نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە تاکە کاندیدی حزبەكەی لە بازنەی ٢ی کەرکوک تەنیا دکتۆر گەیلان قادرە، ئەوەش لەكاتێكدایە كاندیدێكی تری لە هەمان بازنە هەیە.
ئەو هەڵوێستە نوێیەی سەرۆكی هاوپەیمانی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا هاتووە كە ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی ئەكەم بڵاویكردۆتەوە و تیادا جەختدەكاتەوە لە پشتیوانی یەك كاندید لە بازنەی دووی كەركوك.
"چەند رۆژێکە لەڕێی تەلەفونەوە، پەیوەندی بە ھاوڵاتیانی شاری کەرکوکەوە دەکرێت بە ناوی نوسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانییەوە و داوا لە ھاوڵاتییان دەکرێت کە؛ دەنگ بدەن بە دکتۆرە ئاشتی، بۆیە بە پێویستمانزانی بۆ رایگشتیی و کەرکوکییە خۆشەویستەکان بەتایبەت رونبکەینەوە کە؛ بەھیچ شێوەیەک ئێمە ئاگاداری ئەو پەیوەندییانە نین و تاکە کاندیدی ھاوپەیمان کوردستانیش لەبازنەی (٢)ی کەرکوک تەنھا گەیلان قادرە"، بەپێی رونكردنەوەكەی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی.
هەروەها هاتووە "داوامان وایە لەو بازنەیە دەنگەکانتان ھەر بۆ ئەو بێت (گەیلان قادر) نەک کەسی تر، ئەو بڕیارەش لەبەر رۆشنایی بەرژەوەندی ھاوپەیمانی کوردستان و گشتی دراوە".
هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی دووی كەركوك دوو كاندیدی هەیە و هەردوكیان یەكێتین، ئەوانیش ئاشتی مەهدی و گەیلان قادرن، كە لەگەڵ عەرەب و توركمان و ژمارەیەك كاندیدی تری كورد كێبڕكێی بەدەستهێنانی چوار كورسی ئەو بازنەیە دەكەن.
لە 4ی تشرینی یەكەم، ئاشتی مەهدی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هەوڵێک هەبوو لەلایەن حزبەكەمەوە لە بازنەی دووی كەركوك دورمبخەنەوە، بەڵام من پێداگریم كرد لەوەی بمێنمەوە و لە بانگەشە بەردەوامبم".
زیاتر وتی "لەوكاتەوە یەکێتی زیاتر کار بۆ دەرچونی گەیلان قادر دەکات –لە هەمان بازنەی هەڵبژاردن- و پشتیوانی زیاتری ئەو دەكات بەراورد بە من".
ئەمە دووەم حاڵەتی پشتتێكردنی یەكێتییە لە ژنە كاندیدەكانی لە پارێزگای كەركوك، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە لەسەرەتای ئابی رابردودا بڕیاریدا بە پشتیوانیكردنی دیلان غەفور، كاندیدی سەربەخۆ لەجێی ئاڵا تاڵەبانی، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی یەكی كەركوك.