وەزارەتی تەندروستی عیراق لیژنەیەكی تایبەتمەند لە بەغداوە رەوانەی كەركوك دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە مردنی خوێندكارێكی پۆلی شەشەمی ئامادەیی لە قەزای داقوق، ئەوەش دوای دوو رۆژ لە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا.
مستەفا عەدنان خەڵەف، خوێندكاری پۆلی شەشەمی ئامادەیی داقوق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 27ی تشرینی دووەم لە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك گیانیلەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 25ی تشرینی دووەم ڤاكسینی كۆرۆنای لەناو خوێندنگەكەی وەرگرت.
یەكێك لە كەسوكاری مستەفا، بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ نیشانەیەكی نەخۆشی نەبوو، پێنجشەممە هەروەكو هەموو خوێندكارێكی تر لەناو خوێندنگەكەی ڤاكسینی جۆری فایزەری ئەمریكی وەرگرت و دواتر ئێوارەكەی نەخۆش كەوت".
دوای نەخۆشكەوتنی، كەسوكارەكەی، مستەفا دەگەیەننە نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك و لەوێ هەندێك چارەسەری پێدەدەن، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گیانیلەدەستدا.
لێپرسراوانی تەندروستی كەركوك و نەخۆشخانەی ئازادی، بە بیانوی لێكۆڵینەوە لە روداوەكە ئامادەنەبون جارێ هیچ زانیارییەك بە (كەركوك ناو) بدەن.
هاورێیەكی مستەفا كە لە خوێندنگە لەگەڵیدا بووە، وتی "هەمومان ڤاكسینمان وەگرت، هەستمنەكرد مستەفا كێشەی هەبێت، یان نەخۆش بێت، من ڤاكسینەكەم وەرگرتووە و هیچ كێشەم نییە، هەروەها هاوڕێیەكانیشم بێ كێشە بون".
من ڤاكسینەكەم وەرگرتووە و هیچ كێشەم نییە، هەروەها هاوڕێیەكانیشم بێ كێشە بون
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو خوێندكارە، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك لە راگەیەنراوێكیدا بڵاویكردەوە كە وەزارەتی تەندروستی عیراق لیژنەیەك رەوانەی كەركوك دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو خوێندكارە.
بە بڕیاری ئیدارەی كەركوك و لەسەر راسپاردەكانی حكومەتی عیراق و وەزارەتی تەندروستی، هەفتەیەكە هەڵمەتی پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا بە مامۆستایان و خوێندكاران و كارمەندانی پەروەردە دەستیپێكردووە و هەر خوێندكارێك تەمەنی لە سەروی 12 ساڵانەوە بێت ناچاردەكرێت ڤاكسینەكە وەربگرێت، ئەگەرنا دەبێت هەموو هەفتەیەك پشكنینی كۆرۆنا لەگەڵ خۆی ببات.
هەڵمەتەكە بە فراوانی لە ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگە حكومییەكان دەستیپێكردووە و ئەمە یەكەم حاڵەتی مردنە كە دوای وەرگرتنی ڤاكسین لەو پارێزگایە و لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا روبدات.
هێشتا لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان ئاشكرانەكردووە ئایا مستەفا بە كاریگەری ڤاكسینەكە مردووە، یان نەخۆشی تری هەبووە.