شارەبان لە لێواری شەڕی تائیفی-دا دەگەڕێتەوە
دوای كوژرانی 25 كەس سەدانیش ئاوارەبون

دیالە/ 7ی تشرینی دووەم/ ژمارەیەك خێزانی شارەبان دوای ئاوارەبونیان لەبەردەم نوسینگەی خانەقینی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق. فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد

كاتژمێر هەشتی شەو بوو، دەنگی تەقەیەكی زۆر عەبدولوەهاب عومران (70ساڵ)ی لەسەر جێگاكەی لەماڵەكەی خۆی راچەڵەكاند. ئەوەندەی نەبرد دەستكرا بە سوتاندنی خانوو و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی گوندەكە و كوشت و بڕ. تەرمی كوڕێكی عەبدولوەهاب لەسەر زەوی كەوت.

عەبدولوەهاب كە سوننە مەزهەبە، وتی "لەناو گوندەكە بووە هەراو وتیان داعش هات، هەڵیانكوتایە سەر ماڵی كوڕەكەم و كوشتیان، نەمدەزانی چی رودەدات هەر تەرم بوو لەناو گوندەكە كەوتبوو، تەنانەت نەمتوانی فریای تەرمی كوڕەكەم بكەوم و هەڵیبگرمەوە، چونكە دڵنیابوم لەوەی منیش دەكوژن".

تەنانەت نەمتوانی فریای تەرمی كوڕەكەم بكەوم و هەڵیبگرمەوە، چونكە دڵنیابوم لەوەی منیش دەكوژن

ئەم چیرۆكە كاتژمێر 8ی شەوی 26ی تشرینی یەكەم لە گوندی رەشاد رویدا کە زۆرینەی زۆری دانیشتووانەکەی شیعە مەزهەبن و دەکەوێتە قەزای شارەبان لە پارێزگای دیالە.

پەلاماردانی ئەو گوندە دوای ئەوە هات كە ژمارەیەك چەكدار هەڵیانكوتایە سەر کێڵگەیەکی بەخێوکردنی ئاژەڵ و ژمارەیەك گەنجیان كوشت لە نزیك رەشاد، لەكاتی بەهاناوەچونی كەسوكاریشیان چەكدارەكان بۆسەیان بۆ دانان و ژمارەیەك تریشیان لێكوشتن و دواتر پەلاماری گوندەكەیاندا و بەپێی ئاماری دەزگا ئەمنییەكانی دیالە تەنیا لەو گوندە 16 كەس كوژران.

جگە لە كوڕەكەی عەبدلوەهاب عومران كە سوننە مەزهەبە، تەواوی كوژراوەكانی تر گوندەكە شیعە مەزهەب بون كە ژمارەیان 15 كەس بوو.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، لە بەیاننامەیەكدا كاتی روداوەكە، بە رەسمی داعش-ی وەك ئەنجامدەری هێرشەكەی گوندی رەشاد ناساند.

بەرەبەیانی 27ی تشرینی یەكەم (پێنج كاتژمێر دوای روداوەكەی گوندی رەشاد)، ژمارەیەك چەكدار هەڵیانكوتایە سەر گوندی نەهر ئیمام - سێ كیلۆمەتر لە گوندی رەشادەوە دورە-، بەهەمان شێوە كوشت و بڕ و سوتاندنی خانوو و ماڵی گوندنشینان دەستیپێكرد و نۆ كەس لەو گوندەش كوژران، كە هەمویان سوننە مەزهەبن.

gundi nahr
دیالە/ 26ی تشرینی یەكەمی 2021/ سوتانی مینی پاسێك لە ئاڵۆزییەكانی گوندی نەهر ئیمام لە شارەبان. فۆتۆ: تایبەت بەكەركوك ناو

سەرچاوەیەكی باڵای پۆلیسی دیالە پێشتر بە (كەركوك ناو)ی وت "كەسوكاری كوژراوانی رەشاد توڕەبون و بۆ تۆڵەكردنەوە هێرشانكردۆتە سەر گوندی نەهر ئیمام، لە ئەنجامدا نزیكەی نۆ كەس لە خەڵكی ئەو گوندەش بە دەستی خەڵكی گوندی رەشاد كوژراون، جگە لەوەی ژمارەیەك خانوو و ئۆتۆمبێل سوتێنراون".

ئەم دوو رووداوە كە هێشتا لێكۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەكان بۆ دۆزینەوەی بكەرانی پشت روداوەكە بەردەوامە و دەستی تۆمەت بۆ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) درێژدەكرێت، شارەبانی لە شەڕێكی تائیفی گەورە نزیككردەوە و خەریك بوو پریشكی شەڕەكە تەواوی پارێزگای دیالەش بگرێتەوە.

عەبدولوەهاب عومران تەنیا ئەوەندەی بیستووە كە وتیان داعش هاتووە، "ئەگەر داعش ئەو كارەی كردبێت یان هەر لایەنێكی تر، ئامانجیان ئەوە بووە شەڕی تائیفی لە دیالە و دواتر عیراق هەڵبگیرسێت"، ئەوەش ئەو شتەیە كە عەبدولوەهاب و خەڵكی ناوچەكە لێی دەترسن.

عەبدولوەهاب وتی "ئەو شەوە وەكو ئاخر زەمان وابوو، خەڵک هەموو سەرقاڵی گواستنەوەی کوژراو و بریندارەکانی گوندی رەشاد بون، ئێمە سوننەین، بەڵام نیشتەجێی گوندی رەشادین کە گوندێکی شیعە مەزهەبە، بەڵام لەڕاستیدا خەڵكەكەی بە ئاشتی و برایەتی پێكەوە دەژین و هیچ جیاوازییەك لە نێوانماندا نییە".

بۆ رۆژی دواتر عەبدولوەهاب گوندەكەی بەجێهێشت و ئێستا لە سنوری حەمرین ئاوارەیە، ئەمەش دوەمجارە لە ژیانیدا رودەدات، دوای ئەو شەڕە تائیفییەی لە ساڵی 2006 رویدا و زۆرینەی پارێزگاكانی عیراقی گرتەوە.

بەپێی ئامارێكی نوسینگەی دیالەی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق، تائێستا 227 خێزانی شارەبان ئاوارەبون، كە زۆرینەیان سوننەن.

عەلی غازی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی خانەقین بە (کەرکوک ناو)ی وت "نزیکەی 37 خیزانی ئاوارەی شارەبان هاتونەتە سنوری خانەقین".

ئەو وتی "وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لەگەڵ کردنەوەی کەمپ نەبوو بۆ ئاوارەکان، چونکە دەبێتەهۆی ئەوەی جارێکی تر ئاوارەبونی پێچەوانە دەستپێبکاتەوە... هەوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەوەش پاش ئارامبونەوەی دۆخەکە".

هەوڵ هەیە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەوەش پاش ئارامبونەوەی دۆخەکە

زەهرا زوهێر، ئاوارەیەكی تری گوندی رەشاد بە (كەركوك ناو)ی وت "شەوی روداوەكە سەرەتا کارەباکەیان لێ کوژاندینەوە، دواتر ژمارەیەک چەکدار هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەمان و براكەمیان برد و كوشتیان، چەكدارەكان هاتن وتیان باوکتان لە کوێیە، لەوكاتەدا باوکم بە هانای براكەمەوە چوو بوو... دواتر گوێبیستی تەقەی تر بوین و كە چوینە دەرەوە بینیمان باوکم کەوتووە و خەڵتانی خوێن بووە و مردووە".

عەدنان تەمیمی، سەرۆکی شارەوانی شارەبان، دەڵێت دۆخی ئێستای شارەبان ئارامە و حکومەت دەیەوێت خانوو و بینا سوتاوەکان نۆژەنبکاتەوە و كۆتایی بەو دۆخە نەخوازراوە بهێنێت.

"بەڵام ئەو ناوچەیەی کە روداوەکانی تێدا بووە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی دڵ و ناخی دانیشتوانەکەیەتی نەک نۆژەنکردنەوەی بینا و دیوارەکان، چونکە دەبێت کۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت و خەڵكی ئەو ناوچەیە نەبنە قوربانی"، تەمیمی وایوت.

حكومەتی عیراق هەمان شەو بڕیاریدا هێزی تر بۆ ناوچەكە بنێرێت، ئەوەش بە فەرمانی مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان، هەروەها لیژنەی لێكۆڵینەوەی پێكهێناوە و بڕیاریداوە بە ئەنجامدانی چەند ئۆپەراسیۆنێك بۆ راوەدونانی داعش لە شارەبان و ناوچەكانی دیكەی دیالە.

كازمی ئەوكات لە تویتێكدا نوسی "تاوانەكەی میقدادیە بێ تۆڵە ناڕوات، (خوایە شاهید بە)".

لە ئێستادا قەزای شارەبان بەسەر چوار کەرتی ئەمنیدا دابەشكراوە، هەر كەرتێك فەرماندەیەكی سەربازی لێپرسراوێتی دەكات بۆ ئەوەی دۆخەكە ئارامبكرێتەوە. هەروەها هێزێكی وەڵامدانەوەی خێرا، لە ناوچەكە جێگیركراون، بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكیشدا لیوای مەغاویر سەر بە ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە لە گوندەکانی شارەبان جێگیربكرێن.

هەینی 5ی تشرینی یەكەم، پەیڕەوانی هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە پێكەوە نوێژی هەینیان لە قەزای شارەبان كرد، ئەوەش بۆ رێگریی لەهەر گرژیی و ئاڵۆزییەكی تائیفی.

عەبدولوەهاب عومران، دوای ئەوەی كوڕەكەی لەدەستدا، دەیەوێت هێزە ئەمنییەكان كارێك بكەن هەموو ئاوارەكان بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

"هەندێک لایەن دەیانەوێت دوبەرەکی و ناکۆکی دروستبکەن لە نێوان شیعە و سوننە و جارێکی تر شەڕی تائیفی دروستبكەن، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە بەو ئامانجەیان ناگەن"، عەبدولوەهاب زیاتر وتی "راستە ئێستا ئاوارەین، بەڵام پاش ئارامبونەوەی دۆخەکە دەگەڕێینەوە و بە برایەتی دەژین".

"ناوچەکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی ناخی دڵەکانە، نەک ماڵ و دیوارەکان"، سەرۆكی شارەوانی شارەبان بەمشێوەیە پێیوایە دۆخەكە ئارامدەبێتەوە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT