ئەو خوێندكارەی لە كەركوك بە داری ماسیحە لەلایەن مامۆستاكەیەوە لێی دراوە، بەشێكی هۆكارەكەی ئەوە بووە كە لە پۆلدا "پێكەنیوە"، لەكاتێكدا هێشتا كتێبیان وەرنەگرتبوو و وانەكەیان شاغر بووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تشرینی دووەم، لیژنەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، سەردانی ئامادەیی حیكمەی كرد لە شاری كەركوك، ئەوەش بۆ لێكۆڵینەوە لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە تیایدا مامۆستایەك بە ماسیحە لە یەكێك لە خوێندكارەكان دەدات لە ناو پۆل و بە بەرچاوی هاوپۆلەكانییەوە.
ئەندامێكی لیژنەكە، كە ئامادەنەبوو ناوی خۆی بڵاوبكاتەوە بەهۆی ئەوەی هێشتا راپۆرتی كۆتاییان ئامادەنەكردووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "وتەمان لە بەڕێوەبەری خوێندنگەكە، مامۆستاكە و خوێندكارەكە وەرگرت، هەروەها لەگەڵ باوكی خوێندكارەكە و ژمارەیەك لە هاوپۆلەكانیشی".
بەپێی وتەی ئەو ئەندامەی لیژنەكە "ڤیدیۆكە راستە و ئەو كارەی رویداوە لە هەمان خوێندنگە بووە (حیكمە)... ئێمە بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیە و سبەی دەوام نییە، ئاشكراكردنی ئەنجامی لیژنەكە دەخەینە هەفتەی داهاتوو"، ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەكی تر ئاشكرابكات.
بەڵام (كەركوك ناو)، قسەی لەگەڵ بەشێك لە هاوپۆلەكانی خوێندكارەكە كردووە و تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی ئەوكاتەی مامۆستاكە لە خوێندكارەكەی داوە "وانەكە شاغر بووە و هیچ مامۆستایەك لە پۆلدا نەبووە... خوێندكارەكان لە نێویاندا ئەو خوێندكارەی لێیدراوە پێكەنیون، مامۆستاكەش كە هاتۆتە ژوورەوە توڕە بووە و ماسیحەی پێبووە و چەند جارێك لە خوێندكارەكەی داوە".
خوێندكارەكان لە نێویاندا ئەو خوێندكارەی لێیدراوە پێكەنیون، مامۆستاكەش كە هاتۆتە ژوورەوە توڕە بووە و ماسیحەی پێبووە و چەند جارێك لە خوێندكارەكەی داوە
خوێندكارەكە پۆلی پێنجی ئامادەییە و مامۆستاكەش وانەی ئینگلیزی دەڵێتەوە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە چوارشەممە 10ی شترینی دووەم، هەرزوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا دەستاودەستی كرد و بڵاوكرایەوە؛ تیایدا مامۆستایەك بە بەرچاوی ژمارەیەك خوێندكاری دیكەی مێردمنداڵەوە لە ناو پۆل و لەبەردەم تەختەنوسینی پۆلەكەدا، بە ماسیحەیەك تا هێزی تیایە سێ جار بە خوێندكارێكدا دەكێشت و جنێوی پێدەدات.
گرتەی ڤیدیۆیی لێدانی خوێندكارێك لەلایەن مامۆستاكەیەوە لە كەركوك.
دوێنێ چوارشەممە 10ی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی ئەو روداوە لە كەركوك رویداوە، هەرئەوكات لبژنەیەكی سێ كەسی بۆ لێكۆڵینەوە و ئیجرائاتكردن لە روداوەكە پێكهێنا.
یەكێك لە هاوپۆلەكانی ئەو خوێندكارە، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا تا چەند خولەكێك شوێنەواری لێدان بە جەستەی خوێندكارەكەوە بووە"، وتیشی "ئەو رۆژە مامۆستاكە زۆر توڕە بووە".
لێدانی ئەو خوێندكارە لەكاتێكدابوو هێشتا خوێندكارەكان كتێبیان وەرنەگرتبوو، لەكاتێكدایە لە یەكی تشرینی دووەمەوە دەرگای خوێندنگەكان كراونەتەوە.
هەروەها روداوەكە دوای زیاتر لە هەفتەیەك دێت، لە مامەڵەیەكی نەشیاوی عەبد عەلی حسێن تەعمە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنوس و دەزگای راگەیاندن-دا.
ئەو بە بەرچاوی منداڵانی پۆلی یەكی سەرەتاییەوە، وتەی نەشیاو و توندی دژ بە رۆژنامەنوسان بەكارهێناو دواتر لەڕێی سێ پاسەوانییەوە كە دەمانچە و كڵاشینكۆفیان پێبوو، هەر بەبەرچاوی خوێندكارەكانەوە رۆژنامەنوسەكانی لە خوێندنگەی كندی سەرەتایی شاری كەركوك كردە دەرەوە، كاتێك روماڵی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنیان دەكرد.
عەبد تەعمە، دواتر داوای لێبوردنی لە رۆژنامەنوسان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بانگهێشتی بینای پارێزگاری كرد و ئیجرائاتی لەگەڵ كرد.