داعش چۆن دەزیكردە ناو قەڵایەكی پێشمەرگەوە؟
زانیاریی لەسەر هێرشەكە هەبووە... وردەكاری روداوەكەی ناحیەی كۆكس (كوڵەجۆ)

كفری/ 28ی تشرینی دووەمی 2021/ هەمەرێكی سەربازی كە حەوت پێشمەرگەی تیابووە بە بۆمبی چێنراو تەقێنرایەوە و بەهۆیەوە پێنجیان بە سوتان گیانیانلەدەستدا. وێنەكە لە سۆسیال میدیاوە وەرگیراوە

لەیلا ئەحمەد

كاتژمێر 10:50 خولەكی شەوی رابردوو، ژمارەیەك چەكداری داعش، دزە دەكەنە ناو قەڵایەكی پێشمەرگە لە ناوچەی تەپی تەڵان سەر بە ناحیەی كۆكس (كوڵەجۆ) لە قەزای كفری، لەگەڵ دەزكردنیان بۆ ناو قەڵاكە، تەقە دەكەن و دوو پێشمەرگە بریندار دەكەن.

لەوكاتەدا هێزێكی لیوای 5ی پیادەی پێشمەرگە بە چەند هەمەرێكی سەربازییەوە بەرەو تەپی تەڵان بەڕێدەكەون، لەگەڵ گەیشتنیان بەرەو ناو قەڵاكە، بە چەكی قەناس تەقەیان لێدەكرێت و لە روبەڕبەڕوبونەوەدا چوار كەسی تر بریندار بدەن.

كۆی گشتی بریندارەكان لەو شەڕەدا دەبنە شەش كەس و بە هەمەری سەربازی هەوڵدەدرێت بۆ نەخۆشخانە بگوازرێنەوە، بەڵام بەر لە گەیشتنەوەیان بۆ ناو ناحیەی كۆكس (كوڵەجۆ)، بۆمبێكی چێنراو بە هەمەرەكەدا دەتەقێتەوە و گڕدەگرێت، بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە بە سوتان گیانلەدەستدەدەن و چواری تر برینداردەبن، ئەوەش بە وتەی مقەدەم مەریوان ئازاد، لە فەوجی 2ی لیوای پێنجی پیادەی هێزەكانی پێشمەرگە.

مقەدەم مەریوان بە (كەركوك ناو)ی وت "لەناو ئەو هەمەرەدا حەوت پێشمەرگەی تیابووە و پێنجیان بە سوتان گیانیانلەدەستدا و دوانی تریش بەشێكی جەستەیان سوتا".

لەناو ئەو هەمەرەدا حەوت پێشمەرگەی تیابووە و پێنجیان بە سوتان گیانیانلەدەستدا و دوانی تریش بەشێكی جەستەیان سوتا

بەپێی زانیارییەكان، لەناو ئەو هەمەرەدا پێشمەرگە برینداركانی ناو قەڵاكە هەبون. بەگشتی پێنج پێشمەرگە لەو شەڕەدا بە سوتان گیانیانلەدەستدا و چواری تریش بە سوتان و گولـلە برینداربون.

ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو قەڵایەی داعش دەزیكردە ناوی، یەكێكە لە قەڵا مێژوییە كۆنەكان و زۆر پتەوە، كە دەكەوێتە نێوان هەردوو ناحیەی كۆكس و جەلەولا".

جەختیشیكردەوە لەوەی "چەند رۆژێكە زانیاریمان هەیە لەوەی داعش لەو ناوچەیە هێرشدەكاتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، دیاربوو هێرشەكە شەوی رابردوو ئەنجامدرا".

pesh-1
وێنەی ئەو پێنج پێشمەرگەیەی لەناو هەمەرەكەدا بە سوتان گیانیلەدەستدا

ناوچەی تەپی تەڵان دەكەوێتە نێوان سەنگەرەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق و لەڕوی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدایە و 10كم لە نێوانیاندایە.

هاوكات مەحمود سەنگاوی، لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێری هێزەكانی پێشمەرگە، لەبارەی روداوەكەوە بە تۆڕی میدیایی روداوی وتووە "شەهیدبونی ئەو پێشمەرگانە زیانێکی گەورەبوو، بەڵام سوپاس بۆ خوا تەندروستی بریندارەکان جێگیرە، ئەوانەشی شەهیدبون، هەمویان لەنێو ئەو هامەرەدابون کە بۆ پاڵپشیکردنی سەنگەری پێشەوە چوبون".

وتیشی "هۆکاری هێرشەکە کەمتەرخەمیی ئێمەیە. مانگێکە ئاگادارمان کردونەتەوە، کە هێرش دەکرێتە سەریان... پێشتر فەرماندەی لیوای پێشمەرگە لە سنورەکە فەرمانی دەرکردبوو کە هیچ ئۆتۆمبێلێک دەرنەچێت، بەڵام ئەو پێشمەرگانە لەبەر پەرۆشییان بۆ هاوسەنگەرەکانیان فەرمانیان شکاند و توشی ئەو کارەساتە بون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT