دۆخی ناوخۆیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ناجێگیرە
عەمیدێكی پۆلیس كە بە نزیك لە لاهور شێخ جەنگی هەژماردەكرێت "كوژرا"

سلێمانی/ 24ی تشرینی دووەمی 2021/ دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكان لە ناوەندی شاری سلێمانی. فۆتۆ: معاز فەرحان

كەركوك ناو

راگەیاندنەكانی یەكێتی، بڵاویانكردەوە كە عەمید موراد کانی کوردەیی لە قەزای رانیە سەر بە پارێزگای سلێمانی "كوژراوە"و جەختیانكردەوە لەوەی ناوبراو بڕیاری دەستگیركردنی هەبووە. سۆسیال میدیای نزیك لە لاهور شێخ جەنگی-ش، دەزگای زانیاری یەكێتی بە كوشتنی تۆمەتبار دەكات، بەو هۆیەوە دۆخی قەزای رانیە بەگشتی و پارێزگای سلێمانی نا ئارامی پێوەدیارە و هێزە ئەمنیيەكان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

عەمید موراد کانی کوردەیی، كە بە نزیك لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دادەنرێت، ئێوارەی ئەمڕۆ 25ی تشرینی دووەم لەگەڵ ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیدا و لەناو بازاڕی قەزای رانیە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و "كوژرا". هاوكات باس لە "كوشتن"ی دوو لە پاسەوانەكانیشی دەكرێت.

lahurrr
عەمید موراد كانی كوردەیی لای راستی وێنەكە، لەگەڵ لاهەر شێخ جەنگی

ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرچاوەیەکی ئەمنی كە زانیارییەكانی لەلایەن میدیاكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانەوە بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت "لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی داواکراو موراد کانی کوردەییدا لە دوای ئەوەی ویستراوە یاسا جێبەجێبکرێت، روبەڕوی ھێزە ئەمنییەکان بۆتەوە و کارمەندێکی ھێزەئەمنییەکان شەھید دەکەن و کارمەندێکی تریش برینداردەکرێت. لەئەنجامدا ھێزە ئەمنییەکان وەڵامیان داوەتەوە و موراد کانی کوردەیی دەکوژرێت".

بەڵام سۆسیال میدیای نزیك لە لاهور شێخ جەنگی رەتیكدەكەوە هیچ كەسێك لەو هێزە ئەمنییانە كوژرابێت كە دەستڕێژی گولـلەیان لە موراد كانی كوردەیی كردووە.

ساتی تەقەكردن لە عەمید موراد کانی کوردەیی لەناو شاری رانیە

دوای روداوەكە هێزی ئەمنی لەناو قەزای رانیە و چەند شوێنێكی ناوەندی شاری سلێمانی و قەزا و ناحییەكانی تری ئەو پارێزگایە بڵاوەی پێكراوە و كەسوكاری موراد كانی كوردەییش بە چەكەوە لەبەردەم نەخۆشخانەی رانیە وەستاون.

ئەو پێشهاتە هاوكاتە لەگەڵ ناكۆكییە بەردەوامەكانی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتیی (بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی)، كە لە 8ی تەمموز سەریهەڵداوە.

هەروەها هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی، كە بە ناڕەزایی خوێندكارانی زانكۆ دژی پێنەدانی دەرماڵەكانیان دەستیپێكرد و دواتر سەریكێشا بۆ بارگرژیی و دەستگیركردنی هەڕەمەكی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT