"لانیكەم 15 داعش بە ماتۆڕسكیل هاتن"
چیرۆكی هێرشەكەی كفری لە زاری پێشمەرگەیەكی ناو شەڕەكەوە

كه‌ركوك، 2020، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: كاروان ساڵحی

لەیلا ئەحمەد

رائید نەوزاد خالید، ئامر سریە لە فەوجى یەکی لیواى نۆی هێزەكانی پێشمەرگە داوا دەكات پێداویستی زیاتر بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگ دابینبكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن مەترسییەكانی هێرشی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانیان كەمبكەنەوە، لەوانەش دوربینی شەو و كامێرای حەراری زیاتر.

رائید نەوزاد، كە خۆی یەكێك بووە لە شەڕكەرەكان لە دژی هێرشەكەی شەوی رابردوی داعش لە نزیك قەزای كفری، دەڵێت لانیكەم 15 چەكداری داعش بینراون كە بەشداربون لەو شەڕە و چەكی جۆری كڵاشینكۆف و حەرارییان پێبووە.

شەڕەكە بەوتەی ئەو، سەرەتا كاتژمێری 9:30ی شەوی رابردوو 29ی تشرینی دووەم رویدا، كاتێك چەكدارێكی داعش لە كامێرای حەرارییەوە بینراوە و ئەمان تەقەیان لێكردووە. بەڵام دوای نیو كاتژمێر هێرشدەكەنە سەنگەرێكی پشتی سەنگەرەكەی رائید نەوزاد، كە 1000 مەتر لێیانەوە دوربووە.

ئەو شەڕە لە نزیك بەنداوی باوەشاسوار لە قەزای كفری رویدا.

"لەپشتی ئێمەوە شەڕ دەستیپێكرد، زوو فریا كەوتین و تەقەمان لێكردن، لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەكمان شەهید بوو، سیانی تری برینداربون، شەهیدەكە لە سرییەكەی من بوو"، نەوزاد وایوت.

ئەو پێشمەرگەیە خەڵكی قەزای دوبزە لە پارێزگای كەركوك، خێزاندارە و منداڵێكی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.

بەڵام نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، یەكێكی تر لە بریندارەكان لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیانیلەدەستدا، كە خەڵكی قەزای دوزخورماتووە.

لەو شەڕەدا داعشەكان بە ماتۆڕسكێل نزیكبونەتەوە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، نەوزاد دەڵێت لانیكەم 15 چەكداری داعشیان لە كامێرای حەرارییەوە بینیوە.

peshmargaa-2
كفری/ 29ی تشرینی دووەمی 2021/ یەكێك لە پێشمەرگە بریندارەكان لەكاتی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی كفری

"زانیاریمان هەیە كە چەكدارێكی داعش لەو شەڕەدا كوژراوە، بەناوی مەنسوب"، نەوزاد وتی "دوای هێرشەكە چەكدارانی داعش هەڵاتن".

ئەوە سێیەم هێرشە لەم هەفتەیەدا كە دەكرێتە سەر هێزەكانی پێشمەرگە لە قەزای كفری، دوای ئەوەی درەنگانێكی شەوی شەممەی رابردوو بە هەمان شێوە پەلاماری سەنگەرەكانی پێشمەرگەیاندا لە نزیك ناحیەی كۆكس سەر بەو قەزایە.

ئەو شەوە لەپاڵ هێرشەكەی داعش، لەڕێی بۆمبێكی چێنراوەوە هەمەرێكی هێزەكانی پێشمەرگەیان كردە ئامانج و بەهۆیەوە شەش پێشمەرگە بە سوتان گیانیانلەدەستدا و سیانی تریش برینداربون. لە رۆژی دواتریش پێشمەرگە هێرشێكی داعشی لەهەمان قەزا بەبێ زیان تێكشكاند، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم.

رائید نەوزاد، ئامر سریە لە فەوجى یەکی لیواى نۆی هێزەكانی پێشمەرگە داوا دەكات وەزارەتی پێشمەرگە پێداویستی زیاتر بۆ سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە رەوانە بكات، لە نێویاندا "كامێرای حەراریی و دوربینی شەو".

"ئەگەر هەر خاڵێكی سەربازیی یەك دوربینی لێبێت، دەتوانین زیاتر كۆنترۆڵی جموجۆڵەكانی داعش بكەین"، نەوزاد وتی "چونكە ناوچەكە چۆڵە و سنورەكەشمان فراوان و بەرزیی و نزمی زۆری لێیە، گونجاوە بۆ خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش".

ئەگەر هەر خاڵێكی سەربازیی یەك دوربینی لێبێت، دەتوانین زیاتر كۆنترۆڵی جموجۆڵەكانی داعش بكەین

هێرشەكە دوای یەك رۆژ هات لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ پشكنین و دۆزینەوەی بنكە و شوێنی مانەوەی چەكدارانی داعش. كە مەحمود سەنگاوی، لێپرسراوی میحوەری گەرمەسێر سەرپەرشتی راستەوخۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەكرد.

سەنگاوی یەكشەممەی رابردوو دوای یەكەم هێرشی داعش بۆ كفری، وتی "هۆکاری هێرشەکە کەمتەرخەمیی ئێمەیە. مانگێکە ئاگادارمان کردونەتەوە، کە هێرش دەکرێتە سەریان... پێشتر فەرماندەی لیوای پێشمەرگە لە سنورەکە فەرمانی دەرکردبوو کە هیچ ئۆتۆمبێلێک دەرنەچێت، بەڵام ئەو پێشمەرگانە لەبەر پەرۆشییان بۆ هاوسەنگەرەکانیان فەرمانیان شکاند و توشی ئەو کارەساتە بون".

وەزارەتی پێشمەرگە شەوی رابردوو بڵاویكردەوە، كە هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانە هێرشەكانی داعش تێكبشكێنن و راویان بنێن".

هێرشی بەردەوامی داعش لەكاتێكدایە، حكومەتی عیراق لە كۆتایی ساڵی 2017، كۆتاییهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) راگەیاندووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT