روداوهكانی 12ی ئۆكتۆبەر بە چۆڵكردنی بەشێك لە سەنگەرەكان دەستیپێكرد و لە 16ی هەمان مانگ بە گەڕانەوەی حكومەتی فیدراڵی بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆكی تر كۆتاییهات.
رۆژانی پێش پاشەكشێی پێشمەرگە
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بووبون بە دوو بەشەوە، زۆرینەیان لە كەركوك بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی جهلال تاڵهبانی ئەو شوێنانەیان رادەستی حكومەتی ناوەندی دەكرد، كە بەر لەهاتنی داعش، سوپای لێبوو، ئەوانیتر هاوڕای پارتی دیموكرات، دەیانویست بەرەنگاری داواكارییەكانی بەغدا ببنەوە.
بافڵ تاڵەبانی، شەممە 14ی ئۆكتۆبەر بەنهێنی فەرمانی بە هێزەكانی حزبەكەی كرد لەو سەنگەر و ناوچانە بكشێنەوە كە حكومەت 48 كاتژمێری بۆ رادەستكردنەوەیان دانابوو، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە هێزە سەربازیی و ئەمنیەكانی سەر بە یەكێتی لە كەركوك. هەروەها بەشێك لە هێزەكان بەر لەو وادەیەش كشابونەوە.
حكومەت و پەرلەمانی عیراق، لە دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە بڕیاریاندا بە بڵاوەپێكردن و جێگیركردنی هێزی فیدراڵی لە كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك، بۆ ئەو مەبەستە تا كاتژمێر 2ی بەرەبەیانی یەكشەممە 15ی ئۆكتۆبهر 2017ی دانابوو بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە.
بافڵ تاڵەبانی، كە میدیاكانی یەكێتی وەكو لێپرسراوی كاروباری بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەیناسێنن، لە 12ی ئۆكتۆبەر لە پەیامێكدا داوای ئیدارەیەكی هاوبەشی بۆ كەركوك كرد و جەختیكردەوە "ئەگەر پێویست بكات پارێزگارێكی نوێیش دیاریبكرێت"، هەروەها بەپێویستی زانی، یەكێتی دەستپێشخەربێت لە دورخستنەوەی ئاگری شەڕ لە ناوچەكانی جێناكۆك.
بە دوای ئەویشدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە ئەوكات بە خاوەن هەژمون و هێز لەو حزبەدا هەژماردەكرا؛ لە پەیامێكی جیادا داوای هێوربونەوەی دۆخی كەركوك و دان بەخۆداگرتنی كرد لە هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگە.
ئەو دوو پەیامە، بەر لە سەرهەڵدان و چڕبونەوەی ئاڵۆزییەكان بوو لە سنوری كەركوك لە شەوی هەینی 13ی ئۆكتۆبهر، كاتێك هێزە عیراقییەكان كەوتنە جموجۆڵ و پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بوو.
ژمارەیەك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی، لە 13ی ئهو مانگهدا لە ڤیدیۆیەكدا چونە ناوەوەی سەنگەرێكی هێزەكانی پێشمەرگەیان لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی بڵاوكردەوە، فەرماندە سەربازییەكانی ئەو حزبەش، ئەو هەنگاوەیان وەكو تاكتیكی سەربازی ناوبرد.
خۆی كە دەڵێن 16ی ئۆكتۆبەر، 16ی ئۆكتۆبەر نەبوو، لە 12ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكرد
محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان كە ئەوكات وەكو فەرماندەیەكی پێشمەرگە لە كەركوك بوو، ساڵی 2018 لە بەرنامەیەكی كەناڵی ئاسمانی رووداو – نێچیرڤان بارزانی خاوەندارێتی دەكات-، وتی "هەر لە 12ی مانگ تا 15ی مانگ ژمارەیەكی زۆر ناوچە لە كەركوك چۆڵكرا، كە هێزەكانی یەكێتی لێبوو، لەوانە مریەم بەگ، ئەلبو نەجم و ئەلبو محەمەد، سەبعە نیسان و چەند ناوچەیەكی تری قەزای داقوق – باشوری كەركوك-".
وتیشی "ناوچەكان رادەستی هێزە عیراقییەكان دەكران".
ئەو جەختیكردەوە "خۆی كە دەڵێن 16ی ئۆكتۆبەر، 16ی ئۆكتۆبەر نەبوو، لە 12ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكرد، بەڵام 16ی ئۆكتۆبەر تەواوبوو".
هەر بەر لە 16ی ئۆكتۆبەر، هێزەكانی سوپا گەیشتبونە تەللوەرد و مەلا عەبدوڵا، بەبێ تەقە پێشمەرگە پاشەكشێی كرد، تا 15ی مانگ "زۆر ناوچە رادەستی سوپا كرا"، هەر بەوتەی سكرتێری حزبی سۆسیالیست.
ناكۆكی یەكێتیی و پارتی
ئاراستەیەكی نێو پێشمەرگە و یەكێتی بە وتەی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو) كاریان بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ بەغدا دەكرد، بە تایبەت لە كەركوك. ئەوەش تەواو پێچەوانەی راوبۆچونی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكەكەی، مەسعود بارزانی بوو.
ئەوكات بارزانی و فەرماندە سەربازییەكانی پارتی، زیاد لە جارێك رەتیانكردهوه لە هیچ بارێكدا ئامادەی كشانەوەبن بۆ سنورەكانی پێش سەرهەڵدانی داعش و پشتگیری مانەوەی نەجمەدین كەریم-یان كرد وەكو پارێزگاری كەركوك.
ئەوەش دوای ئەوەهات پەرلەمانی عیراق، ناوەڕاستی مانگی ئەیلول و 10 رۆژ پێش ریفراندۆم، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە سەندنەوەی متمانە لە نەجمەدین كەریم وەكو پارێزگاری كەركوك، لە دانیشتنێكدا لە غیابی فراكسیۆنە كوردییەكان.
رۆژێك دوای پەیامەكەی بافڵ تاڵەبانی. هەریەكە لە نەجمەدین كەریم و كەمال كەركوكی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوك (پارتی)، جەختیانكردەوە لە مانەوەی پێشمەرگە و روبەڕوبونەوەی هەر هێزێك، بیەوێت بەرەو كەركوك پێشڕەوی بكات.
ئەو هەڕەشەیە، لەكاتێكدابوو زۆربەی ئەو ناوچە و سنورانەی بەغدا داوای دەكرد، لە ژێر دەستی ئەمنی و سەربازی ئەو ئاراستەیەی ناو یەكێتییدابوو كە داوای ئاشتەوایی دەكرد لەگەڵ ناوەند، لەوانە چەندین بەشێك لە بیرە نەوتییەكان، فڕۆكەخانە و سەربازگەی كەی وهن.
لێپرسراوانی باڵای یەكێتی، لە 13ی ئۆكتۆبهر گفتوگۆكانیان بۆ وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی بەغدا دەستپێكرد، ئەوەش بە ئامادەبونی فواد مەعسوم، سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراق كە بۆ تاوتوێی بارگرژییەكان گەیشتبووە سلێمانی.
بەغدا داوای گەڕانەوەی بۆ ئەو ناوچانە دەكرد كە بەر لە هێرشی داعش بەدەستییەوە بون. لەگەڵ بەشێك لە گێڵگە نەوتییەكان و سەربازگەی كەی وەن.
لەوكاتەدا لەپاڵ هێزە چەكدارەكانی سەر بە پارتی، لیوای تایبەتی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیش لە كەركوك سەنگەریان گرتبوو، بە وتەی نەجمەدین كەریم، داواكارییەكانی عیراق رەتكرانەوە و ئامادەبون بۆ بەرگری لە كەركوك.
كۆسرەت رەسوڵ، كە لە دوای كۆچی دوایی مام جەلال (3ی ئۆكتۆبهری 2017) و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی یەكێتی دەسەڵاتی كەسی یەكەمی هەیە، هاوڕاو پاڵپشتی بڕیارو بۆچونەكانی مەسعود بارزانی بوو، لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەرگریكردن لە كەركوك.
سەرباری هۆشداریی و پەیامەكانی فەرماندەی گشتی پێشمەرگە و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی جموجۆڵ و كۆكردنەوەی هێزی فیدراڵی بۆ پەلاماردانی كەركوك، بەڵام حەیدەر عەبادی و لێپرسراوانی حكومەتی عیراقی رەتیانكردەوە هیچ نیازێكیان هەبێت بۆ هێرش و پەلاماردانی هاوڵاتیانی كورد.
ئەحمەد ئەسەدی، وتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی لە 13ی ئۆكتۆبهر بۆ فرانس پرێس، جەختیكردۆتەوە جوڵەی هێزە عیراقیەكان لە باشوری كەركوك لە چوارچێوەی فەرمانی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانیاندایە، بۆ بڵاوبونەوەی لەو ناوچانەی تا پێش 9-6-2014 تێیدا بوون. وتیشی "بۆ ئەو هەنگاوە، هیچ پشێویی و ململانێ و روبەڕوبونەوەیهكی لابەلا نابێت".
هەوڵی راگرتنی شەڕ
ئاراس شێخ جەنگی، برازای جهلال تاڵەبانی، كە لەو ماوەیەدا زۆرترین دەركەوتنی هەبوو. ساڵیك دوای روداوەكە، لە دیكۆمێنتارییەكی كهناڵی ئێن ئاڕ تی-دا، وتی "سی فرقەی سوپای عیراق و هێزێكی زۆر بەچەكی قورسەوە هاتبون بەرەو كەركوك، یەكێتیی و پارتی و فەرماندەكانیشیان لەهاتنەناوەوەیان بۆ كەركوك ئاگاداركردبۆوە".
"48 سەعات شەڕەكەمان راگرت، پێشئەوەی 48 سەعاتەكە تەواوبێت داوای 48 سەعاتی ترمان كرد، بەڵام ئەوان دوای گفتوگۆیەكی زۆر وتیان تەنیا 24 سەعاتتان بۆ نوێدەكەینەوە"، ئاراس كە وەكو نێوەندگیر بۆ رونەدانی شەڕ خۆی دەناساند، وای وت.
ئەو وتی "رۆژی سێیەمی مۆڵەتەكە كۆبونەوەكەی دوكان بوو، منیان نارد بۆ لای هێزەكان لە باشوری كەركوك، بۆ ئەوەی بڵێین ئەمڕۆ وەڵامی كۆتاییتان دەدەینەوە، لای ئەوان نانی نیوەڕۆم خوارد و گەڕامەوە لای شێخ جەعفەر و فەرماندەكانی تر، لەپڕ كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی كاك نێچیرڤان و مەلا بەختیارم بینی".
لە كۆنگرەكەدا، كە 15ی ئۆكتۆبەر بەڕێوەچوو، نێچیرڤان بارزانی رەتیكردەوە ریفراندۆم سڕبكرێت و تەنیا داوای گفتوگۆی كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. بەگشتی كۆبونەوەكە هیچ وەڵامێكی بۆ بەغدا پێنەبوو.
هەرچەندە بڕیاربوو تاوتوێی داواكارییەكانی بەغدا بكرێت لهو كۆبونهوهیهدا كه مەسعود بارزانی، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، فواد مەعسوم، ژمارەیەك لە ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی یەكێتی و تەنانە بافڵ تاڵەبانیش ئامادهبوو.
ئاراس شێخ جەنگی وتی "چومەوە بۆ لای هێزە عیراقییەكان، ئیتر ئەوان وتیان ئەوە وەڵامی ئاشتیی نییە و شەڕە و ئێمە دەستپێدەكەین، وتم: یەعنی هێرشدەكەن وتیان هێرشدەكەین".
هەر ئەوكات ئاراس شێخ جەنگی هەوڵدەدات، 24 كاتژمێری تر مۆڵەتەكە درێژبكاتەوە، بەڵام داواكەی رەتكرایەوە.
"منیش گەڕامەوە و بە فەرماندەكانم وت، بەپێی بۆچونی خۆم ئەمشەو هێرشتان دەكرێتەسەر، چونكە مۆڵەتەكە تەواوبووە... ئیتر ئێوە فەرماندەی سەربازین من تەنیا دەتوانم پێش هێرشەكە ئاگادارتان بكەمەوە"، ئاراس وای وت.
رێككەوتنی یەكێتی و بەغدا
لە 16ی ئۆكتۆبەر، كاتێك پێشمەرگە لە تەواوی كەركوك و ناوچەكانی تری جێناكۆك كشانەوە، پارتی هێرشیكردە سەر هەندێك لە ئەندامانی یەكێتی لەنێویاندا بنەماڵەی تاڵەبانی و بە "خیانەت" ناوی بردن، بافڵ تاڵەبانی، دەقی رێككەوتنێكی بە واژۆی 38 ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی كەركوكەوە بڵاوكردەوە. كە وەك وتی مێژووەكەی بۆ 14ی ئۆكتۆبەر دەگەڕێتەوە.
بەپێی خاڵەكانی رێككەوتنەكە، سەرکردایەتی سەربازی هاوبەش لەسنوری کەرکوک پێکبهێنرێت، نوێنەری هێزەکانی ئەمریکا، پێشمەرگە و سوپای عیراقی تێدابێت.
ئەرکی سەرەکی ئەو سەركردایەتییە دابینکردنی ئاسایش و ئارامییه لەو ناوچانە، بارەگاکەشی لە سەربازگەی کەی وهن دەبێت. هەروەها هیچ هێزێکی سەربازی نەهێنرێتە ناوشاری کەرکوک.
لە روداوەكانی ئۆكتۆبەری 2017دا، ناوی رۆڵی ئێران و بەتایبەت قاسم سولەیمانی دەهێنرێت لە رازیكردنی یەكێتیی و حكومەتی ناوەندی بەو رێككەوتنە، بەڵام بەرلەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەهۆی رازینەبونی هەرێم بەداواكانی بەغدا، هێرش دەستیپێكرد.
نەجمەدین كەریم، كە وهك پارێزگاری كەركوك كاریدهكرد، چەندجارێك جەختیكردهوه كە رێككەوتنی كوڕ و برازای تاڵەبانی لە گوندی بەشیر سەر بە قەزای داقوق بۆ پاشەكشێی پێشمەرگە ئەنجامدراوە.
ئەو لە دیكۆمێنتارییەكەی ئێن ئاڕ تی، وتی "هەر لە دوای مردنی مام جەلالەوە، بە بیانوی پرسەوە كاتێك چونە بەغدا رێككەوتنی پاشەكشێی پێشمەرگە ئیمزاكراوە بۆ ئەوەی چۆن رێگا بۆ هێزە عیراقییەكان بكرێتەوە بۆ ناو كەركوك".
هەر لە دوای مردنی مام جەلالەوە، بە بیانوی پرسەوە كاتێك چونە بەغدا رێككەوتنی پاشەكشێی پێشمەرگە ئیمزاكراوە
محەمەد حاجی مەحمود وتی "تەنانەت كات دیاریكرابوو، سەعات ئەوەندە ئەو ناوچەیە چۆڵدەكرێت، ئەوە لە 12ی ئۆكتۆبەرەوە دەستیپێكردبوو".
هەرچەندە بنەماڵەی تاڵەبانی، بونی رێككەوتنێكی لەو شێوەیەیان رەتدەكردەوە جگە لەو رێككەوتنەی كە 38 ئەندامی ئەنجەمەنی سەركردایەتی واژۆیان كردبوو.
ململانێیەكە هەرچییەك بێت، ئەو رۆژەی مەلا بەختیار بە 16ی ئۆكتۆبەر ناوی برد و وەك رۆژێكی رەش وێنای كرد، 12ی ئۆكتۆبەر بوو.
محەمەد حاجی مەحمود "رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر تەواو بوو بوو، خۆی 12ی ئۆكتۆبەر بوو... لە 16ی ئۆكتۆبەر كاك كۆسرەت لە كەركوك وتی تەواوبوو، كارێكی خراپ كراوە و هیچ شتێك بەمن نەوتراوە".
تێبینی: ئەم بەدواداچونە لە ساڵی 2019دا كراوە و كەركوك ناو لە ساڵیادی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا جارێكیتر بڵاویدەكاتەوە