لەبری تیمی تایبەت
بەرگری شارستانی 10 روفات لەناو زێرابێكدا دەردەهێنن

نەینەوا/2ی كانونی یەكەمی 2021/ تیمێكی بەرگری شارستانی لەكاتی دەرهێنانی 10 روفات لەناو زێرابێكی ناحیەی گرعوزێر. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرگری شارستانی نەینەوا

عەمار عەزیز – نەینەوا

تیمەكانی بەرگری شارستانی نەینەوا 10 روفات لە ناو زێرابێكی ناوەندی ناحیەى گرعوزێر لە شنگال دەردەهێنن، ئەوەش چالاكوانانی مەدەنیی و رێكخراوەكاتی تایبەت بە دۆکیۆمێنتکردنى پێشێلكاریی بەرامبەر بە ئێزیدییەكانی نیگەران كردووە و داوا دەكەن دەرهێنانی روفات بە تیمی تایبەت بسپێردرێت.

ئەو تیمەی بەرگری شارستانی، پێنجشەممە دووی كانونی یەكەم، روفاتەكانی لەناو زێرابەكە دەرهێنا.

خودێدا جەمیل حەمۆ، چالاكوانێكی ئێزیدییە، لە ناحیەى گرعوزێر بە (کەرکوک ناو)ى وت "تیمەکانى بەرگرى شارستانى هەڵساون بە دەرهێنانى 10 روفات لەناو زێرابێكی ناحییەكەدا... ئێمە ناڕازیی و نیگەرانین لەو کارەى بەرگرى شارستانى، چونکە بەپێى یاسا و هەموو عورفێكی نێودەوڵەتى، دەبێت تیمی تایبەت لە دەزگاى شەهیدان و گوڕە بە کۆمەڵەکان و پزیشکى دادوەری ئەو كارە بكەن".

وتیشی "دەبوایە بەرگرى شارستانى لایەنە پەیوەندیدارەکانی لەسەر ئەو بابەتە ئاگاداربكردایەتەوە، چونکە ئەو پرسە پێویستى بە شارەزاییەکى زۆر هەیە لە هەمانکاتیشدا وەک رێزێک بۆ ئەو روفاتانە دەبوایە دەزگاى شەهیدان و گوڕە بەکۆمەڵەکان ئەو کارەیان ئەنجامبدایە".

(كەركوك ناو)، نەیتوانی لێدوانی لێپرسراوانی تیمی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و بەرگری شارستانی موسڵ لەسەر ئەو روداوە وەربگرێت.

لە سێ رۆژی رابردودا ئەوە شەشەمین گوڕى بە کۆمەڵە لە سنوری قەزای شنگال دەدۆزرێتەوە و گوماندەكرێت هەموو روفاتەكانیان ئێزیدی بن و لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش لە عیراق (2014 - 2017) كۆمەڵكوژ كرابن. بەگشتی هەر شەش گۆڕەكە مەزندەدەكرێت 25 روفاتیان تیابێت.

rufatakan
نەینەوا/2ی كانونی یەكەم/ 10 روفات لەناو ئەم زێرابەی ناحیەی گرعوزێر-دا دەرهێنراوە. فۆتۆ: راگەیاندنی بەرگری شارستانی نەینەوا

خەیرى عەلى، لێپرسراوی ئوفیسى شنگالى رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "یەكێك لە گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە گوندی عەین فەتح سەر بە ناحیەى قەیرەوان لە سنورى قەزاى شنگال دۆزراوەتەوە، ئێمە وەكو تیمى رێکخراوەکەمان بە مەیدانى سەردانى گوندەکەمان كرد، دواى پشکنین بۆ ئەو شوێنە دەرکەوت کە پێنج گوڕى بە کۆمەڵ لە سنورى گۆندەکەدا هەن".

"هێشتا ناسنامەى قوربانییەکان دیار نین... هەر پێنج گۆڕەکە لەزگەى سورمان داناوە تاوەکو خەڵک بزانن كە ئەوانە گوڕى بە کۆمەڵن و دەستکارى نەکەن".

خەیرى عەلى، وتی "دەزگای شەهیدان و گوڕە بە کۆمەڵەکانى بەغدامان ئاگاداركردۆتەوە تا تیمەكانیان بۆ ئەو گوندە رەوانە بكەن، بەمەبەستى پشکنین و هەڵدانەوەى گوڕەکان".

ئێزیدییەكان لە 3ی ئابی 2014 روبەڕوی كۆمەڵكوژیی و رفاندن و ئاوارەبون بونەوە، كاتێك داعش قەزای شنگالی زێدی مێژویی ئێزیدییەكانی كۆنترۆڵكرد و هێشتا بەشێكی كەمی گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەڵدراونەتەوە و بۆ ناسینەوەیان پشكنینیان بۆ كراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT