دەیان فەرمانبەری تەندروستی نەینەوا گردبونەوە و داوای موچەیەكی ساڵی 2017یان لە حكومەت كرد، كە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش-دا پێیاننەدراوە.
لە ساڵی 2017دا حكومەتی عیراق لەڕێی كۆمپانیایەكەوە موچەی فەرمانبەرانی نەینەوای دابەشدەكرد كە ئاوارەی كەمپە جیاوازەكان بون، بەڵام خاوەنی كۆمپانیاكە موچەی دوو مانگی فەرمانبەرانی تەندروستی و پەروەردەی برد و عیراقی بەجێهێشت.
هەرچەندە حكومەتی عیراق، دواتر موچەی مانگێكی ئەو فەرمانبەرانەی دابەشكرد، بەڵام هێشتا موچەی مانگەكەی تری دابەشنەكردووە، كە كۆی پارەكە نزیكەی شەش ملیار دینارە. بەو هۆیەوە بەشێك لە فەرمانبەرانی تەندروستی لە موسڵ سێشەممە 30ی تشرینی دووەم، گردبونەوەی ناڕەزاییان سازكرد.
موراد عەبدى، لێپرسراوی بنکەىەكی تەندروستییە لە نەینەوا، وتی "ساڵى 2017 ئەو کۆمپانیایەی مانگانە موچەكانی بۆ دەهێنایان، موچەى دوو مانگى تەواوى ئاوارەکانى سنورى پارێزگاى نەینەواى برد و چووە دەرەوەی عیراق".
"دەیانجار داوامان لە لێپرسراوانی نەینەوا كردووە موچەی ئەو دوو مانگەمان پێبدەن، ساڵانی رابردوو حكومەتی عیراق موچەیەكی پێداین، بەڵام هێشتا موچەكەی تری بۆ خەرجنەكردوین"، موراد عەبدی جەختیكردەوە "ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بەو کۆمپانیایەوە نییە، پێویستە حکومەتى عیراق و وەزارەتى تەندروستى ئیجرائاتی خۆیان بكەن بەرامبەر بە كۆمپانیاكە و مافەكانی ئێمەش بدەنەوە".
پێویستە حکومەتى عیراق و وەزارەتى تەندروستى ئیجرائاتی خۆیان بكەن بەرامبەر بە كۆمپانیاكە و مافەكانی ئێمەش بدەنەوە
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، موچەكە هی فەرمانبەرانی هەردوو كەرتی تەندروستی و پەروەردەیە و بڕەكەی نزیكەی شەش ملیار دینارە.
عەلى عومەر گەعبۆ، جێگرى پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى ئاوارەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئەم کێشەیە هیچ پەیوەندى بە ئیدارەی پارێزگاى نەنیەواوە نییە، چونکە هەردوو بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستیی و پەروەردە راستەوخۆ گرێدراون بە وەزارەتەکانى خۆیانەوە، بۆیە پێویستە ئەوان بێنە سەرخەت و چارەسەرى ئەم کێشەیە بکەن".
هەروەها هیچ زانیارییەكی لەسەر كۆمپانیاكە باسنەكرد لەبارەی ئەوەی ئیجرائات بەرامبەر خاوەنەكەی كراوە یان نا.
حكومەتی عیراق لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش (2014 - 2017) بڕیاریدا موچەی تەواوی فەرمانبەرانی نەینەوا دابەشبكات، كە بەشی هەرە زۆریان بەهۆی شەڕەوە ئاوارەی كەمپ و شار و شارۆچكەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیراق بون.