رووەو كهعبە، نهخشین عومهر، ژنێك كە لە كۆتایی پەنجاكانی تەمەنیدایە، نزای دهكرد، "خوایه ئهوهی ئاڵتونی كچهكانمی بردووە دڵی نهرم بێت و بۆیان بگهڕێنێتهوه"، دوای گهڕانهوهی له گهشتی عهمره، گهنجێك 10 ههزار دۆلار بۆ ماڵی نەخشین دەگەڕێنێتەوە، ئەوەش لە بری ئەو زێڕەی كە 10 ساڵ لهمهوبهر دۆزیبوویهوه و دەڵێت "له خهونمدا پێیان دهوتم ئاڵتونهكه بۆ خاوهنهكهی بگهڕێنهرەوه".
له كۆتایی مانگی حوزهیرانی 2011دا، دوو خوشك لە شەقڵاوە سەر بە پارێزگای هەولێر، كە تازە مارەبڕابون، بڕیاربوو سێ رۆژ دواتر یەكێكیان ئاهەنگی هاوسەرگیری بكات، لەپڕ توشی حاڵەتێكی نەخوازراو بون، كە كهس باوەڕی نەدەکرد، ئەویش لەدەستدانی 85 مسقاڵ زێڕ بوو. روداوەكە بەڕادەیەك ناخۆش بوو تەنانەت نزیک و ناسیاوەكانیشیان گومانیان پەیداکردبوو.
روداوێكی باوەڕپێنەکراو
له كۆتایی مانگی حوزهیرانی 2011دا، ژاكاو دارا تهنیا سێ رۆژی مابوو ماڵه باوان بهرهو ماڵی نوێ بهجێبهێڵێت؛ لەگەڵ (نازەنین)ی خوشكیدا، كە یەكی 35 مسقاڵ زێڕیان بۆكرابوو، لەگەڵ 15 مسقاڵی خۆشیان کە دەکاتە 85 مسقاڵ له چاوتروكانێكدا دیارنامێنێت.
نازهنین دارا (32 ساڵ) كه ئێستا دایكی دوو منداڵه وتی "دهستگیرانم ئهوكات زهوییهكیان فرۆشتبوو، تا زێڕم بۆ بكڕن. كاتێك زانیم ونبووه، ههموو شتێكم لێشێوا، زۆر قورس بوو به ماڵی خهزورانم بڵێم زێڕهكه نهماوه، یان دیار نییه، یاخود ونمکردووه".
"سێ رۆژی مابوو بگوازرێمەوە، لە کۆتایی مانگی شەشى 2011دا، کاتێك میوانمان هات و داواى بینینى زێڕەکەیان کرد (ئەوكات وا مۆدێل بوو)... چوین زێڕەکە دەربهێنن كە لەناو کەوەنتەردا شاردبومانەوە، بەڵام هەموو ماڵمان ئەمدیو و ئەودیو کرد زێڕ نەمابوو، تا خوشکە بچوکەکەم وتى وەڵا ئەمڕۆ سەیارەى زبڵ هاتوو هەرچى نایلۆنى زبڵە بردم فڕێمدا"، ژاکاو وایوت.
هەموو ماڵمان ئەمدیو و ئەودیو کرد زێڕ نەمابوو... خوشکە بچوکەکەم وتى وەڵا ئەمڕۆ سەیارەى زبڵ هاتوو هەرچى نایلۆنى زبڵە بردم فڕێمدا
ئەو خوشكەیان ناوی هاوێر بوو، ئەوكات تەمەنی 11 ساڵ بوو، ئێستا هاوسەرگیری كردووە و دوو منداڵی هەیە.
نازەنین وتی "خەڵک گومانى زۆر خراپیان دەبرد دەیانوت کێ ناڵێ لەناو خۆیان دزراوە، کێ ناڵێ دەستى خۆیانى تێدانییە، کەس باوەڕی نەدەکرد و کەس لەناخی ئێمەدا نەبوو چۆن وێران ببووین".
ژاکاو دارا (35 ساڵ)، كە تەنیا سێ رۆژی مابوو ئاهەنگی هاوسەرگیری بكات، وتی "لەتاوا من و خوشکم وەک شێت دەستمانكرد بە گریان، نەشمانوێرا بە باوکم بڵێین".
رۆژ لە زبڵدان بەڕێدەکەن
ژاكاو كاتژمێری دووی بەرەبەیانی رۆژی دوای لەدەستدانی زێڕەکە، لەگەڵ براكەی و دایکی چونە سەر زبڵدانی ناوکەندان لە شەقڵاوە، "تا دەمەو بەیانى لەوێ دەگەڕاین، بەیانى کاتژمێر پێنج پەیوەندیمان بە شارەوانىیەوە کرد و وتمان فڵانە ئۆتۆمبیل زبڵەکەى لەکوێ فڕێداوە، ئۆتۆمبیلی زبڵەکە شوێنێکى پێنیشانداین لەنێو کەندەکە گوایە لەوێ رشتبوى، ماوەى سێ رۆژ هەموو بەیانییەک تا ئێوارە ناو زبڵ دەگەڕاین تا بیدۆزینەوە".
لهباتی خۆڕازاندنهوه و ئارایشتکردن، ژاكاو دەڵێت هەموو دەموچاوی بە تینى خۆر سوتابوو، "سێ رۆژى پێش هاوسەرگیرییەكەم دەبوو سەرقاڵی خۆم و ساڵۆن و ئامادەکارییەکان بم، بەڵام من هەر لەناو زبڵدان بەدواى زێڕدا دەگەڕام، تا ئەوەی بۆ پشوویەک لەژێر سێبەری حاویەکە پاڵکەوتبووم هەرچی مێش و مەگەزی ئەو زبڵەبوو لێم کۆببوونەوە".
نهخشین عومهر (57ساڵ) دایكی ژاكاو و نازهنین، دەڵێت "کەوەنتەرم گۆڕی و لەملاش پێشوەخت بەحوکمى ئەوەى میوان زۆر هاتوچۆى دەکردین و ماڵمان قەرەباڵغ بوو، بۆ ئەوەى زێڕی کچەکان هیچى لێنەیەت و لەبەردەست نەبێت خستبوومە ناو نایلۆنى زبڵ و لولم دابوو، ئیتر کاتێك سەرقاڵی ناوماڵ خاوێنکردنەوە و کەوەنتەر بوین هەموو شتومەک لەوناوە بون، لەولاش ئۆتۆمبیلی زبڵەکە هاتبوو و کچە بچوکەکەم هەرچى زبڵە خستبوویە سەری و فڕێیدابوو، لەنێویشیاندا زێڕەکە، وایزانیبوو زبڵ و خاشاکە".
بەهەردوو كچەكە نزیكەی 85 مسقاڵ زێڕ بوو، هەم هی خۆیان و هەم هی بوكێنی.
"بۆ دۆزینەوەی، بەیانییەکەى حەفارەمان برد تا زبڵەکان هەڵکۆڵێت، پێنج سەعات حەفارە زبڵی هەڵدایەوە و ئێمە پشکنیمان تا بێ هیوابوین، ئینجا باوکیان وتى نابێت بچییەوە سەر ئەو زبڵە، من بۆیان دەکڕمەوە تەواو لێيگەڕێن"، بەوتەی نەخشین.
پێنج سەعات حەفارە زبڵی هەڵدایەوە و ئێمە پشکنیمان تا بێ هیوابوین، ئینجا باوکیان وتى نابێت بچییەوە سەر ئەو زبڵە، من بۆیان دەکڕمەوە
بەڵام رۆژى دواتر دیسانەوە نەخشین لەگەڵ دشەکەی دەچێتەوە سەر هەمان زبڵدان "لەوێ قەراخى زبڵەکە داڕما و کەوتمە خوارەوە ئەگەر دشەکەم منی دەرنەهێنابایەوە لەناو زبڵ و خاشاک دەخنکام و دواتریش لەگەڵ سوتانى زبڵەکان منیش دەفەوتام"، نەخشین وایوت.
ئەو دەگریا كاتێك ئەم چیرۆكەی دەگێڕایەوە، وتی "ئێستاش وا هەناوم ژان دەکات بۆ كچەكانم، لەبری ئەوەى خەریکى خۆڕازاندنەوە بن، لەسەر گوفەکان (زبڵدان) بەدواى زێڕەکەیاندا دەگەڕان".
باوكێكی دڵسۆز
دارا ئیسماعیل (باوكی ژاكاو و نازەنین) لەو روداوەدا وەك باوكێكی دڵسۆز دەردەكەوێت، چاوی كچەكانی دەسڕێت و بڕیارێكی گرنگ دەدات.
نازەنین وتی "هەرگیز ههڵوێستە جوانەكەى باوکمم بیرناچێت، وتى چاوتان بسڕن و هیچ خەم مەخۆن، ئەوە دەفتەرێک (10 هەزار دۆلار)م لەبن دەستە... میرات فرۆشراوە و زێڕی هەردوکتان دەکڕمەوە، لەولاش مامم 25 وەرەقە (دوو هەزار و 500)ی بۆ ناردین، پورەکانیش بەهەمان شێوە هاوكارییان كردین و دەفتەرێك و 60 وەرەقە (16 هەزار دۆلار) كۆكرایەوە...نەشیانهێشت بە ماڵە خەزورانمان بڵێین و زێڕهكه بەو شێوەیە كڕدرایەوە".
دارا ئیسماعیل ناسراو بە (مام دارا) باوکى ژاکاو و نازەنین دەڵێت "ئەوکات میراتى بابم وەرگرتبوو، یەکسەر هەمان زێڕم بۆکڕینەوە، بەڵام ئەگەر لەوکاتە ئەو میراتە نەبوایە توشى قەرزێکى زۆر دەبوم بۆ کڕینەوەى ئەو هەموو زێڕە".
دوعایەك و خەونێك... چیرۆكی گەڕاندنەوەی زێڕەکە
لە مانگی 10 ئەمساڵدا، نهخشین چووە عەمرە، دەڵێت لەوێ زۆر نزای كردووه، "پاڕامەوە وتم خوایە ئەگەر کەسەکە هەژارە گەردنى خۆش وئازادبێت، ئەگەریش هەبوونە دڵى نەرمبکەیت و ئەو ئاڵتونە بگەڕێنێتەوە و گەردنى ئازاد نەبێ.. کاتێ لەعەمرە هاتمەوە، کابرایەك ئێمەى دۆزییەوە و هەقەکەى بۆ گەڕاندینەوە"، ئەوەش دوای 10 ساڵ.
هیوا عەلی (33 ساڵ)، ناوی خوازراوی ئەو پیاوەیە كە 10 ساڵ لەمەوبەر، ئەو زێڕەی دۆزیوەتەوە، ئەوكات تەمەنی تەنیا 22 ساڵان بووە.
هیوا كاسبه و باوكی چوار منداڵه، ئامادەنییە بەهیچ شێوەیەك ناو و وێنەی بڵاوبێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "له هاوینی 2011دا، لەگەڵ برادەرێکم چوینە سەر زبڵدانى ناوکەندان بۆ کۆکردنەوەى پارچە ئاسن... ئیتر ئەو زێڕەم دۆزییەوە، لەڕاستیدا، ئەوکات بەدواى خاوەنەكەیدا نەگەڕام، چونکە بەتەماى خانوو کڕین بوم و پارەم نوقستان بوو، زێڕەکەم فرۆشت و پارەکەم تەواوکرد و ماڵم لە دەوروبەرى شەقڵاوە گواستەوە بۆ هەولێر لەوێ خانویەکم کڕى، نەمهێشت کەسیش پێی بزانێت کە ئاڵتونم دۆزیوەتە تەنها خۆم هاوسەرم".
لەڕاستیدا، ئەوکات بەدواى خاوەنەكەیدا نەگەڕام، چونکە بەتەماى خانوو کڕین بوم و پارەم نوقستان بوو
"لە شەوێک لە شەوەکانی مانگی 10دا خەونێکم بینى، پێیان وتم دەبێت ئەو زێڕە بۆ خاوەنەکەی بگەڕێنیتەوە، ئیتر پرسى مەلام کرد پێى وتم نوێژ و رۆژوت قبوڵ نییە، چونکە هەقى خەڵکت لایە..هەر لەو ماوەیەشدا، بەردەوام نیگەران بوم، کە شتێکم فرۆشتووە هی کەسێکی تر بووە... ئیتر دواى ئەوە کەوتمە گەڕان بەدواى خاوەنی ئەو زێڕە و هەر لە شەقڵاوە دۆزیمنەوە"، هیوا وایوت.
"لەگەڵ مەلایەك چومە ماڵیان، پێموتن زێڕەكانی ئێوە چی بووە و چۆن بووە؟ بۆ ئەوەی دڵنیابم كە زێڕەكە هی ئەوانە، چونكە پێشتر نەخشین ناوێكی تر ویستی خۆی بكات بە خاوەنی، بەڵام كە وەفی زێڕەكانی كرد وانەبوو، بەڵام ئەم نەخیشنەیان هەر كە وەسفیكرد دەركەوت هی ئەوانە"، هیوا عەلی، بە دارا ئیسماعیل دەڵێت، هەرچی ئەوان بیڵێن ئەو ئامادەیە، تەنیا گەردەنی ئازادبكەن. پارەیان دەوێت یان زێڕ؟
"ماڵیان ئاوابێت، وتیان ئەوکات کە فرۆشتووتە چەندى کردووە، منیش وتم دەفتەرێک و هەژدە وەرەقە، ئەوانیش یەک دەفتەریان لێ وەرگرتمەوە و ئەوی دیکەش لێم خۆشبون... ئۆتۆمبێلێکی (کیا سپۆرتاج)ێکم هەبوو فرۆشتم تا پارەکە بگەڕێنمەوە".
نەخشین دایكی نازەنین و ژاكاو، وتی "ئەگەر بڵێم بڕۆ هەمان بڕە زێڕم بۆ بهێنەرەوە خوا هەڵناگرێت دەبوو ماڵ و سەیارەشی بفرۆشێت... کابرا نەبوونە ماڵی ئاوابێت ئەوەندەشی بۆم هێنایەوە".
ههرێم دارا (38 ساڵ) برای گهورهی ژاكاو و نازهنین، دڵخۆشه به دهركهوتنی راستییهكه و وتی "ئەوکات خەڵکى زۆر قسەى نابەجێیان دەکرد و دەیانوت لەوانەیە هەر لاى خۆیان بێت و زۆر قسەى دیکە کە بڕوایان نەبوو ئەو زێڕەمان بەدەستى خۆمان فڕێدابێتە ناو ئۆتۆمبێلی زبڵەوە... سوپاسگوزارى خوداین کە ئێستا راستییهكه دهركهوت".
ئەوکات خەڵکى زۆر قسەى نابەجێیان دەکرد و دەیانوت لەوانەیە هەر لاى خۆیان بێت و زۆر قسەى دیکە... سوپاسگوزارى خوداین کە ئێستا راستییهكه دهركهوت
هۆگر عەزیز، وتەبێژى پۆلیسى هەولێر، لەبارەی كەیسی لەو شێوەیە و رێكاری لایەنی ئەمنی، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەیاسادا دوو جۆر سزاى یاسایی هەیە، گشتى و تایبەت و دوو ماف، مافى گشتى و مافى تایبەت، "ئەگەر هەردوولا رێکبکەون ئەوە یاسا هەقى نییە و دەکەوێتە سەر مافى تایبەت... جگە لەوەش ئەگەر کەسێک دواى فەترەیەک کاڵایەک بگەڕێنێتەوە و پێشتر داواى یاسایی تۆمار کرابێت ئەوە دادوەر بڕیار دەدات سزاکەى چى بێت، چونکە بێدەنگى ماددەیەکى خۆی هەیە".
بەڵام كەسوكاری ژاکاو و نازەنین، دەڵێن ئەوكات گومانیان لەكەس نەبووە و هیچ داوایەكیان تۆمارنەكردووە و ئێستاش لە هیوا عەلی خۆشبون.