"تەنیا دوكەڵەكەی بۆ ئێمەیە"
كارگەی چیمەنتۆكە زەویی و ئاسمانی شنگال دەتەنێت

شنگال/ تشرینی یەكەمی 2021/ دوكەڵی كارگەی چیمنەتۆی شنگال بەشێك لە ناوەندی شار و گوندەكانی دەوروبەری دەتەنێت. فۆتۆ: فەرحان ئیبراهیم

عەمار عەزیز

گوندنشینانی نزیك لە کارگەى چیمەنتۆی شنگال، نیگەرانن لە دوكەڵی كارگەكە و دەڵێن بۆتە زیان بۆ بەروبومە كشتوكاڵییەكانیان، لەگەڵئەوەشدا نیگەرانن لەوەی بونی كارگەكە نەبۆتە رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ ئەوان و تەنیا "دوكەڵەكەی هەڵدەمژن".

کارگەى چیمەنتۆى شنگال لە ساڵى 1983 دروستکراوە و بە دورى 12کم دەکەوێتە رۆژهەڵاتى ناوەندی قەزاكە، رۆژانە سێ هەزار تەن بەرهەمی هەیە و بە یەکێک لە گەورەترین کارگەكانی عیراق دادەنرێت.

قاسم محەمەد، دانیشتووى گوندێ باجسى – تەنیا 5كم لە كارگەكەوە دورە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆکەڵى کارگەکە دەگاتە ناو گوندەکەمان، چەند ساڵێكە بەرهەمە كشتوكاڵی و دانەوێڵەییەكانمان كەمیكردووە، چونكە دوكەڵەكە هەموو رۆژێكە و بەردەوامە، داوادەكەین چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە".

چەند ساڵێكە بەرهەمە كشتوكاڵی و دانەوێڵەییەكانمان كەمیكردووە، چونكە دوكەڵەكە هەموو رۆژێكە و بەردەوامە

كارگەكە بەدوری 500 مەتر لەناو گوندى باب و ئلخان دورە، موحسین عەلى خێزانێكی 10 كەسین لەو گوندە و 40 دۆنم زەوییان هەیە، دەڵێت "دوكەڵەكە زۆرە و دەچێتە سەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكانمان لەوانەش دانەوێڵە و زیانی پێدەگەیەنێت... كاتێك بەرهەمەكە دەبەینە بازاڕ بە نرخێكی كەمتر لێمان وەردەگرنەوە، زەوییەکانمان لە دەوروبەرى کارگەکەن و ناچاریشین بیچێنین".

"دەیانجار داوامان لە لێپرسراوانی کارگەکە کردووە یان قەرەبومان بكەنەوە، یان چارەسەرێك بۆ دوكەڵەكەی بدۆزنەوە، بەڵام هەوڵەكانمان بێسود بووە"، موحسین عەلى وایوت.

كارگەكە بڕە كارەبایەكی كەمی بە دانیشتوانی ئەو گوندە داوە، بەڵام تەنیا بۆ روناككردنەوە.

kargakaa
شنگال/ تشرینی یەكەمی 2021/ دیمەنێك لە كارگەی چیمنەتۆی شنگال. فۆتۆ: فەرحان ئیبراهیم

بەپێی ستانداردی جیهان هەموو كارگەكان دەبێت لەسەدا 30 بۆ لەسەدا 40ی روبەرەكەی سەوزایی بێت، بەڵام لە كارگەی شنگال جگە لەوەی هیچ روبەڕێكی سەوزایی نابینرێت، بەڵكو لە دوری چەند كیلۆمەترێكەوە بۆتە مەترسی لەسەر سەوزایی و كشتوكاڵی ناوچەكە.

هەروەها بەپێی رێنماییەكان بۆ كردنەوەی كارگە، دەبێت دوربن لە شوێنی ئاوەدانی، لەكاتێكدا چواردەوری كارگەی چیمەنتۆی شنگال ئاوەدانییە و یەكەی نیشتەجێبونی لێیە.

موحسین عەلی وتی "دەمانەوێت خەڵكی گوندەكەش لە كارگەكە سودمەندبن و دەرفەتی كارمان بۆ بڕەخسێنن، بەڵام ئەوەشیان نەكردووە".

دەمانەوێت خەڵكی گوندەكەش لە كارگەكە سودمەندبن و دەرفەتی كارمان بۆ بڕەخسێنن

خاوەندارێتی كارگەكە لەیەككاتدا پشكی حكومەتی عیراق و وەبەرهێنەرێكی تیایە و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش-دا لە كاركردن وەستا، دواتر لە ساڵی 2017ەوە دەستی بە بەرهەمهێنان كردەوە.

خەلیل بەرەکات، بەڕێوەبەرى کارگەى چیمەنتوى شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "بە بەردەوامی دوكەڵی نییە، وەك ئەوەی خەڵكی ناوچەكە وادەڵێن... مانگێک لەمەوبەر کێشەیەک لە کارگەکە دروستبوو بەو هۆیەوە دوكەڵی زیادی هەبوو، بەڵام ئێستا چارەسەر كراوە و هیچ دوكەڵی نییە".

بەڵام موحسین عەلی وتی "هەرکاتێک کارگەکە ئیشبکات دوکەڵیش بۆ ئێمە دێت، ئەوە راست نییە گوایا تەنیا لەم ماوەیەدا دوكەڵی هەبووە".

لەگەڵئەوەشدا بەڕێوەبەری كارگەكە وتی "ژمارەیەک کرێکارمان لە دانیشتوانی گوندەكانی دەوروبەرن، زۆر هاوکارى دانیشتووانى دەوروبەر دەكەین".

وتەكانی ئەو بەڕێوەبەرە لەكاتێكدایە، فەهد حامد، قایمقامى قەزاى شنگال بەوەكالەت، دەڵێت لە ساڵی 2017ەوە خەڵكی ناوچەكە گلەیی و ناڕەزاییان هەیە، "دوکەڵى کارگەکە زیانى گەیاندووە بە بەرهەمەکانى جوتیاران، هەروەها زیانی هەیە بۆ لەوەڕگاكان و بەخێوكردنی ئاژەڵ و مەڕوماڵات، هەندێکجار بەهۆى دوکەڵەکەوە تەنانەت ئاسمانى شنگال تاریك دەكات و دادەپۆشێت... ئەم دوکەڵە بەردەوامە، لێرەوە داوایان لێدەکەین بەزوترین کات کێشەکان چارەسەربکەن".

قایمقامی شنگال دەڵێت بە مەیدانی سەردانی كارگەكەی كردووە و داوای لێكردون لانیكەم دەرفەتی كار بە خەڵكی ناوچەكە بدەن.

"وتمان نابێت کارگەکە بەناوى شنگالەوە بێت و خەڵکى تەلەعفەر و موسڵ و ناوچەكانی تر لێرە كاربكەن، سودەكەی بۆ خەڵكی دەرەوە بێت و زیانەكەشی بۆ شنگال، بەڵام گوێیان پێنەداوە"، فەهد حامد وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT