لەسەر تۆمەتباركردنی راكان سەعید
دادگای كەركوك پارێزەرێك بە 500 هەزار دینار سزا دەدات  

هەژار نورەدین كاكەیی، پارێزەر لە كەركوك فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

كەركوك ناو – كەركوك

دادگای كەتنی كەركوك، هەژار نورەدین كاكەیی بە غەرامەی 500 هەزار دینار سزادەدات، بەهۆی تۆمەتباركردنی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بە "بەعسی" لە پۆستێكی فەیسبوكدا كە دوو ساڵ لەمەوبەر بڵاویكردۆتەوە.

بڕیارەكەی دادگای كەتنی كەركوك لە 14ـی تشرینی دوەمی 2021 بە واژۆی دادوەر ئاسۆ حەیدەر عومەر دەركراوە لەسەر سكاڵای دیوانی پارێزگای كەركوك.

لەو بڕیارەدا هاتووە هەژار نورەدین وەلی، بەپێی ماددەی 433/1ـی یاسای سزادانی عیراقی سزادەدرێت بە غەرامەی دارایی 500 هەزار دینار و ئەگەر ئەو بڕە پارەیە نەدات ئەوا بۆ ماوەی دوو مانگ زیندانی دەكرێت.

پارێزەر هەژار نورەدین كاكەیی، دەربارەی بڕیاری سزادانی بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕی 500 هەزار دینارەكەم داوە كە وەك سزا بەسەرمدا سەپێنراوە، بەڵام بڕیارەكە ناحەقیە لەدژی من، چونكە راكان جبوری سكاڵاكەی وەك پارێزگار تۆمار كردووە لەكاتێكدا من لە پۆستەكەم ناوی پارێزگارم نەهێناوە بۆیە من تەمییزی بڕیارەكە دەكەم".

پۆستەكەی فەیسبوكی هەژار كاكەیی دەگەڕێتەوە بۆ 12ـی تەمموزی 2019، لە كاردانەوەی خۆپیشاندانی گروپێكدا بووە كە ناوی خۆیان ناوە "راكانییون" و لە دروشمەكانیاندا "كورد و داعش بەهاوشێوەی یەك" دەشوبهێنن، بەهۆی هەواڵەكانی كوردەوە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی.

هەژار لەو پۆستەی فەیسبوكدا، خۆپیشاندانەكە بەهاوشێوەی خۆپیشاندانەكانی رابردوی حەویجە وەسفدەكات بۆ "پاڵپشتی سەدام حسێن"ـی سەرۆكی پێشوتری عیراق و نوسیویەتی "پۆستەكەم شەقامی عەرەبی كەركوك ناگرێتەوە، چونكە راكان و هاوشێوەكانی نوێنەرایەتی شەقامی عەرەبی لە كەركوك ناكەن، بەڵكو راكان نوێنەرایەتی گروپێكی توندەڕەوی بەعسی و لایەنگرانی داعش لە كەركوك دەكات".

postttt
پۆستەكەی هەژار كاكەیی لە فەیسبوك كە تەمموزی 2019 بڵاویكردۆتەوە و چەند رۆژێك لەمەوبەر بەوهۆیەوە 500 هەزار دینار غەرامە كرا

"من لەو پۆستەی كردومە پەشمان نین" هەژار كاكەیی وادەڵێت، هەروەها پێیوایە ئەو دۆسیەیە دەبێت دابخرێت، چونكە "بەپێی نوسراوەكانی راكان جبوری دەڵێت بەشەخسی ناوی زڕاندووم كەواتە دەبوایە بەشەخسی سكاڵای تۆمار بكردایە بەڵام راكان جبوری فەرمانگەكەی بەكارهێناوە كە ئیدارەی پارێزگایە بۆ ئەو سكاڵایە و پێموایە پاش تەمییزكردنەوەی بڕیارەكە ئەمجارە لەبەرژەوەندی من دەبێت".

هەروەها جەختیكردەوە "هیچ سزایەك ناتوانێت بێدەنگمان بكات، لەسەر مەبدەئـ و باوەڕەكانی خۆم بەردەوام دەبم".

(كەركوك ناو) زیاد لە جارێك هەوڵیدا لێدوانی نوێنەرانی یاسایی پارێزگار و دیوانی پارێزگای كەركوك وەربگرێت بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بون.

بڕیارەكەی دادگای كەتنی كەركوك مافی بە دیوانی پارێزگا داوە لەڕێی دادگای مەدەنییەوە داوای قەرەبوكردنەوەش بكات.

سزادانەكەی هەژار كاكەیی بەپێی ماددەی 433ـی یاسای سزادانە كە تایبەتە بە تەشهیر و ناوزڕاندن، بۆ ئەوەش سزای زیندانیكردن و غەرامەكردن یاخود یەكێك لەو دوو سزایە دانراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT