محەمەد زەینلعابدین (17ساڵ) و خوێندكاری سێیەمی ناوەندی لە ناحیەی باشیك، كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەوەش بەپێی وتەی كەسوكاری دوای ئەوە هاتووە كە وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیاریدا "ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی خولی سێیەم هەڵبوەشێنێتەوە".
ئەو خوێندكارە لە ناوەندی بازوایای كوڕان دەیخوێند، كاتژمێر دووی دواینیوەڕۆی شەممە 27ی تشرینی دووەم، لە ماڵەكەی خۆی لە باشیك خۆی خنكاند.
فەلاح خەتاب، دانیشتوی گوندی بازوایا و یەكێك لە كەسوكاری محەمەد زەینلعابدین، بە (كەركوك ناو)ی وت "کاتێک بڕیاری ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی خولی سێیەم لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەرچوو، محەمەد زۆر دڵخۆش بوو، شەو و رۆژ دەیخوێند بۆ ئەوەی قۆناغی سێیەم ببڕێت، بەڵام بەداخەوە وەزارەتی پەروەردەی عیراق بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش زۆر محەمەدی نیگەران كردبوو".
وتیشی "محەمەد بڕیاربوو دوێنێ تاقیكردنەوە بكات، بەڵام كە زانی بڕیارەكە هەڵوەشاوەتەوە لەناو ماڵی خۆیان خۆی خنكاند".
محەمەد بڕیاربوو دوێنێ تاقیكردنەوە بكات، بەڵام كە زانی بڕیارەكە هەڵوەشاوەتەوە لەناو ماڵی خۆیان خۆی خنكاند
بەپێی خشتەیەكی تاقیكردنەوەكانی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، دەبوو دوێنێ شەممە 27ی تشرینی دووەم، یەكەم تاقیكردنەوەی خولی سێیەم لە سەرتاسەری عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارێكی وەزارەت كە لە 4ی تشرینی دووەم دەریكرد.
بەپێی بڕیارەكە تاقیكردنەوەكان ئەو خوێندكارانە دەگرێتەوە لە وانەیەك یان دووان دەرنەچون.
بەڵام شەممە 27ی تشرینی دووەم، تاقیكردنەوەكان ئەنجام نەدران و بەپێی كەناڵی عیراقییەی نیمچە فەرمی، "وەزارەت ئامادەبووە بۆ تاقیكردنەوەكان، بەڵام ئەنجومەنی وەزیران رەتیكردۆتەوە".
كەناڵی عیراقییە دەڵێت "وەزارەت تاقیكردنەوەكانی بۆ هەفتەیەك دواخستووە تا بزانن گۆڕانكاریی لە بڕیارەكاندا دەكرێت یاخود نا".
ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی تشرینی دووەم، لە چەند پارێزگایەكی عیراق خوێندكاران دژی ئەنجامنەدانی تاقیكردنەوەكان خۆپیشاندانیان كرد.
محەمەد زەینلعابدین (17ساڵ)، لە دوای خۆخنكاندنی نامەیەكی بۆ دایك و باوك و خوشك و براكانی بەجێهێشتووە و تیایدا دەڵێت "فرمێسکم بۆ مەڕێژن، هیچ کەسێک بۆم غەمبار نەبێت، ئەو بڕە پارەیەی کە چەند ساڵێکە کۆمکردۆتەوە بیکەن بە خێر و بەسەر هەژاراندا دابەشی بكەن".
فەلاح خەتاب، دەقی نامەكەی لەڕێی تەلەفونەوە بۆ (كەركوك ناو)ی خوێندەوە.
فەلاح وتی "محەمەد کەسێکی زۆر لەسەرخۆ و ئارام بوو، نازانین چۆن ئەو بڕیارەیداوە... روداوەكە هەموو دانیشتووانی گوندەكەی توشی شۆك كردووە".