13 حاڵەتی لە كاركەوتنی ئامێرەكانی دەنگدان لە كەركوك تۆماركراون

دیالە/ 10ی تشرینی یەكەمی 2021/ بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە خانەقین. فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

كەركوك ناو

لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای كەركوك، 13 حاڵەتی لەكاركەوتنی ئامێرەكانی دەنگدان تۆماركراون، ئەوەش لە سەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی دەنگداندا و دواتر چارەسەركراون.

لەو 13 ئامێرە، پێنجیان لە ناوچەی عەمەلە شەعبی كەركوك، چواری تریان لە ناحیەی رەشاد لە قەزای حەویجە، چوار ئامێرەكەی تر لە هەریەكە لە گەڕەكەكانی، تسعین، ئەسراو مەفقودین، قەزای داقوق و دوبز تۆماركراون، بەپێی وتەی عەلی عەباس، لێپرسراوی راگەیاندنی نوسینگەی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق.

جەختیشیكردەوە لەكاركەوتنی ئامێرەكان بەهۆی "كێشەی هونەری"یەوە بون و وتی "تیمەكانی چاككردنەوە سەردانی وێستگەكان دەكەن بە بەمەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتانە".

"بەشێك لە چاودێرەكان بە تەمەنن و شارەزاییان نییە لە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان، سەرەڕای ئەوەی خولمان بۆ كردونەتەوە لەسەر بەكارهێنانی ئەو ئامێرانە". عەلی عەباس وای وت.

بەشێك لە چاودێرەكان بە تەمەنن و شارەزاییان نییە لە بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان

"لەسەرەدا وەستابوین بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان بدەین، بەڵام پێمان راگەیەنرا كە گرفتێكی بچوك لە ئامێرەكاندا هەیە، دواتر دەركەوت ئامێرەكانی سێ وێستگەی دەنگدان لەكاركەوتون لە قوتابخانەی قەنات لەناحیەی ریاز"، بەوتەی دەنگدەرێك بەناوی بورهان عەسافی.

ئەو دەنگدەرە وتیشی ئەو حاڵەتە "نیگەرانی" لەنێو دەنگدەراندا دروستكردووە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، لە پارێزگای كەركوك 315 بنكەی دەنگدان كراونەتەوە بۆ ملیۆنێك و زیاتر لە 11 هەزار دەنگدەر.

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT