120 كرێكاری پاككەرەوە لە خانەقین مانگرتنیان لە كاركردن بۆ ماوەی هەفتەیەك راگەیاند، دژی پێنەدانی موچەكانیان بۆ هەردوو مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم، هەرچەندە بڕیارە ئەمڕۆ موچەی هەردوو مانگەكەیان پێبدرێت و بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
كرێكارەكان كە گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیای گەردین هەیە بۆ پاككردنەوەی خانەقین، مانگانە هەریەكە و 300 هەزار دیناریان هەیە، هێشتا موچەی دوو مانگی رابردویان وەرنەگرتووە.
ئەحمەد یوسف، یەكێك لەو كرێكارانە كە ئێوارەی یەكشەممە 14ی تشرینی دووەم، لە شەقامی كرندی بۆ داواكردنی موچەكەی خۆپیشاندانی كرد، بە (كەركوك ناو)ی وت "75 رۆژە هیچ موچەیەكمان وەرنەگرتووە، ئەوە تاكە بژێوی زۆربەمانە، خێزاندارم و دوو منداڵم هەیە و لە خانوی كرێدا دەژیم، خێرخواز و كەسوكارم هاوكاریم دەكەن، سەرباری ئەوەش بەردەوامبوم لە پاككردنەوەی شار تا ئەم چەند رۆژە".
"شارەوانى و هیچ لایەنێک وەڵامی تەواومان نادەنەوە... هەر دەڵێن ئەمڕۆ یان سبەی موچەتان پێدەدەین".
هەر دەڵێن ئەمڕۆ یان سبەی موچەتان پێدەدەین
کۆمپانیاى گەردین، گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی خانەقین – سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە-، 120 كرێكار لەڕێی ئەو كۆمپانیایەوە رۆژانە شاری خانەقین لە زبڵ و خاشاك پاكدەكەنەوە، بەڵام لە خۆپیشاندانەكەی یەكشەممەدا تەنیا چوار كرێكار بەشداربون، لەگەڵ ژمارەیەك لە چالاكوانان كە بەرگرییان لە مافی ئەو كرێكارانە دەكرد.
سۆران عەلى، بەڕێوەبەرى شارەوانى خانەقین سەر بە هەرێمى کوردستان بە (کەرکوک ناو)ى وت "كۆمپانیاكە لە یەكی ئابەوە دەستبەكاربووە، لەسەر حسابی خۆی موچەی مانگی ئابی بەسەر كرێكارەكاندا دابەشكرد، لەوكاتەوەی دەستبەكاربووە حكومەتی هەرێم سولفەی پێنەداوە كە سێ مانگ و نیو دەكات، لەكاتێكدا ئەو 120 كرێكارە كاری خۆیان دەكرد لە پاككردنەوەی شەقام و گەڕەكەكان".
بەڵام جەختیكردەوە "ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تشرینی دووەم، كۆمپانیاكە سولفەكەیان پێدەگات و موچەی هەردوو مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم دابەشدەكەن، بۆ ئەوەش کرێکارەکانمان ئاگادارکردۆتەوە و بێنەوە سەر كارەكانیان".
ئەمڕۆ دووشەممە موچەی هەردوو مانگی ئەیلول و تشرینی یەكەم دابەشدەكرێت
بەڵام ئەحمەد یوسف، یەكێك لەو كرێكارانە، كاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە (كەركوك ناو)ی وت "هێشتا موچەمان وەرنەگرتووە".
بەڕێوەبەری شارەوانی، وتیشی "پێشوەخت ئاگاداری كرێكارەكانم كردەوە كە خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن و موچەكانیان پێدەدەین، بەڵام گوێیان نەگرت".
جەختیشیكردەوە "موچەی کرێکارەكان پەیوەندى بە ئێمەوە نییە، لەبەرئەوەى گرێبەستیان لەگەڵ كۆمپانیاكە هەیە، بەڵام هەر هاوخەمى کرێکارەکانین و لەگەڵ رێکخراوى دیجلە 120 سەبەتەی خۆراکمان بۆ دابینكردن".