یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، ئامادەنییە بەشداری "هیچ گفتوگۆیەكی" پێكهێنانی حكومەتی عیراق بكات، تاوەكو پۆستی پارێزگاری كەركوكیان پێنەدرێت، ئەوەش بەپێی وتەی ئەندامێكی سەركردایەتییان كە جەختیكردەوە "دەبێت دۆخی پارێزگاكە ئاساییبكرێتەوە، لە نێویاندا گەڕانەوەی پێشمەرگە".
حەسیبە عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بەڕاشكاوی رامانگەیاندووە تا دۆخى کەرکوک ئاسایینەکرێتەوە ئامادەنین بەشدارى هیچ گفتوگۆیەكی پێکهێنانى حکومەتى عیراق بكەین".
لە بارەی ئەوەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك بەلای ئەوانەوە چییە؟ حەسیبە وتی "دەبێت کورد لە كەركوك ئیستحقاقى خۆى وەربگرێت کە خۆى لە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاردا دەبینێتەوە... ماوەى چوار ساڵە پارێزگارێکى بەوەکالەت و بە ناشەرعى سەپێنراوە بەسەر کەرکوکدا و پێویستە بگۆڕدرێت و پۆستەكە بۆ كورد بێت، لە نێو كورد-یشدا مافی یەكێتییە".
راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لە تشرینی یەكەمی 2017 بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، وەكو پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت دانرا، لە جێگەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك كە بە بڕیاری پەرلەمانی عیراق لە ئەیلولی هەمان ساڵ پۆستەكەی لێ وەرگیرایەوە.
حەسیبە وتی "گۆڕینی پارێزگار زۆر كێشە لە كەركوك چارەسەر دەكات، لەوانە كێشەی زیادەڕۆ بۆ سەر موڵكی حكومەت، خزمەتگوزاریی، كێشەی كۆمپانیای خۆراك و پرسی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە بۆ پارێزگاكە".
گۆڕینی پارێزگار زۆر كێشە لە كەركوك چارەسەر دەكات
"ئێمە زۆرترین خوێنمان بۆ كەركوك رشتووە و ئەو پۆستە مافی ئێمەیە، ناتوانین لەگەڵ پارێزگارى ئێستا مامەڵە بكەین و شەرعیەتی پێبدەین"، حەسیبە وای وت.
ئەو وتانە لەكاتێكدایە لە چوار ساڵی رابردودا یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لەچەند وێستگەیەكدا وەكو پارێزگار مامەڵەیان لەگەڵ راكان سەعید-دا كردووە و هەر وەكو پارێزگار لەگەڵیدا كۆبونەتەوە.
بەستنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بە پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق لەلایەن یەكێتییەوە، لەكاتێكدایە ئەو حزبە لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەم نیوەی كورسییەكانی رابردوی لەدەستداوە و هاوكاتیشە لەگەڵ خواستی پارتی دیموكراتی كوردستان ركابەری یەكێتی بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.
حەسیبە وتی "ئەگەر پارێزگار بگۆڕدرێت و كەسێكی شەرعی دابنرێت، ئەوكات دەسەڵاتی دەبێت بەسەر دامەزراوە ئەمنییەكانی و فەرماندە سەربازییەكان و ئارامی بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە".
ئەو وتەیە دوای ئەوە هات كە لە 28ی مانگی رابردوەوە، چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) لانیكەم چوار هێرشییان كردۆتە سەر مەدەنی و هێزە ئەمنییەكانی عیراق لە كەركوك و هەشت كەس بەهۆیەوە كوژران، كە چواریان مەدەنین.
یەكێتی چاوی لەوەیە، لەگەڵ گۆڕینی پارێزگاری كەركوك، هێزەكانی پێشمەرگەش بۆ كەركوك بگەڕێنەوە، كە لە كۆتایی 2017ە و دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم لە كەركوك بەشەڕ پاشەكشێیان پێكرا، هەرچەندە لە ئێستادا عەرەب و توركمان دژایەتی توندی پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن.
حەسیبە عەبدوڵا لە كۆتاییدا وتی "وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، مەرجی سەرکى ئێمەیە بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆى پێکهێنانى حکومەتى عیراق". هەرچەندە هێشتا هیچ دانوستانێكی فەرمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق لە ئارادانییە.