شەڕ و بارگرژییەكانی دوو گوندی شارەبان؛ تەواوی پارێزگای دیالەی خستۆتە ئاڵۆزییەوە و بەرلەوەی بەتەواوی سەرەداوی روداوەكان دەربكەون، زیاتر لە 23 مەدەنی كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربون.
سەرەتای بارگرژییەكان؛ بە روداوێكی چەكداری دەستیپێكرد لە كاتژمێر 8ی شەوی رابردوو 26ی تشرینی یەكەمی 2021 بۆ سەر گوندی رەشاد لە قەزای شارەبان (میقدادیە) لە باكوری خۆرهەڵاتی دیالە.
"لەكاتی ئەو هێرشە چەكدارییەدا، ژمارەیەك گەنج كە لە كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ئاژەڵ كاریاندەكرد كوژراون، دواتر خەڵكی گوندی رەشاد لە روداوەكە ئاگاداربون و ژمارەیەك لە گەنجان و پیاوانی گوند ویستویانە بە هانای گەنجە كرێكارەكانەوە بڕۆن، بەڵام ئەوانیش كەوتونەتە بۆسەوە" بەوتەی عەدنان تمیمی، سەرۆكی ئەنجومەنی شارەوانی قەزای شارەبان.
تمیمی بۆ (كەركوك ناو)ی وت لەو بۆسەیەشدا ژمارەیەك هاوڵاتی دیكە كوژراون، بەهۆیەوە ژمارەی قوربانیانی گوندی رەشاد گەیشتۆتە "13 شەهید و نزیكەی حەوت بریندار".
روداوەكە، لە شەوی رابردوەوە، زۆرترین كاردانەوەی لەسەر ئاستی عیراق لێكەوتەوە و تا بەرەبەیانی چوارشەممە ژمارەیەكی زۆر لە هێز و فەرماندەی سەربازی لە ناوچەكانی دیكەوە رویان لە قەزای شارەبان كردووە.
روداوەكە بارگرژی زیاتر و تۆڵەكردنەوەی لێكەوتەوە
سەرچاوەیەكی باڵا لە فەرماندەیی پۆلیسی دیالە بە (كەركوك ناو)ی وت "شەوی رابردو تیرۆریستانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندی رەشاد و بەهۆیەوە 13 كەس كوژران و حەوت كەسی تر برینداربون، تەواوی قوربانیان و خەڵكی ئەو گوندەش لە هۆزی تمیم و شیعە مەزهەبن، بۆیە روداوەكە بارگرژی زیاتر و تۆڵەكردنەوەی لێكەوتەوە".
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراقیش، لە بەیاننامەیەكدا بە رەسمی داعش-ی وەك ئەنجامدەری هێرشەكەی گوندی رەشاد ناساند، ئەوەش لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكاندا و بێ ئەوەی زانیاری وردتر بڵاوبكاتەوە.
سەرۆكی شارەوانی شارەبان وتی "پێدەچێت داعش لە گوندی نەهر ئیمام-ـەوە دزەیانكردبێتە گوندی رەشاد، چونكە دوری نێوان هەردوو گوندەكە تەنیا سێ كیلۆمەترە و پێشتریش داعش لەو گوندە جموجۆڵی هەبووە".
گوندی نەهر ئیمام لە هاوڵاتیانی عەرەبی سونە مەزهەبن.
ڤیدیۆ: بەڕێكردنی تەرمی قوربانیانی گوندی رەشاد لە قەزای شارەبان
سەرچاوە باڵاكەی پۆلیسی دیالە وتی "كەسوكاری كوژراوانی رەشاد توڕەبون و بۆ تۆڵەكردنەوە هێرشانكردۆتە سەر گوندی نەهر ئیمام، لە ئەنجامدا نزیكەی نۆ كەس لە خەڵكی ئەو گوندەش بە دەستی خەڵكی گوندی رەشاد كوژراون، جگە لەوەی ژمارەیەك خانوو و ئۆتۆمبێل سوتێنراون".
لە هیچ بەیاننامەیەكی فەرمی هێزە جیاوازەكانی عیراق و لێپرسراوانی باڵای حكومی و سەربازیدا باس لە هێرشەكەی سەر گوندی نەهر ئیمام نەكراوە.
كەسوكاری یەكێك لە قوربانییەكانی گوندی نەهر ئیمام لە قەزای شارەبان بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكی كاتژمێر 1ی بەرەبەیان ژمارەیەك چەكدار لە گوندی رەشادەوە هێرشانكردە سەر گوندەكەمان و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی كوژراون، لەنێویاندا چوار ئەندامی بنەماڵەكەی ئێمە هەن كە یەكێكیان تەمەنی 15 ساڵە".
هەر لەو گوندە بەوتەی ئەو شایەتحاڵە ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و خانوو سوتێنراون، "خەڵكەكەی دیكەی گوند بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان هەڵاتون و ناوچەكەیان بەجێهێشتووە".
ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دیوانی وەقفی سونی لە عیراق بە بەیاننامەیەك ئیدانەی روداوەكەی گوندی رەشاد-ی كرد و داوایكرد لە لێكۆڵینەوەی بە پەلەدا كەمتەرخەم و هۆكاری روداوەكە رونبكرێتەوە، بێ ئەوەی باسی هێرشەكەی سەر گوندی نەهر ئیمام بكات.
كەسوكاری قوربانیانی رەشاد لە توڕەییدا هێرشیانكردۆتە سەر گوندی نەهر ئیمام
شێخ ئیبراهیم تمیمی، كەسایەتییەكی عەشیرەتی تمیم لە شارەبان بە (كەركوك ناو)ی وت "كەسوكاری قوربانیانی رەشاد لە توڕەییدا هێرشیانكردۆتە سەر گوندی نەهر ئیمام وەك كاردانەوە، چونكە داعش لەو گوندە جموجۆڵی هەیە و پێشتریش چەندین سەركردەی داعش و قاعیدە خەڵكی ئەو گوندە بون"، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنەری بۆ قسەكانی نەخستەڕوو.
حكومەتی عیراق بە فەرمانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە و بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێك بۆ راوەدونانی داعش لە شارەبان و ناوچەكانی دیكەی دیالە.
هەروەها كازمی لە تویتێكدا نوسیویەتی "تاوانەكەی میفدادیە بێ تۆڵە ناڕوات، (خوایە شاهید بە)".
تائێستا سەرباری چەندین كۆبونەوەی فەرماندە باڵاكانی عیراق لە شارەبان بەڵام هیچ لەسەر وردەكاری لێكۆڵینەوەكان و شوێنی دزەكردنی "داعش" بۆ گوندی رەشاد ئاشكرانەكراوە.
"ئێمە هۆكاری روداوەكە دەخەینە ئەستۆی هێزە ئەمنییەكانی دیالە چونكە كەمتەرخەمبون لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و وادەكات ببێتە هۆی تەقاندنەوەی ناكۆكی تایفی لە پارێزگای دیالە و روداوی تری نەخوازراو بەدوای خۆیدا بهێنێت" شێخ ئیبراهیم تمیمی وای وت.