عەبد عەلی حسێن تەعمە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك بە بەرچاوی خوێندكارانی سەرەتاییەوە پێشێلكاری بەرانبەر رۆژنامەنوسان دەكات و لە خوێندنگەكە دەیانكاتە دەرەوە.
ئەو هەڵسوكەوتەی بەڕێوەبەری پەروەردە بەرانبەر بە رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ دوشەممە 1ـی تشرینی دوەمی 2021 بوو لە خوێندنگەی كندی سەر رێگای بەغدا لە شاری كەركوك، كە مەراسیمی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی (2021-2022)ـی تیادا بەڕێوەچوو.
دیار تاڵب، پەیامنێری كەناڵی ئاسمانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت ئەوان لەسەر بانگهێشتنامەی خوێندنگەكە و بۆ روماڵی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لەوێ بون بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردە بەشێواز و مامەڵەیەكی "ناشرین و خراپ" دەریكردون.
لەو خوێندنگەیە نزیكەی حەوت رۆژنامەنوس لە چوار دەزگای میدیاییەوە ئامادەبون لە نێویاندا (كەركوك ناو).
ڤیدیۆ: بەڕێوەبەری پەروەردەی كەركوك بەپاسەوانی چەكدارەوە دەچێتە ناو خوێندكارانی سەرەتایی و دواتر رۆژنامەنوسان دەكاتە دەرەوە/ 1ـی تشرینی دوەمی 2021
بەپێی ڤیدیۆی روماڵی راستەوخۆی (كەركوك ناو)، لە كۆتایی مەراسیمەكەدا كاتێك عەبد عەلی تەعمە، بەڕێوەبەری پەروەردە دەیەوێت زەنگی خوێندن لێبدات، یەكێك لە ئامادەبوان لەناو رۆژنامەنوسانەوە داوادەكات شوێنەكەی بگۆڕێت تا باشتر لە كامێراكاندا دەربكەوێت، بەڵام ئەو توڕە دەبێت و دەڵێت "تۆ ئێمە فێر دەكەیت، یان ئێمە فێرتان دەكەین.. ئێوە فێرمان دەكەین.. من دەمەوێت هەر لێرە بەردەوامدەبم".
دواتر بەڕێوەبەری پەروەردە بەناو حەوشەی خوێندنگەكەدا و بە بەردەمی خوێندكارەكاندا دەڕوات و زەنگەكە لێدەدات، لەگەڵ ئەویشدا سێ پاسەوانی بە جلوبەرگی مەدەنی و چەكی جۆری كڵاشینكۆف و دەمانچەوە بە دوایدا دەڕۆن.
پاشان بەڕێوەبەری پەروەردە دەگەڕێتەوە بۆ لای رۆژنامەنوسەكان و دەڵێت جگە لە راگەیاندنی پەروەردە، نایەوێت هیچ رۆژنامەنوسێكی لەوێ بێت، "تەنیا راگەیاندنی پەروەردە بمێننەوە، میدیای ئاسمانیمان ناوێت، لەسەر چ بنەمایەك بانگهێشتكراون، رەزامەندیتان وەرگرتووە، یەڵا بۆ دەرەوە، هاتون فێرمان دەكەن چی بكەین، مەرجمان بۆ دادەنێن.. بە ئارەزوی خۆتان دەچنە ناو خوێندنگەكانەوە".
ئەوەش لەكاتێكدا رۆژنامەنوسان دەڵێن بانگهێشتنامە بۆ گروپی تایبەت بە رۆژنامەنوسانی كەركوك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نێردراوە تا ئامادەی مەراسیمەكە بن.
پەیامنێرەكەی كەناڵی ئاسمانی كەركوك دەڵێت تا دەرەوەی خوێندنگەكە پاسەوانەكانی بەڕێوەبەری پەروەردە بە چەكەوە بەردەمیان گرتون و دەریانكردون، "داواكارین لەبەرانبەر ئەو مامەڵە نەشیاوەدا لێكۆڵینەوە بكرێت".