كەركوك: تەرمی ژن و پیاوێك بە كوژراوی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزرانەوە

كەركوك/ 18ی تشرینی دووەمی 2021/ بەردەم ماڵی ئەو ژن و پیاوەی لەنێو ماڵەكەی خۆیاندا كوژران. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

پۆلیسی كەركوك تەرمی ژن و پیاوێكی لە ماڵەكەی خۆیاندا لە گەڕەكی شۆراو هەڵگرتەوە، پیاوەكە سەربڕدراوە و جەستەی ژنەكەش شوێنەواری فیشەكی پێوەیە.

تەرمی ئەو ژن و پیاوە، كە هەردوكیان فەرمانبەری حكومین، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تشرینی دووەم، لەنێو ماڵەكەی خۆیاندا هەڵگیرایەوە، دوای ئەوەی پۆلیس ئاگاداركراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی پۆلیسی كە ئاگاداری روداوەكەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشنیوەڕۆ دەزگا ئەمنییەکان ئاگادارکرانەوە لە بونی دوو تەرم لەنێو ماڵێکدا لە گەڕەکی شۆراو، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی رەحیماوا و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان پێكەوە چونەتە ماڵەكە و تەرمەكانیان هەڵگرتۆتەوە و لێكۆڵینەوەیان لە ر,داوەكە دەستپێكردووە".

بەپێی لێكۆڵینەوەكان درەنگانێكی شەوی رابردوو كوژراون، "پیاوەكە سەربڕدراوە و تەمەنی لە نێوان 50 بۆ 55 ساڵ دەبێت، ژنەكەش بە فیشەك كوژراوە و تەمەنی لە نێوان 40 بۆ 45 ساڵ دەبێت"، بەپێی سەرچاوەكە.

وتیشی "دوای كوشتنیان ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری هوندای مۆدێل 2020 بردراوە... بەڵام نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەكە لە نێوان دووسایدی پەنجاعەلی و گەڕەكی قادسییە هەر لە كەركوك دۆزاوەتەوە".

دوای كوشتنیان ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری هوندای مۆدێل 2020 بردراوە

ژنەكە مامۆستایە و لە نەتەوەی عەرەبە، ئەوەش بەپێی دراوسێیەكانی كە قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە و جەختیانكردەوە لەوەی "ژنی دووەمی ئەو پیاوە بووە".

هەرچی پیاوەكەیە فەرمانبەری شارەوانی كەركوكە و لە نەتەوەی كوردە.

بەپێی لێكۆلینەوەكانی پۆلیس "ئاڵتون و پارەش لە ماڵەكە دزراوە". بەبێ ئەوەی بڕەكەی بزانن.

یەكێك لە دراوسێیەكانیان بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆر نییە هاتونەتە ئەم گەڕەكە، تەنیا خۆیانن و منداڵیان لەگەڵ نەبووە"، زیاتر وتی "ماڵێكی بێ كێشە و بێدەنگ بون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT