكە لەمكاتەدا پێشێلی یاسای هەڵبژاردنە و نەزاهەتی هەڵبژاردن لە کەرکوک دەخاتە ژێر پرسیارەوە، ئەمە لەکاتێکدایە بە هیچ شێوەیەک ئەو باڵاخانەیە دەستکەوتی ئەو (راكان سەعید) نییە...".
یەكێتی راكان سەعید تۆمەتبار دەكات بەوەی "هەستاوە بە قۆزتنەوەی پۆستە وەزیفییەكەی بە بەكارهێنانی داهات و هۆكارە گشتییەكانی دەوڵەت بۆ رەواجپێدانی خۆیی و ژمارەیەك بەربژێری دیكە، ئەمەش خۆی دەبینێتەوە لە كردنەوەی بینای نوێی پارێزگای كەركوك كە خۆی و چەند كاندیدێك دەردەكەون و پێكەوە قردێلەی كردنەوەی بیناكە دەبڕن بۆ راكێشانی سەرنج بۆ سەر خۆیان و رەواجدان بەخۆیان لەڕوی راگەیاندنەوە".
هەستاوە بە قۆزتنەوەی پۆستە وەزیفییەكەی بە بەكارهێنانی داهات و هۆكارە گشتییەكانی دەوڵەت بۆ رەواجپێدانی خۆیی و ژمارەیەك بەربژێری دیكە
"بەداخەوە دەبینین هەندێك هێز و حیزب و كاندید پابەندنابن بە چوارچێوە یاساییەكانی تایبەت بە رێكخستنی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بەجۆرێك دۆخەكە گەیشتۆتە ئەوەی كە پۆستە وەزیفییەكان بۆ رەواجپێدانی هەڵبژاردن دەقۆزرێتەوە"، بەپێی بەیاننامەی تیمەكەی یەكێتی.
دیلان غەفور، كاندیدی سەربەخۆ كە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ دەربڕیوە و بانگەشەی بۆ دەكات، یەكێكە لەو كاندیدانەی كەركوك كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە لەسەر پێشێلكاریی سزادراوە.
دیلان بەپێی ماددەی 19 لە پەیڕەوی بانگەشەی هەڵبژاردن، كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە ژمارە 5 لە ساڵی 2020 دەریكردووە، بە بڕی پێنج ملیۆن دینار سزادراوە، ئەوەش بەهۆی بەكارهێنانی ناو و لۆگۆی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە پۆستەرەكانی، چونكە دیلان لای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەر بەشێوەی سەربەخۆ تۆماركراوە.
بەپێی ئەو ماددەیە هیچ كاندیدێك رێگەپێدراو نییە، وێنە و ناوی سەرۆكی حزب و ئەو هاوپەیمانییە سیاسییانە بەكاربهێنێت، كە سەر بە ئەوان نین و لە چوارچێوەی ئەواندا كاندید نییە.
بەپێی بڕیاری سزادانەكەی دیلان غەفور لەلایەن كۆمسیۆنەوە، كە لە 5ی تشرینی یەكەم دەركراوە، دەبێت لە ماوەی سێ رۆژدا، ئەو پۆستەرانەی هەڵیواسیوە لێبكاتەوە، ئەگەرنا غەرامەكە دوو هێندە زیاتر دەبێت.