بە بڕیاری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ژمارەیەك گەنجی كوردی كەركوك ئازادكران، دوای دەستگیركردنیان بەتۆمەتی نانەوەی ئاگری پشێوی، كە یەكێتی و پارتی یەكتری بە هەڵگیرساندنی تۆمەتباردەكەن.
لە دوو شەوی رابردودا 65 گەنجی كورد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراق و بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی شارەكە دەستگیركران و تا ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی تشرینی یەكەمی 2021 هەمویان ئازادكران، بەوتەی لێپرسراوانی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەو گەنجانە دوو شەوە لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی عیراق لە هەردوو فولكەی ئیخوان لە گەڕەكی رەحیماوا و بازاڕی شۆڕیجە ئاهەنگ دەگێڕن و دواتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان بۆتە دەمەقاڵێ و سەریكێشاوە بۆ بارگرژی.
هێزەكانی لیوای تایبەتی 61ی سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سوپای عیراق و پۆلیسی ناوخۆیی چونەتە هەردوو گەڕەكەكە و هێزیان جێگیركردووە، 65 گەنج دەستگیركراون و ژمارەیەكیش روبەڕی "ئەشكەنجە" بونەتەوە، هێزە ئەمنییەكانیش بەشێكیان بە دەبە و بەرد پەلاماریان دراوە و هەوڵدراوە ئاڵای هەرێمی كوردستان و یەكێتی و پارتی بخرێتە سەر ئۆتۆمبێلەكانیان.
رێبوار تەها، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی دەستگیركراوەكانی كەركوك دوای پەیوەندی تەلەفۆنی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئازادكران.
ئەوەش دوای ئەوەدێت میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە كازمی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، تاوتوێی روداوەكانی كەركوكیان كردووە و بڕیاریداوە بە ئازادكردنی دەستگیركراوەكان.
دوابەدوای روداوەكانی كەركوك و تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شەقامی سەرەكی گەڕەكی شۆریجە و رەحیماوا هێزی سەربازی بە چەكی قورس و تانكەوە بڵاوەیانپێكرابوو، دواتر پاشەكشێیان كرد.
كەمال كەركوكی، سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "بەھۆی ئەو شکستەی تووشی بوونە کە چەند کورسیەکیان لەدەستدا.. ژمارەیەك كەس لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بەچەكەوە لە کەرکووک تەقەیان بەسەر سوپاو ئاھەنگێڕاندا کردووە و بۆتە ھۆی ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و پۆلیس بە ناھەق لەگەڵ چەند گەنجێکی دڵسۆز بە دەست و بە قۆناخە تفەنگ ڕووبەرووی یەک ببنەوە".
ئەو تۆمەتباركردنەی كەركوكی لەكاتێكدایە مەكتەبی سیاسی یەكێتیش هەمان تۆمەت دەخاتە پاڵ پارتی و لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "ھەندێك لایەن و لە نێوانیاندا ھەندێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مەرام و دەستكەوتی بچووكی حیزبی دۆزی گەورەی كەركوك و چارەنووسەكەی و دانیشتوانی دەخاتە بەردەم مەترسی و گەمەی سیاسی، كە ئەمە لای ئێمە جوڵەیەكی سیاسی نالۆژیكییە".
لەو 65 گەنجە، 36 گەنجیان لە گەڕەكی شۆڕیجە و 29ی تریش لە گەڕەكی رەحیماوا بون.
لیوای تایبەتی 61، شەوی رابردوو 12ی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە "هەندێك كەسی نەناسراو شەوی 11ی تشرینی یەكەم، هێرشیانكردتە سەر كاروانێكی سەربازی لە ناوچەی رەحیماوە و ئەمڕۆش (12ی مانگ) هەمان هێرش و دەستدریژی لە شۆڕیجە و موسەڵا دژ بە هێزە ئەمنییەكان دوبارەبونەتەوە".
هەروەها هاتووە كە دوای جوڵەپێكردنی لیوای تایبەتی 61، بۆ ئەو گەڕەكانە، ژمارەیەك "چەكدارمان" لە شۆڕیجە دەستگیركردووە كە نزیكەی 30 كەسن و تۆمەتبارن بە دەستدرێژیی و هەڵكوتانە سەر سوپا.
بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لەڕێی تەلەفۆنەوە گفتوگۆی لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراقدا كردووە و دواتر كازمی بڕیاریداوە هەموو دەستگیركراوەكان ئازادبكات.
هەروەها هاتووە هەردولا "هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک بدرێت، کە ئاژاوە و پشێوی دروست بكەن و زیان بە دانیشتوان و موڵک و ماڵی گشتی بگات".
بەڵام تائێستا (دوانیوەڕۆی چوارشەممە) مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق هیچ راگەیەندراێكی لەبارەی روداوەكانی كەركوكەوە نەبووە.
خالید شوانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ چوارشەممە وتی دەستگیركردنی هاووڵاتیان بەبێ بڕیاری دادگا بووە و راگەیاندنی بارودۆخی نائاساییش لە هەندێك ناوچەی كەركوك "جێی قبوڵ نییە".
هەر لەو كۆنگرەیەدا رێبوار تەها، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی وتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی داوای لە كازمی كردووە "بەلامانەوە گرنگ نییە دەستگیركراوەكان سەر بە چ لایەنێكی سیاسین، بەڵكو ئەوە گرنگە كە ئەوان كوردی كەركوكن و ئەركی ئێمەیە كە بەرگریان لێبكەین".
ئاهەنگ و گردبونەوەكانی كەركوك لەكاتێكدایە، كورد لە پارێزگاكە بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن شەش كورسی لە پارێزگاكە بەدەستهێناوە، ئەوەش هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی 2018یە و دوو كورسیش لە هەڵبژاردنی 2014 كەمترە.
ڤیدیۆ: كۆنگرەی رۆژنامەوانی شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی سەركەوتوی پارتی بۆ پەرلەمان دەربارەی روداوەكانی كەركوك
شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی سەركەوتوی پارتی بۆ پەرلەمانی عیراق لە كەركوك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "لەکاتی ئاهەنگێڕانی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک چەند گێرەشێوێنێک لەلایەن لایەنێکی دیکە کە بەرگەی دۆڕانیان نەکرد خۆیان خزاندە نێو ئاهەنگەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پشێوی دروستکردن و تێکدانی ئاهەنگەکە".
پارتی دوابەدوای روداوەكە بڕیاریداوە ئاهەنگەكانی "سەركەوتنی لە هەڵبژاردندا" لە كەركوك رابگرێت.
دیاری حسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركوك – گەرمیانی پارتی دەربارەی روداوەكانی دوو شەوی رابردوو بە میدیای حزبەكەی وت "كێشەكە لەسەر بابەتێكی زۆر سادە و ساكار دروست بووە، كابرایەكی شۆڤێنی لە نزیك قەرەباڵغییەكی ئێمەوە قسەی وتووە سەری گەنجێكی ئێمەی شكاندووە، لەوێوە كێشەكە گەورە بووە، نەوەك كادر یان پێشمەرگەی ئێمە پەلاماری هێزی عێراقی دابێت".
فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، كە بەهاوبەشی لەگەڵ لیوای تایبەتی 61 و هێزەكانی دیكەدا دۆسیەی ئەمنی شارەكەیان لەژێر دەستدایە لە راگەیەندراوێكدا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە "بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو رێكارێكی یاسایی بگرێنەبەر بەرامبەر بە ئەوانەی هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری شارەكە دەدەن، ئەركی ئێمەیە پارێزگاری لە هاوڵاتیان و موڵك و ماڵیان بكەین".
پارتی دیموكراتی كورستان كە لە هەڵبژاردنی رابردوی پەرلەمانی عیراق لە كەركوك بایكۆتی كرد، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بەشداری كرد و توانی دوو كورسی بەدەستبهێنێت، بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، لە بەرانبەردا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە خاوەنی شەش كورسی بوو تەنیا سێ كورسی مایەوە.