هاوپەیمانی فەتح، پارتی دیموكراتی كوردستان و دەوڵەتی یاسا لە قەزاكانی خانەقین و دوزخورماتوو كاندیدە دەرنەچوەكانیان دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەمدایە بچنە پەرلەمانی عیراق، ئەگەر كورسییەكانی ئەو دوو بازنەیە بەهەر هۆكارێك چۆڵبن.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، دوو شێواز بۆ پڕكردنەوەی كورسی پەرلەمانتار دانراوە؛ ئەوەش ئەگەر كاندیدی براوە هەر لە سەرەتاوە نەچووە پەرلەمان یاخود دوای دەستبەكاربونی بەهەر هۆكارێك پاشەكشێی كرد و كورسییەكەی چۆڵ بوو.
لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی 15ـی یاساكەدا هاتووە؛ ئەگەر كورسی هەر ئەندامێكی پەرلەمان چۆڵ بوو، لەوكاتەدا ئەو كاندیدە جێگەی دەگرێتەوە كە لەو بازنەی هەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
بڕگەی نۆیەكی ماددەی 16ـیش دەڵێت ئەگەر كورسی ژنان چۆڵ بوو، مەرج نییە هەر كاندیدی ژن جێگەی پڕبكاتەوە، بەمەرجێك كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی نوێنەرایەتی ژنان نەبێت.
ماددەی 46ـی یاسای هەڵبژاردن باس لە شێوازی دوەمی پڕكردنەوەی كورسی چۆڵی پەرلەمان دەكات، كە دادگای باڵای فیدراڵی لە 14ـی تشرینی دوەمی 2021دا گۆڕانكاری تیایدا كردووە و دەڵێت؛ پێویستە كاندیدی براوە لەدوای یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە بە 30 رۆژ سوێندنی دەستوری بخوات، بەپێچەوانەوە جێگاكەی بە كاندیدی دەرنەچوی خاوەنی زۆرترین دەنگی هەمان بازنەی هەڵبژاردن پڕدەكرێتەوە.
ناوچەكانی جێناكۆكی دیالە؛ قەزای خانەقین و دەوروبەری لە چوارچێوەی بازنەی چواری پارێزگاكەدا سێ كورسی بۆ تەرخانكرا بۆ نزیكەی 223 هەزار دەنگدەر و بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ سۆزان مەنسور، لە هاوپەیمانی كوردستان بە 21722 دەنگ یەكەمی بازنەكە بوو.
بەدوای ئەودا هەریەك لە مضر مەعن كرەوی، لە هاوپەیمانی عەزم بە 16980 دەنگ و ئەحمەد مەزهەر جبوری، لە هاوپەیمانی تەقەدوم بە 13287 دەنگ دوو كورسییەكەی دیكەیان بردەوە.
بەپێی یاسای هەڵبژاردن ئەگەر كورسییەكەی سۆزان مەنسور بەهەر هۆكارێك چۆڵ بوو، ئەوا جوان مەحمود جاف لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە 7355 دەنگ جێگەی دەگرێتەوە.
بەڵام هەریەكێك لە مضر كرەوی و ئەحمەد جبوری ئەگەر لە پەرلەمانتاری نەمێنن، عەمار مەحمود تمیمی، لە هاوپەیمانی فەتح بە 9700 دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە پەرلەمانتار.
قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ چەند ناوچەیەكی دیكەدا بە زیاتر لە 349 هەزار دەنگدەرەوە بازنەی دوی هەڵبژاردنیان پێكهێنا و چوار كورسییان بۆ تەرخانكرا.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن (ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی تشرینی دوەم لە سایتی كۆمسیۆن وەرگیراوە)، مەهدی تەقی ئیسماعیل، لە هاوپەیمانی فەتح بە 14823 دەنگ، عەمار جەبر خەلیل، لە هاوپەیمانی تەقەدوم بە 13408 دەنگ، كەریم شكور، لە هاوپەیمانی كوردستان بە 12158 دەنگ براوە بون و ناسك مەهدی غەریب، كاندیدی سەربەخۆش بە 7172 دەنگ توانی كورسی كۆتای ژن بەدەستبهێنێت.
محەمەد كەریم عەبادی، كاندیدی دەرنەچوی هاوپەیمانی فەتح بە 11771 دەنگ دەرفەتی هەیە ببێتە پەرلەمانتار لەجێی مەهدی تەقی، یان عەمار جەبر یاخود كەریم شكور، ئەگەر بە هەر هۆكارێك كورسیی پەرلەمانتاری یەكێكیان چۆڵ بوو.
هەركاتێكیش كورسییەكەی ناسك مەهدی، وەك كۆتای ژنان چۆڵ بوو، ئەوا فاتمە خەلیل بەیاتی، كاندیدی دەرنەچوی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە 5123 دەنگ شوێنی دەگرێتەوە.
بەپێی دەستوری عیراق، سەرۆك كۆمار دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بانگهێشتی پەرلەمان دەكات بۆ یەكەم دانیشتن لەماوەی 15 رۆژدا، بەڵام تائێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجامی كۆتایی بڵاونەكردۆتەوە تا بۆ پەسەندكردنی رەوانەی دادگا بكرێت.