شۆفێرانی هەرێمی كوردستان، قەیرانی بەنزین لە شاری موسڵ دروستدەكەن، لەكاتێكدا پارێزگاكە بەشە سوتەمەنی كەمكراوەتەوە و بەدەست قاچاخچییەكانی بازاڕی رەشەوە دەناڵێنێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە زۆربەی بەنزینخانەكانی شاری موسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی نەینەوا بەنزین بە ئاسانی دەستناكەوێت، بۆیە ئۆتۆمبێلی زۆر لە سەرەدا دەوەستن و هەندێكیشیان بەبێ وەرگرتنی سوتەمەنی رۆژەكە تێدەپەڕێنن.
ئەو بارودۆخەی بەنزینخانەكانی موسڵ نزیكەی مانگێكە هەیە و لە هەفتەی رابردوەوە چڕتر بۆتەوە، هۆكارێكی ئەوەش وەك لێپرسراوانی پارێزگاكە دەڵێن، زۆری ژمارەی ئەو ئۆمبێلانەیە لە هەرێمی كوردستانەوە دەچنە نەینەوا.
ئێمەش پێمانناخۆشە دەچینە موسڵ
"یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو كێشەیە و قەرەباڵغی بەنزینخانەكان ئەوەیە رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە شۆفێرانی هەرێمی كوردستانن بۆ وەرگرتنی بەنزین روو لە ناوچەكانی نەینەوا و بەتایبەت موسڵ دەكەن" بەوتەی ئەحمەد عیسا، بەرێوەبەری بەشی ڕاگەیاندنی لقى نەینەوای كۆمپانیای دابەشكردنی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ (كەركوك ناو).
ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش چەند جارێك تەنیا لە ماوەی یەك مانگی رابردودا دوبارە بۆتەوە، ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزینی سوپەر هەزار بۆ هەزار و 50 دینارە، یەك لیتر موحەسەن لە نێوان 950 بۆ 975 دینار، بەنزینی نۆرماڵیش یەك لیتری بە 850 تا 900 دینارە.
سەعید ئەحمەد، هەفتەی دووجار بۆ وەرگرتنی بەنزین لە قەزای بەردەڕەشەوە دەچێتە شاری موسڵ، "ناچارم بڕۆم.. چونكە بەنزین لای ئێمە رۆژ بەرۆژ نرخی گرانتر دەبێت" سەعید وای وت.
قەزای بەردەڕەش-ی پارێزگای دهۆك 32 كیلۆمەتر لە شاری موسڵ-ی ناوەندی پارێزگای نەینەواوە دوورە.
"ئەوەی لە ئێمە دەكرێتە ستەمێكی گەورەیە، خوا قبوڵی ئەوە ناكات لە شارەكەی خۆمەوە بۆ بڕێك بەنزین بچمە پارێزگایەكی تر".
سەعید وتی "ئێمەش پێمانناخۆشە دەچینە موسڵ،.. رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێل رودەكەنە ئەو شارە و بەهۆی ئێمەوە لەوێ قەرەباڵغی دروستبووە".
لە بەنزینخانەكانی موسڵ لیترێك بەنزین بە 450 دینارە و هەموو شۆفێرێك بەبێ كۆبۆن دەتوانێت رۆژانە بۆ یەك جار 40 لیتر وەربگرێت، بەڵام هیچ رێكار و لێپرسینەوەیەك نییە بۆ ئەو شۆفێرانەی لە یەك رۆژدا و لە چەند بەنزینخانەیەكی جیاواز دوبارە بەنزین پڕدەكەن.
"هەفتەیەكە رۆژانە سێ بۆ چوار كاتژمێر لە سەرەی بەنزینخانەكاندا دەوەستم بۆ وەرگرتنی بڕێك بەنزین، هەركاتێك نرخی بەنزین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان گران ئەبێت لای ئێمە ئەو قەرەباڵغییە دروستدەبێت، راستە بەنزین هەیە بەڵام فشارێكی زۆر لەسەر بەنزینخانەكان دروستدەبێت" حاكم مەجید، دانیشتوی شاری موسڵ بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت.
ئەو داوای لە لێپرسراوانی نەینەوا ئەوەیە؛ بە زیادكردنی بەشە سوتەمەنی پارێزگاكە چارەسەری ئەو قەرەباڵغییە بكەن چونكە خەڵك تا ماوەیەكی زۆر ناتوانن لە سەرەدا بوەستن و لە كار و دەوام دابڕێن.
ژمارەیەك خاوەنی بەنزینخانە بەنزین لە بازاڕی رەشدا دەفرۆشنەوە
بەشە بەنزینی پارێزگای نەینەوا رۆژانە دوو ملیۆن 400 هەزار لیتر بووە و چەند هەفتەیەكە زیاتر لە 300 هەزار لیتری كەمكراوەتەوە.
لێپرسراوەكەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان دەڵێت كەمكردنەوەی ئەو بڕە بەنزینە هۆكارێكی دیكەی قەرەباڵغی و كێشەی كەمی بەنزینە لە بەنزینخانەكاندا، جگە لەوەش كێشەیەكی تر بازاڕی رەش و قاچاخچێتییە، "ژمارەیەك خاوەنی بەنزینخانە بەنزین لە بازاڕی رەشدا دەفرۆشنەوە" ئەحمەد عیسا وای وت، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە ئاشكرابكات.
لە پارێزگای نەینەوا 28 بەنزینخانەی حكومی هەن، كە 11یان لە شاری موسڵە و ئەوانیتر لە قەزا و ناحیەكاندایە، لە تەواوی پارێزگاكەش 130 بەنزینخانەی ئەهلی هەن، بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.