مێرمنداڵێك و دوو گەنجی ئیزیدی لە سێ روداوی جیاوازدا گیانلەدەستدەدەن، ئەوەش تەنیا لە ماوەی 72 كاتژمێردا، كە بەوتەی لێپرسراوانی ئەمنی و ئیداری دەركەوتووە دوانیان "خۆیان كوشتووە" و ئەویتر گوماندەكرێت كوژرابێت.
ئەو سێ روداوە؛ رۆژانی 4 و 6 و 7ـی تشرینی دوەمی 2021 لە كۆمەڵگەی نیشتەجێبونی دووگرێی ناحیەی سنونێ، ناوەندی سنونێ و ناحیەی گرعوزێری قەزای شنگال تۆماركراون.
هانیا هادی (13 ساڵ)، دانیشتوی گرعوزێر، كاتژمێر 1ـی دوانیوەڕۆی یەكشەممە 7ـی تشرینی دوەم تەرمەكەی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزراوەتەوە.
"ئەوكاتە باوكی لە كرێكاری بووە، دایك و خوشك و براكانی لە ماڵ نەبون، هانیا دوای گەڕانەوە لە خوێندنگە خۆی خنكاندووە" بەوتەی قەحتان خەلیل حەسەن، مامی هانیا بۆ (كەركوك ناو).
هانیا دوو برا و خوشكێكی هەیە، خێزانەكەی لە تەمموزی 2020 گەڕاونەتەوە بۆ گرعوزێر، ئەوەش دوای چەند ساڵێك لە ئاوارەیی.
مامی ئەو مێردمنداڵە دەڵێت برازاكەی خوێندكارێكی زیرەكی پۆلی حەوتی بنەڕەتی بووە، "هێندەی من ئاگاداربم هیچ كێشەیەكی نەبوو، باوكی هەموو پێداویستیەكی بۆی دابینكردبوو، بەراستی ئێمەش بەو روداوە توشی شۆك بوین".
هێندەی من ئاگاداربم هیچ كێشەیەكی نەبوو، باوكی هەموو پێداویستیەكی بۆی دابینكردبوو، بەراستی ئێمەش بەو روداوە توشی شۆك بوین
هێزە ئەمنییەكانی شنگال لێكۆڵینەوەیان لەو روداوە دەستپێكردووە بەڵام هێشتا ئەنجامی كۆتایی لێكۆڵینەوەكانیان ئاشكرانەكردووە.
ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرماندەیی پۆلیسی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەوەی لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا ئاشكرابووە، هانیا هادی خۆی كوشتووە".
قوربانی دووەم گەنجێك بووە بەناوی وەزحا حامۆ (20 ساڵ)، دانیشتوی كۆمەڵگەی دووگرێ لە سنونێ، كە 6ـی تشرینی دوەم تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
لێپرسراوەكەی پۆلیس وتی "هێشتا وردەكاری روداوەكەی وەزحا حامۆ نادیارە، ئایا خۆكوژی بووە یان كوشتن، لە هەوڵی ئەوەداین زانیاری زیاتر كۆبكەینەوە، بەڵام ناتوانین ئێستا هیچ زانیارییەكی تر ئاشكرا بكەین تا لێكوڵینەوەكان كۆتاییان دێت".
ناتق عەلو دەشڵێت قوربانی سێیەم؛ بەناوی بەكر حەمۆ، لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە "خۆی كوشتووە".
بەكر (19 ساڵ)، خێزانەكەی لە ناوچەی باب كورسی ناحیەی سنونێ دادەنیشن و 4ـی ئەم مانگە تەرمەكەی لە ماڵی خۆیدا دۆزراوەتەوە.
خودێدا چوكی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو سێ روداوە لە 72 كاتژمێردا بون، دەركەوتووە بەكر حەمۆ و هانیا هادی خۆیان كوشتووە، بەڵام دیارنییە وەزحا كوژراوە یان خۆی كوشتووە، بۆیە تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادوەری كراوە بۆ لێكۆڵینەوە".
چوكی دەڵێت هەفتەیەك لەمەوبەریش گەنجێكی دیكەی ناوچەی خانەسۆری ناحیەی سنونێ "خۆی كوشت"، كە هۆكاری هەموو روداوەكانیش بەبڕوای نەبونی هەلیكار و زیادبونی كێشە كۆمەڵایەتییەكانە.
حكومهتی فیدراڵی عیراق له سهرهتای ئهمساڵدا لیژنهیهكی بۆ بهدواداچون و لێكۆڵینهوه له هۆكارهكانی "خۆكوشتنی هاوڵاتیانی ئاواره"ی ئێزیدی پێكهێنا بهڵام هێشتا دهرهنجامهكهی ئاشكرانهكراوه.
بەپێی ئامارێكی قایمقامیەتی شنگال – لە پارێزگای دهۆك جێگیربون- لە دوای هێرشی داعش بۆ شنگال لە 3ی ئابی 2014ـەوە زیاتر له 250 ئێزیدی لەناو كەمپەكانی ئاوارەییدا بە فیشەك و بە پەت گیانیانلەدەستداوە كە زۆرینەیان لە رەگەزی مێ بون.