وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، راگەیەنراوێكی نوێی لەبارەی روداوەكانی شەوی رابردوی سنوری قەزای مەخور بڵاوكردەوە و ئاشكرای دەكات لە كۆی هێرشەكان 10 كەس شەهید بون، لە نێویاندا حەوتیان پێشمەرگەن و سیانیان مەدەنین.
كاتژمێر 10ی شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكداری داعش، هەڵیانكوتایە سەر گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ و دەستڕێژی گولـلەیان لە گوندنشینان كرد و بەهۆیەوە سێ برا هەر لەوێ بەدەستڕێژی گولـلە كوژران و ژمارەیەكی تریش برینداربون.
دوابەدوای روداوەكە، هێزەکانی پێشمەرگە "بەهانای خەڵکی گوندەکەوە چون و توانیان لە ماوەیەکی کەمدا، بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و تیرۆریستان راو بنێن"، بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی پێشمەرگە.
هەروەها هاتووە "دواتر هێزی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی بۆ ناوچەکە ئەنجامدا، لەوکاتەدا، یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بون".
یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی پێشمەرگە کەوتە بۆسەی تیرۆریستانی داعشەوە، بەداخەوە حەوت پێشمەرگە شەهید بون
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوەكەیدا كە بەیانی ئەمڕۆ هەینی سێی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، تیایدا هاتووە "خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن".
هەروەها رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، "پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و بەبێ چاوەڕوانیکردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستپێبکەین و نابێت چیتر رێگە بدەین، تیرۆریستان مۆڵگەو شوێنی حەوانەوەکانیان وەک خۆی بمێنن و ناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت".