گەشتەکەی حەجی بۆ بیلاڕوسیا؛ لە ئاوارەییەوە بۆ ئاوارەیی

بيلاڕوسيا/ تشرينى دوەمی 2021/ حەجی دەروێش (یەكەم كەس لەدەستە چەپەوە) لەگەڵ خێزانەكەی لە جەنگەڵی سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا وێنە: حەجی بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

عەمار عەزیز – دهۆك

حەجی دەروێش و خێزانەكەی؛ خێوەتەكەی ناو كەمپ بە چ جۆرێك بەجێدەهێڵن بەهەمانشێوە بۆی دەگەڕێنەوە، ئەوەش دوای دوو مانگ لە سەرما و برسێتی جەنگەڵەكانی بیلاڕوسیا و نەهامەتییەكانی دیكەی رێگای قاچاخ.

22ـی ئەیلولی 2021، حەجی لەگەڵ دایكی، هاوسەرەكەیی و شەش منداڵەكەیدا (سێ كچ و سێ كوڕ) جانتای یەكجاری بە ئومێدی گەیشتنە بەهەشتی ئەوروپا دەپێچننەوە و لە كەمپی ئاوارەكانی شاریا-ـی پارێزگای دهۆكەوە بەرەو توركیا بەڕێدەكەون.

"چوار خێزانی ئێزیدی بوین، ئێمە و خێزانێكی تر لە كەمپی شاریا، خێزانێكی شنگال و خێزانێكی دیكەی كەمپی كەبەرتوو، نزیكەی 30 كەس بوین، لەتاو ئاوارەیی و نەهامەتییەكانی ژیان و وێرانكارییەكانی شنگال چوینە ئيستانبوڵ" حەجی دەروێش كالۆ (53 ساڵ) وای وت.

حەجی و كەسوكاری لە كاتی هێرشەكانی ئابی 2014ـی داعشەوە بۆ شنگال ئاوارەبون و لەوكاتەوە لە خێوەتێكی كەمپی شاریا نیشتەجێن.

kochbar (5)
بيلاڕوسيا/ تشرينى دوەمی 2021/ هاوسەر و منداڵەكانی حەجی دەروێش لە جەنگەڵی بیلاڕوسیا وێنە: حەجی بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

گەشتی ئەو چوار خێزانە ئێزیدییە 29 رۆژ لە ئیستانبوڵی توركیا دریژە دەكێشێت، دوای وەرگرتنی ڤیزای بیلاڕوسیا، درەنگانی 20ـی تشرینی یەكەم سواری فڕۆكە دەبن و بۆ رۆژی دواتر دەگەنە شاری مینسك-ـی پایتەختی ئەو وڵاتە.

"چەند رۆژێك لەو شارە ماینەوە، دواتر خێزانەكەی ئێمە بڕیارماندا بەرەو سنوری بیلاڕوسیا بڕۆین، دوو ئۆتۆمبێلی تاكسیم بەكرێ گرت، بۆ هەر نەفەرێك 300 دۆلارمان دا، تا گەیشتینە گوندێكی نزیكی سنوری پۆڵەندا، لەوێوە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەپێ رۆیشتین تا سەر سنور".

بیلاڕوسیا روبەرێكی بەرفراوانی دارستانی لەگەڵ پۆڵەندا هەیە و كۆچبەرانی رێگای قاچاخ بەپێ بەناو ئەو دارستانەدا دەگەنە سنور، سەرباری تینوێتی و برسێتی و سەختی رێگاكە بۆ كەسانی بە تەمەنی هاوشێوەی دایكی حەجی و منداڵ.

منداڵە بچوكەكەی حەجی تەمەنی 12 ساڵە و هێشتا بارودۆخی باشترە بەراورد بە سەدان منداڵی ساوا و بچوكتری جەنگەڵەكانی بیلاڕوسیا.

تكام لێكردن لەبەر خاتری منداڵەكان و دایكم كە تەمەن 80 ساڵە رێگەبدەن بپەڕینەوە بۆ ئەڵمانیا

حەجی دەڵێت سەرباری ماندوبونی زۆری رێگا، لە 2ـی تشرینی دووەم هەوڵیانداوە سنوری تەلبەندكراوی بیلاڕوسیا ببڕن بەڵام لەلایەن پۆلیسی پاسەوانی پۆڵەنداوە دەستگیردەكرێن.

"زۆر لە پۆلیسەكان پاڕاینەوە، تكام لێكردن لەبەر خاتری منداڵەكان و دایكم كە تەمەن 80 ساڵە رێگەبدەن بپەڕینەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام سودی نەبوو، بە مامەڵەیەكی زۆر ناشرین و خراپ، بە ئیهانە و هەزار قسەی ناخۆش ئێمەیان بە ئۆتۆمبێل گواستەوە و فڕێدراینە ناوچەیەكی قەدەغەكراوی ناو سنوری بیلاڕوسیاوە".

بیلاڕوسیا لە خۆرئاواوە سنوری لەگەڵ پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتیڤیا هەیە؛ هەریەك لەو وڵاتانە هەزاران پۆلیسیان لە سنورەكانیاندا بڵاوكردۆتەوە و رێگەنادەن هیچ كۆچبەرێك سنور ببەزێنێت.

خێزانەكەی حەجی دەكەونە سنوری نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا؛ لەوێ گیردەخۆن، نە بیلاڕوسیا رێگەی گەڕانەوەیان پێدەدات بۆ مینسك نە پۆڵەندا رێگەدەدات خاكی وڵاتەكەی بەرەو ئەڵمانیا بەكاربهێنن.

kochbar (10)
بيلاڕوسيا/ تشرينى دوەمی 2021/ خێزانەكەی حەجی دەروێش لە كیسەخەودا لە جەنگەڵی بیلاڕوسیا خەوتون وێنە: حەجی بۆ (كەركوك ناو)ـی ناردووە

"حەوت رۆژ لەو شوێنەدا بوین، بەشی ئەو هەموو رۆژە خواردن و ئاوی خواردنەوەمان پێ نەبوو، منداڵەكان دەچونە لای پۆلیسی بیلاڕوسیا و ئەوانیش هەندێكجار سێو یان پسكیتیان پێدەدان، ئەو هەفتەیە هیچ خواردنێكمان نەخوارد، لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بوین، سەرباری سەرمایەكی توند".

پلەی گەرما لە جەنگەڵەكانی سەرسنوری بیلاڕوسیا زۆربەی كات سفرە و لە شەوانیشدا لەژێر پلەی سیلیزییەوەیە.

هەر لە جەنگەڵەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتیڤیا هەزاران كۆچبەری دیكە كە زۆرینە عیراقین چەندین هەفتەیە گیریانخواردووە.

"داوامان لە پۆلیسی بیلاڕوسیا كرد بمانگوازنەوە بۆ شاری مینسك، بەڵام تا پارەمان پێنەدان قایل نەبون، هەر نەفەرێك بە 100 دۆلار ئینجا رێگەیان دا".

دوای گەڕانەوە بۆ شاری مینسك و پشوی ماندوبونی جەنگەڵ؛ حەجی و خێزانەكەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ عیراق دەدەن.

هاوڕێیەكانم وتیان تۆ شێت بویت، دوای ئەو هەموو ماندوبون و خەرجییە بۆ كوێ دەگەڕێیتەوە

"هاوڕێیەكانم وتیان تۆ شێت بویت، دوای ئەو هەموو ماندوبون و خەرجییە بۆ كوێ دەگەڕێیتەوە، بەڵام وتم ئەگەر تكتی فڕۆكە یەك دەفتەر دۆلار (10 هەزار دۆلار)ـیش بێت هەر دەڕۆمەوە".

حكومەتی فیدراڵی عیراق بە هەماهەنگی لەگەڵ بیلاڕوسیا بڕیاریداوە بە تەرخانكردنی فڕۆكە بەبێبەرانبەر و كارئاسانی بۆ ئەو كۆچبەرە عیراقییانەی خوازیاری گەڕانەوەن.

"لە باڵیۆزخانەی عیراق لە بیلاڕوسیا ناوی خێزانەكەم بۆ گەڕانەوە تۆماركرد و لە 18ـی تشرینی دوەمی 2021دا گەیشتینەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر" حەجی وای وت.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، لەو گەشتەی 18ـی تشرینی دوەمدا 430 كۆچبەر لە بیلاڕوسیاوە گەڕێنراونەتەوە، تائێستا چەندین گەیشتی دیكە رێكخراوە و ژمارەی گەڕێنراوەكان گەیشتۆتە زیاتر لە هەزار و 38 كەس.

kochbar
بیلاڕوسیا/ 18ـی تشرینی دوەمی 2021/ كۆچبەرانی عیراقی لەنێویاندا خێزانەكەی حەجی دەروێش بەفڕۆكەی عیراقی و بێبەرانبەر گەڕانەوە بۆ هەولێر فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق

حەجی دەروێش دەڵێت گەشتەكەی ئەوان لەبەر بێكاری و برسێتی نەبووە، چونكە فەرمانبەری خانەنشینە لەسەر میلاكی حكومەتی عیراق و لە نزیكی كەمپیش دوكانی رۆنگۆڕی هەیە، بارودۆخی دارایی باشە، "هۆكارەكە بێزاری لە ژیانی كەمپ و دابینكردنی ئایندەیەكی گەش بوو بۆ منداڵەكانمان، چونكە ئاژەڵیش ناتوانێت حەوت ساڵ لەژێر خێوەتدا بژی، ویستمان لە دۆزەخی كەمپ رزگارمان بێت بەڵام كەوتینە دۆزەخێكی قورسترەوە".

بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم تائێستا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە لە هەرێم نیشتەجێن كە سەدا 30ـیان ئێزیدین.

لەو گەشتەدا خێزانەكەی حەجی زیاتر لە سێ دەفتەر و 40 گەڵا دۆلار (زیاتر لە 34 هەزار دۆلار) خەرجییان بووە، "راستە پارە و ئۆتۆمبێل و هەموو شتێكم لەدەستدا، بەڵام پەشمان نیم لە رۆیشتن و گەڕانەوەش، بە چاوی خۆم بینیم مرۆڤایەتی لای ئەوروپییەكانیش نییە، ئەو گەشتە ئەزمونێكی باش بوو".

چیرۆكی گەشتەكەی حەجی دەروێش و خێزانەكەی بە گەڕانەوە بۆ هەمان خێوەتی خۆیان لە كەمپی ئاوارەكانی شاریا كۆتاییهات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT