تەرەف مەحمود بەر لەوەی زانكۆ تەواو بكات؛ خولیای هەڵگرتنی چەك لە ریزەكانی پۆلیسدا بەرەو ئاڕاستەیەكی دوور لە خوێندنەكەی دەبات و لەوكاتەوە هەرچەندە چوار ساڵ تێپەڕبووە، بەڵام كۆڵی نەداوە و هەر چاوەڕێی ئەو دامەزراندنە دەكات.
لە كۆتاییەكانی ساڵی 2017ـدا، تەرەف و سەدان گەنجی دیكەی كەركوكی، كە زۆرینەیان ئەوكات خوێندكار بون، فۆڕمی ئەلیكترۆنی دامەزراندن لە كەرتی ئەمنی وەك پۆلیس پڕدەكەنەوە و زۆربەی مامەڵەكانیش تەواو دەكەن، تا بتوانن بەشداری راهێنان بكەن و لە دوا هەنگاویشدا فەرمانی دەستبەكاربونیان بۆ دەربكرێت.
"لەوكاتەوە چوار ساڵ تێپەڕی، بەڵام ئێمە هێشتا چاوەڕێی ئەوەدەكەین فەرمانی دەستبەكاربون و دامەزراندنمان بۆ دەربكرێت، تائێستاش هیچ وەڵامێك نییە و پرۆسەكە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە" تەرەف مەحمود بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا؛ ئەو گەنجانەی چاوەڕێی دامەزراندنن وەك پۆلیس، دەیانجار خۆپیشاندان و گردبونەوەی ناڕەزاییان لە كەركوك و زۆركاتیش لە بەغدای پایتەختی عیراق كردووە، كە دواترینیان مانگی تشرینی یەكەمی 2021 بوو، بێ ئەوەی هیچ ئەنجامێكی هەبێت.
تەرەف (27 ساڵ) وتی "لە دەرگای هەموو لێپرسراوان و پەرلەمانتارانمان دا، ئێمەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارهێنا و دواتر وتیان بودجەی پێویست نییە تا دابمەزرێنرێن".
ئێمەیان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكارهێنا و دواتر وتیان بودجەی پێویست نییە تا دابمەزرێنرێن
ئەو گەنجە لە 2018دا بەشی زمانی عەرەبی كۆلێژی ئادابی زانكۆی كەركوكی تەواو كردووە، ئێستا كرێكاری دەكات و نایەوێت واز لە بیرۆكەی بون بە پۆلیس بهێنێت، دەڵێت هەندێك لە هاوڕێیەكانی لەپێناو ئەو دامەزراندنەدا هەر ئەوكات خوێندنی زانكۆیان بەجێهێشتووە و دواتریش كە دامەزراندنەكە نەكراوە، نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە بۆ خوێندن.
"دوایین قسە وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە لە دامەزراندندا ئەولەویەت بدات بە گەڕانەوەی ئەو كەسانەی لەكاتی هێرشەكانی 2014ـی داعشدا هەڵاتن یان دەركراون، نەك ئێمە، لەكاتێكدا چوار ساڵی تەمەنمان لە چاوەڕوانی ئومێدی دامەزراندندا بەڕێكرد" تەرەف مەحمود وادەڵێت.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق، چوار ساڵ لەمەوبەر لینكێكی ئەلیكترۆنی بڵاوكردەوە بۆ ئەو كەسانەی خوازیاربون ببنە پۆلیس، دوای پڕكردنەوەی فۆڕم: لە دوو مانگدا ناوەكانیان گەڕانەوە و بانگهێشتی پشكنینی تەندروستی و جەستەیی كران لە بەغدا، دوای تەواوكردنی مامەڵەی پێویست و رێگەپێدانی ئەمنی، بڕیاردرا بۆ راهێنان و دەستبەكاربون بانگهێشت بكرێن، بەڵام ئەو هەنگاوەی دوایینیان لەوكاتەوە راگیراوە.
ئەرشەد ساڵحی، پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق لە پشكی كەركوك، لە كۆتاییەكانی ئابی ئەمساڵدا و دوای بینینی نوێنەری ناڕازییەكانی ئەو گەنجانەی مامەڵەی بون بە پۆلیسیان پڕكردۆتەوە، وتی "ئەگەر وەزارەت پێویست بەو گەنجانە نییە بۆچی داوایكرد فۆڕم پڕبكەنەوە و مامەڵەكانی پێكردن، دواتریش پشتگوێی خستن، بۆیە پێویستە لەسەر ئەو دۆسیەیە لێپرسینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ بكرێت تا بزانن هەستی خەڵك بۆ یاریپێكردن نییە".
بەوتەی ساڵحی، ئەوان لە پەرلەمانەوە هەوڵیان بۆ ئەو دامەزراندنە هەبووە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ بە پاساوی دابیننەكردنی بودجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە فەرمانی دەستبەكاربونی بۆ دەرنەكردون.
ڤیدیۆ: كەركوك/ تشرینی یەكەمی 2021/ خۆپیشاندانی ئەو گەنجانەی چاوەڕێی بڕیاری دامەزراندنن بە پۆلیس
مەرجەكانی دامەزراندن بە پۆلیسی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ؛ تەرمەنی 18 بۆ 35 ساڵ، باڵا 167 سانتیمەتر و كێش بەپێی باڵا، دەرچون لە پشكنینی تەندروستی و چاو و جەستەییە.
موئەیەد موسەوی، گەنجێكی كاسبكاری شاری كەركوكە، لە ساڵی 2017دا بەشی كارگێڕی پەیمانگەی تەكنیكی تەواو كردووە و لەوكاتەشەوە مامەڵەی دامەزراندنی وەك پۆلیس تەواو كردووە، بەڵام نە دامەزراندنی لە سلكی ئەمنیدا بۆ كراوە نە بەپێی پسپۆڕی و بڕوانامەكەیشی كاری دەستكەوتووە.
"تەنیا گەنجەكانی كەركوكە كە بڕیاری دەستبەكاربون و دامەزراندنەكەیان بۆ دەرنەكراوە، بەپێچەوانەوە پارێزگاكانی تر كە لەگەڵ ئێمەدا مامەڵەیان دەستپێكرد، دامەزرێنراون" موئەیەد وای وت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) لەو پارێزگایانەی داوای پۆلیس-یان كردووە، لە نێویاندا دیالە و سەڵاحەدین، زیاتر لە نیوەی ئەوانەی مامەڵەیان كردووە دامەزرێنراون، بەڵام لە كەركوك هیچ كەسێك دانەمەزراوە.
"مانگی رابردو لە بەغدا خۆپیشاندانمان كرد، لەبەردەم بارەگای وەزارەتی ناوخۆ، ویستمان وەزیری ناوخۆ ببینین، بەڵام چاومان بە حسێن عەوادی بریكاری وەزارەت كەوت و ئەویش؛ نوسراوێكی بۆ سەرۆك وەزیران نارد تا رەزامەندی لەسەر داواكەمان بدات" بەوتەی موئەیەد موسەوی بۆ (كەركوك ناو).
لەو نوسراوەدا كە ئاراستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق كراوە داواكراوە قسە لەگەڵ وەزارەتی دارایی بگات بۆ تەرخانكردنی بودجە بە مەبەستی دامەزراندن ئەو كەسانەی لە 2017ـەوە مامەڵەیان تەواو كردووە تا ببنە پۆلیس، لەكاتێكدا وەزارەت پێویستی بە 64 هەزار دامەزراندن هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە میلاكی هێزەكانی ناوخۆدا دروستبووە، بەهۆی خانەنشین و وازهێنان و قوربانیدانی پۆلیسەوە لە چەند ساڵی رابردودا.
تەنیا گەنجەكانی كەركوكە كە بڕیاری دەستبەكاربون و دامەزراندنەكەیان بۆ دەرنەكراوە
موئەیەد "هەر لە بەردەم وەزارەتدا چاوەڕێ بوین، تا بریكاری وەزارەت وتی سەرۆك وەزیران رەزامەندی نیشانداوە، دواتر گەڕاینەوە بۆ ماڵەوە، بەڵام لەوكاتەشەوە هیچ ئەنجامێك نەبووە و دامەزراندنەكەی ئێمە روناكی نەبینیووە".
لە ساڵی رابردوشدا عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆ لە بەیاننامەیەدا وتی هەوڵی جددی دەدەن لەگەڵ پەرلەمانتارانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان تا رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەری كێشەی ئەو كەسانە بدۆزنەوە كە ساڵانی 2017 و 2018 مامەڵەی دامەزراندنیان كردووە. بەڵام لەوكاتەوە نە وەزیر و نە پەرلەمان هیچ ئەنجامێكی بەدواداچونەكانیان بڵاوكردۆتەوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە ساڵی 2017دا زیاتر لە هەزار و 200 گەنجی كەركوكی فۆڕمی دامەزراندنیان وەك پۆلیس پڕكردۆتەوە و مامەڵەكانیان تەواو كردووە، لەو چوار ساڵەدا بەشێكیان لە شوێنی دیكە دەستەبەكاربون یان لە سلكی شارستانیدا دامەزرێنراون وەك دامەزراندنەكانی پەروەردە، بەڵام زۆرینە هێشتا چاوەڕێی دامەزراندنەكەی وەزارەتی ناوخۆ دەكەن.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆ بە (كەركوك ناو)ـی وت "فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك چەندین نوسراوی بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردووە لەسەر دۆسیەی ئەو گەنجانەی مامەڵەی دامەزراندنیان كردووە، تا بۆشایی میلاكی فەرماندەیی پڕبكرێتەوە" بێ ئەوەی ئەنجامی هەبێت.
هەروەها رونیكردەوە ئەو دۆسیەیە تەنیا پەیوەست نییە بە وەزارەتی ناوخۆوە، وەزارەتیش پێویستی بە میلاك هەیە، بەڵام پرۆسەكە پەیوەندی بە تەرخانكردنی پارەوە هەیە و پێویستە وەزارەتی دارایی بودجە بۆ موچەی دامەزرێنراوان دابینبكات.
دوایین دامەزراندن لە سلكی پۆلیسی كەركوكدا ساڵی 2012 بوو، كە 900 پۆلیس لە نەتەوە و پێكهاتەكانی پارێزگاكە دامەزرێنران.
موئەیەد موسەوی وتی لەنێو ئەواندا هەیە خاوەنی بڕوانامەی باڵایە یان ئەندازیارە، بەڵام چاوەڕێی دامەزراندنە وەك پۆلیس، لەكاتێكدا بەشێكیان خێزان و منداڵی هەیە ئێستا، بە گوزەرانێكی سەختدا تێدەپەڕن، تەنانەت هەبووە بۆ چونە بەغدا و بەشداری لە گردبونەوەی بەردەم وەزارەت، پارەی هاتوچۆی قەرزكردووە.
"گەنجێكی زۆر لەلایەن حكومەتەوە پشتگوێخراون، لەنێو ئێمەدا گەنج هەیە دەزگیرانی هەیە و چاوەڕێی دامەزراندنە تا بیگوازێتەوە" تەنانەت لە دانیشتنێكدا بە ئیدارەی كەركوكمان وت با ئەوانەی مامەڵەیان كردووە دابمەزرێنرێن بێ موچە تا ئەوكاتەی بودجە تەرخاندەكرێت و موچەیان پێدەدرێت.
موسەوی دەڵێت ئەوان پێشتر و لە ساڵانی 2014 و 2015یشدا بەشێكیان بۆ دامەزراندن لە بەرگری شارستانی روبەڕوی هەمان مامەڵە بوونەوە، چەندین ساڵە دەستی دەستییان پێدەكرێت، لەكاتێكدا فەرماندەیی پۆلیس پێویستی بە دامەزراندنی پۆلیسی تر هەیە.
لە ساڵی 2003ـەوە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندەكانی لەدەستداوە
بەپێی ئەو ئامارە رەسمییانەی (كەركوك ناو) دەستی كەوتوون، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك بە بەشە جیاوازەكانیەوە، 11 هەزار كارمەندی هەیە، بەدەر لە سەدان كارمەندی هاتوچۆ، پۆلیسی هەواڵگری و رەگەزنامە كە راستەوخۆ پەیوەستن بە وەزارەتی ناوخۆوە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی ناوخۆ وتی كارمەندانی پۆلیس كەركوك كەمن، بەراورد بە نەینەوا كە 22 هەزار و سەڵاحەدین كە 16 هەزار پۆلیسی هەیە، لەكاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین لە یەكەوە نزیكن و هەردوكیان زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار كەسن.
"لە ساڵی 2003ـەوە فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندەكانی لەدەستداوە، بەهۆی برینداربون و شەهید بون یان خانەنشینبونیانەوە" سەرچاوەكە وای وت.
بەپێی ئامارەكانی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) "لە 18 ساڵی رابردودا، زیاتر لە 722 پۆلیس شەهید بون و 1200 پۆلیسیش برینداربون كە بەشێكیان بەوهۆیەوە خانەنشین بون و زیاتر لە 800 پۆلیس سەرباری برینداربونیان هێشتا دەوام دەكەن".