لە گوندی خدر جیجە چی رویدا؟
چیرۆكـی شەوێكی خەمناك

وێنەی ژمارەیەك لە قوربانییەكان و ئەو ئۆتۆمبێلەی هێزەكانی پێشمەرگە كە شەوی 2ی كانونی یەكەم، لە سنوری مەخمور كەوتە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە.

كەركوك ناو

كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، لەسەربانی خانووەكەیاندا لە گوندی خدر جیجەی بناری چیای قەرەچوغ سەنگەریان گرت، كاتێك هەواڵی هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش گەیشتە گوندەكەیان. كوڕە گەورەكان دەستیان بە وەڵامدانەوەی تەقەی چەكدارانی داعش كرد و بەرزانی 11 ساڵیش فیشەكی بۆ دەبردن.

نزیك كاتژمێر 10ی شەوی پێنجشەممە 2ی كانونی یەكەم، چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندی خدر جیجەی سەر بە قەزای مەخمور، خەڵكی گوندەكە و ئەو پێشمەرگانەشی كە لە خاڵێكی سەربازیدا لەناو گوندەكە جێگیركرابون پێكەوە وەڵامی هێرشەكانی داعشیان دایەوە.

یەكێك لە كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەركە دەست بە تەقەكردن كرا، چەكمان هەڵگرت و چوینە سەر بانی ماڵەكە و سەنگەرمان لێگرتن، بە هەموو جۆرە چەكێك تەقەمان لێدەكرا، كڵایشنكۆف، قەناس تەنانەت ئاڕپی چی-یش، تا توانامان هەبوو بەرگریمان كرد، دوو برام لە تەنیشت خۆمەوە كەوتن، بە چەكی قەناس پێكران، فیشەكم پێنەما... هاوارمكرد بەرزان فیشەك بێنە".

بەرزان (11 ساڵ)، بەدەم هاواری براكەیەوە دەچێت و فیشەكەكان لە ژورەوە هەڵدەگرێت و بەرەو سەربان رادەكات.

"گەیشتە سەر پەیژەكە و بەرلەوەی بگاتە سەربان كەوت"، بەرزان پارچەیەك فیشەكی ئاڕ پی چی بەركەتوو بەهۆیەوە گیانلەدەستدا.

ئەوە سێیەم كوڕی ئیسماعیل خەلیل بوو كە لەو روداوەدا گیانلەدەستبدات.

barzan.maxmur
بەرزان ئیسماعیل خەلیل (11ساڵ) لە هێرشەكەی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە لە سنوری مەخور گیانیلەدەستدا

لەگەڵ سەنگەرگرتنی كوڕەكانی ئیسماعیل خەلیل، پێشمەرگەكانی ناو گوندەكەش - لەناو مزگەوتی  گوندەكە جێگیربون - لەو شەڕەدا پێشمەرگەیەكیان بەچەكی قەناس پێكراو دەستبەجێ گیانیلەدەستدا. هەروەها سیانی تریش برینداربون.

سەرچاوەیەک لە هێزەكانی پێشمەرگە لە سنوری چیای قەرەچوغ، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەکاتی گواستنەوەی سێ بریندارەکە بۆ نەخۆشخانە، لە رێگا ئۆتۆمبێلەكە توشی روداوی هاتوچۆ دەبێت و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك گیانلەدەستدەدات... بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی-ش یەكێكی تر لە بریندارەكانی ئەو شەڕە كۆچیی دوایكرد".

بەوەش كۆی قوربانییەكانی گوندی خدر جیجە دەبێتە شەش كەس.

دوای روداوەكە، هێزەكانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە بناری چیای قەرەچوغ ئەنجامدەدەن، بە ئامانجی راوەدونانی چەكدارانی داعش.

عەقید نەجات خولە، فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پێشمەرگە لەكاتی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا دەكەوێتە بۆسەی چەكدارانی داعش و بە داخەوە حەوت كەس شەهید دەبن".

كۆی ژمارەی كوژراوەكانی شەوی رابردوی مەخمور، دەبێتە 13 كەس، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە دواین راگەیەنراویدا تەنیا ئاماژەی بە كوژرانی حەوت پێشمەرگە و سێ مەدەنی كردووە.

عەقید نەجات خولە جەختیكردەوە "ئەو مەفرەزەیەی پێشمەرگە كە كەوتنە بۆسەی چەكدارانی داعشەوە، ویستبویان رێگریی بكەن لە دەربازبونی ئەو چەكدارانەی داعش كە هێرشیان كردبووە سەر گوندی خدر جیجە".

"خۆم لە نزیك شوێنی روداوەکە بوم لە گوندی نازی کاند، بۆسەکە لەڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە بوو".

زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور و باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوچەیەكی تاڕادەیەك سەخت و زنجیرە چیای بەرزی لێیە و گونجاوە بۆ خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش. هەروەها سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە. بەڵام شوێنی شەڕەكەی شەوی رابردوو لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە.

dzhatiror.jpeg
مەخمور/ ئازاری 2020/ ئۆپەراسیۆنی چیای قەرەچوغ، فۆتۆ: دژە تیرۆری عیراق

لە دوای راگەیاندنی كۆتاییهێنانی دەسەڵاتی داعش، لەلایەن حكومەتی عیراقەوە لە كۆتایی 2017، بەردەوام چەكدارانی داعش لەو زنجیرە چیایانە چالاكییان هەبووە دژ بە هێزە ئەمنییەكان و هاوڵاتیانی مەدەنی.

بەپێی فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە، لە هێرشەكەی شەوی رابردوو "لانیكەم 40 چەكداری داعش بەشداربون و دابەشبون بەسەر دوو مەفرەزەدا".

قەزای مه‌خمور، كە ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكە و له‌ دوای 2003ه‌وه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ئیداره‌ ده‌درا، به‌ڵام له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌ كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه،‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیی و ئیداری له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی عیراقدایە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەنراوەكەیدا كە بەیانی ئەمڕۆ هەینی سێی كانونی یەكەم بڵاویكردەوە، "خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت و تیرۆریستان و ئەوانەی پاڵپشتیشیان دەکەن، دەبێ باجێکی گەورە بدەن".

هەروەها رایدەگەیەنێت، کە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هاوپەیمانان، "پێویستە لە قۆناغی چەق بەستویی بێتە دەر، زۆر بەخێرایی و  بەبێ چاوەڕوانیکردن دەبێت ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستپێبکەین... نابێت تیرۆرستانناوچەی پارێزراوی خۆیان هەبێت".

دیمەنێك لە هێرشی داعش بۆ سەر گوندی خدر جیجە

ئەو شەڕە دوای دوو كاتژمێر هات، لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ سەر گوندی لیهبان لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان لە باكوری كەركوك كە تاڕادەیەك هاوسنورە لەگەڵ بناری چیای قەرەچوغ.

غازی فەیسەڵ، فەرماندی ھێزە خوبەخشەکانی قەرەچوغ – هێزێكی خۆبەخشە دژی بە چەكدارانی داعش لەو ناوچەیە شەڕدەكەن-، وتی "لە شەڕەكەی گوندی لیهبان، داعش تێكشكێنراوە و زیانی گیانی نەبووە".

هاوڵاتییەكی گوندی خدر جیجە بەیانی ئەمڕۆ هەینی بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ كەسمان لەدەستدا، ژیانی كەسمان پارێزراو نییە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایە و كاری ئەوانە ژیانمان بپارێزن".

هاوكات سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان، داوای كاردانەوەی توند و خێرایان كرد لە دژی چەكدارانی داعش لە عیراق، بۆ ئەوەش جەختیان لە هەماهەنگی زیاتری پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان كردەوە، ئەوەش بە پشتیوانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی.

كاردانەوە و هەنگاوەكانی داهاتوو هەرچییەكبن، ئیسماعیل خەلیل ئەمڕۆ سێ كوڕی بەخاكسپارد، لەكۆی شەش كوڕ، دڵنیاش نییە لەوەی ئایندەی سیانەكەی تری چی دەبێت!

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT